Accessibility links

جەلیل ئازادیخواز: ئەوەی ئێستا لەناو کۆمەڵەدا ڕوودەدات قەیرانی سەرکردایەتییە


ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەگەنە ئاستی شەڕ و پێکدادان.

لە ئاکامی ئەو پێکدادانە دوو کەس لە کۆمەڵە دەکوژرێن و ژمارەیەک برینداریش هەن و باسیش لەوە دەکرێت یەکێکیان برینەکەی سەختە و لە بارێکی ناجێگیری تەندروستیدایە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ئەم شەڕە لە نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان ڕویداوە و وەک لە ڕاگەیەندراوەکانی هەردوو لادا ئاماژەی پێکراوە، شەڕەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاندووە.

پێشتر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبووە و هەر ئەو ناکۆکیانەش بوونە مایەی دابەشبوونی کۆمەڵە بەسەر دوو باڵدا.

دوابەدوای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هەردوو باڵەکەی کۆمەڵە بڕیاریاندا یەکبگرنەوە و ئەوەبوو لە مانگی 11ی ڕابردوودا لە شاری ستۆکهۆڵم، پایتەختی وڵاتی سوید ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سەرکردەکانی هەردوو باڵەکەش جەختیان دەکردەوە لەوەی پاش زیاتر لە یەک ساڵی وتووێژکردن ئەوجا گەیشتوونەتە بڕیار بۆ یەکگرتنەوە.

ئێستاش پرسیارە سەرەکییەکان لەوەدایە ئایا ئەو ناکۆکیانە هێندە قوڵن بگاتە ئەوەی بە خوێنڕشتن کۆتاییان پێبێت؟

ئایا ئێستا لەم سەروەختەی شۆڕشی ژینادا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کاتی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە بە چەک؟

جەلیل ئازادیخواز، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت "نەک ئێستا، هیچ کات و زەمەنێک لە مێژووی ئێمەدا ئەو کات و زەمەنە نییە کە کورد بیەوێت لە ڕێگەی چەک و بە زمانی چەک گرفتەکانی خۆی یان کێشە سیاسییەکانی خۆی چارەسەر بکات."

بەڕێز ئازادیخواز ئاماژەش بەوە دەکات هەرگیز ئەو ناکۆکیانەی لەناو لایەنە سیاسییەکاندا هەن، هێندە قوڵ نین تا خوێنی تیادا بڕێژرێت و دەڵێت "هیچ هۆکارێکی سیاسی و بیانوییەکی کلتوری و ئەخلاقی نییە تا دەست بۆ چەک ببرێت."

ئەم نوسەر و شیکەرەوە سیاسییە دەشپرسێت ئەگەر ئەو لایەنە سیاسیانە ئاوەها ڕەفتار بکەن ئەی چۆن، وەک دەڵێت " ئەم دەسەڵاتە چۆن دەتوانێت سبەینێ دەوڵەت بەڕێوەبەرێت، چۆن دەتوانێت کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت؟ ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت لەسەر شاخ و بستێک زەوی ناتوانێت بە دیالۆگ و بە ئەقڵانییەت و بە میکانیزمی مەدەنی ئیمڕۆژی چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات، ئەی سبەینێ لە کۆمەڵگەدا چۆن چارەسەری دەکات!؟"

جەلیل ئازادیخواز لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسیش لە قەیرانی ناوخۆی کۆمەڵە دەکات و دەڵێت هێشتاش قەیرانی سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی لەناو کۆمەڵدا هەر ماوە و ئەمەش وەهای کردووە "میکانیزمێک نەمێنێت بۆ هاوبەشیکردنی هەموویان لە بڕیارەکاندا، هەر بۆیەشە لێرەدا حیزب گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە خێڵ."

زانیاری زیاتر لەم لینکەی خوارەوەدایە

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:52 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG