ئەمڕۆ چوارشەممە 33 لایەنی کوردی سوریا لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامشلۆ گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، لایەنە سیاسییەکان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تورکیا بەرپرسیار بکەن تا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگرێت.
هەوەها دەشڵێن "داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا دەکەین ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست کارابکەن و ڕێگری لە بەردەوامبوونی تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە باکوری سوریا چ بە تۆپ و چ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاد کردووە. لەم دواییانەدا سێ بەرپرسی ئیدارەی خۆسەر لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن تورکیاوە لە نزیک شاری قامشلۆ کوژران. دوو کەس لەو ئامانجانە دوو بەرپرسی ژنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بوون.
پارتە سیاسییە کوردییەکان لە سوریا بە توندی هەڵوێستی خۆیان لە دژی هەڵسوکەوتی تورکیا بەرامبەر بە کوردەکانی سوریا دەربڕی. داواشیان لە ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کرد، کورد لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بپارێزن.
سکرتێری گشتیی پارت چەپی دیموکراتی کوردی سوریا ساڵح گەدۆ بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئێمە شانبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعشدا شەهیدێکی زۆرمان داوە، ئەمڕۆ گەلەکەمان ئامانجی هێرشەکانی تورکیایە، بۆچی بێدەنگی هەیە؟ پێویستە دۆستەکانمان لە هاوپەیمانیەکە خەڵکی ڕۆژئاوا بپارێزن".
کوردانی سوریا دەڵێن هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەوان زیادی کردووە بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی مانگی پێنجدا.
هەیفا مەحمود، وتەبێژی پارتی نوێبونەوە و دیموکراسی بۆسوریا گوتی "ئەردۆغان بۆ درێژەدان بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سوودی لە سەرکەوتنەکانی وەرگرت. ئەمڕۆ لەگەڵ ڕژێمی سوریا و ڕووسیا هاوڕایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دژی ئیدارەی خۆسەر."
لە لایەکی دیکەوە سەرکردەکانی پارتە کوردییەکان لە سوریا پێیان وایە کە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە ناوچە کوردنشینەکان شەڕی ناوچەکە هەڵدەگیرسێنێت.
لوقمان ئەحمێ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێرشەکانی تورکیا کاریگەرییان لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی هەیە، ئەم هێرشە ڕەنگە ببێتە هۆی شەڕێکی گەورە کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکان هەبێت، پێویستە پەرە بە زمانی ئاشتی بدرێت".