Accessibility links

لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیادا دوو بەرپرسی کورد و شۆفێرەکەیان  دەکوژرێن


ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە خۆجێهییەکانەوە بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا هێرشێکی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لەو هێرشەدا یوسرا دەروێش هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی کانتۆنی قامیشلۆ و لیمان شاویش ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و فیرات توما شۆفێرەکەیان کوژراون.

هەروەها لە هێرشەکەدا گابی چامون جێگری دەروێش بریندار بووە.

سەرچاوە ئاسایشییەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشەکە لە شاری تلشاعیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەداوە.

میدیای دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، میتی تورکیا بەرپرسێکی باڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ناوچەی تلڕەفعەت، "لەناوبردووە."

میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە ئەو بەرپرسە ناوی ڕدوان ئولوگانە و بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی سوپای تورکیا کردووە، بەڵام باسی کوشتنی خەڵکی سڤیلی نەکردووە و ناوی تلشاعیری نەهێناوە.

تورکیا دژایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەپەگە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە.

یەپەگە کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

هەڵوێستەکانی تورکیا لەدژی یەپەگە گرژی لە نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دروست کردووە.

XS
SM
MD
LG