Accessibility links

ڕەزا مورادی: پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی خراپ و پڕ دڵڕاوکێ و ترسدا دەژین 


لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ تیشک دەخاتە سەر دۆخی نالەباری دەیان ملیۆن پەنابەر و پەناخواز لە جیهاندا.

لەم ڕۆژەدا بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەنگاوی کۆنکرێتی دەکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخی پەنابەران و ئەو کۆمەڵگەیانەی کە میوانداری پەنابەران دەکەن و هەروەها بانگەشە بۆ چارەسەرەکان دەکەن کە دەرفەتێک بۆ پەنابەران ببەخشێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گونجاو بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.

قەیرانەکانی پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی شەڕ و کارەساتە مرۆییەکانەوە بەردەوام لە زیادبووندایە.

لە هەرێمی کوردستانیش جگە لە پەنابەرانی سوریا نزیکەی 12 هەزار پەنابەری کوردی ئێران هەن، کە زۆرێک لەوان دەڵێن کەمترین مافیان پێداروە. رەزا مورادی وتەبێژی ئەو پەنابەرانە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کەمترین مافیان پێدراوە لە ڕووی ئابوری، دارایی، یاسایی و ئیدارییەوە."

دەشڵێت "پێویستە ئاوڕێکی ڕژد لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بدرێتەوە" و " پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی خراپ و پڕ دڵەڕاوکێ و ترسدا دەژین."

لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا چەندین بۆنە و گردبوونەوە و ئاهەنگیش ئەنجام دەدرێت بۆ گرنگیدان بەم ڕۆژە بەڵام ڕەزا موردای دەڵێت "کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان کەمترین هەوڵی بۆ پەنابەرانی ڕۆژهەڵات نەداوە، ئاهەنگێڕان چ سودێکی دەبێت."

بەپێی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان 108.4 ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆ لە سەرانسەری جیهاندا هەن، ئەم ژمارەیە تا کۆتایی ساڵی 2022 تۆمارکراوە، ئەوان دەڵێن بەهۆی شەڕ، ململانێ، توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان ڕووداوگەلێک کە بە شێوەیەکی رژد کاریگەریان لەسەر تێکدانی ژیانی گشتی هەبووە ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوون.

هاوکات لەو ژمارەیەشدا بە پێی نەتەوە یەگرتووەکان 43.3 ملیۆنی منداڵن کە دەکاتە نزیکەی %40 ڕێژەکە.

بە پێی کاربەدەستانی حکومەتی هەریمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر لە هەرێمەکەدان و بەپێی پێویست خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانیان پێدەگات هەم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەم لەلایەن حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بەڵام هێشتا بارودۆخی پەنابەرانی کوردی رۆژهەڵات لە دۆخێکی خراپدایە و داواکارن زیاتر و بە رژدی ئاوڕ لە گرفت و داواکارییەکاناین بدرێتەوە.

دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ ڕەزا مورادی:

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:31 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG