وابڕیارە نزیکی دوو ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ڕوو لە شاری مەککە بکەن بۆ ئەنجامدانی حەجی ئەمساڵ، لەنێوان ڕۆژانی 26ی مانگی شەش بۆ 1ی مانگی حەوت. حەجکردن بۆ بەشداربووان ئەزموونێکی ئاینی تایبەتە، بەڵام دوور نییە لە مەترسی و ئاستەنگ بەتایبەت بەهۆی قەرەباڵغی و بەرزی پلەی گەرما لە هاویندا.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 4600 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بەشداردەبن لە حەجکردن و هەتا ئێستاش، بەر لە دەستپێکی بۆنەکە، دوو هاوڵاتی هەرێم لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمانەی خوارەوە بریتین لە گرنگترین ڕێنماییەکان بۆ بەشداربووانی مەراسیمی حەج، بە هیوای حەجێکی تەندروست و سەلامەت:
1. خۆت بپارێزە لە تیشکی گەرمای بەهێز و ئاو زۆر بخۆرەوە
پلەی گەرما لە شاری مەککە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بە هۆی هەڵکەوتە بیابانییەکەی. ڕێژەی گەرما لە هەر ڕۆژێکدا لە سعودیە نزیکی 43.3 پلەیە بە گشتی لە نیوان مانگی شەش بۆ مانگی نۆ. بۆیە پێویستە حاجیان خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن، بە تایبەت لە نیوان 10ی بەیانی بۆ 5ی پاش نیوەڕۆ. هەوڵبدرێت لە شوێنی سێبەر ئەرکەکان بەجێ بگەیەندرێن یاخود چەتر بەکاربهێندرێت، ئەمە سەرەڕای پۆشینی جلی تەنک و کاڵ، وە کڵاو بۆ پاراستنی سەر و قژ لە گەرما.
ئاو زۆر بخۆنەوە. لە ژینگەیەکی وەها گەرمدا و بەهۆی ئارەقەکردنەوە جەستە ڕووبەڕووی وشکبوونەوە دەبیتەوە. بۆیە ئاو زۆر گرنگە، وە لە هەمانکاتدا خۆمان بەدوور بگرین لە زۆر بەکارهێنانی ئەو خواردنەوانەی کە ڕێژەیەکی زۆر کافین و شەکریان تێدایە وەکو چا و قاوە و بیبسی کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی ئاوی لەش. ئەمە سەرەڕای جارجار پشوودان لە کاتی ئەرکە ئاینیەکان و خۆشۆردن بە ئاوی شلەتێن بۆ ساردکردنەوەی جەستە.
هەروەها دڵنیا ببەرەوە لە بەردەوام بەکارهێنانی کرێمی دژە خۆر بۆ خۆپاراستن لە تیشکی زیانبەخش کە دەبنە هۆی شێرپەنجەی پێست.
بەگوێرەی دکتۆر ماری لویس ڤان-ئیک، بەرێوەبەری تەندروستی لقی دوبەی کۆپانیای تەندروستی جیهانی ئێس ئۆ ئێس، بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ئاستە لە پلەی گەرما مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر لەشی مرۆڤ دروستدەکات بەتایبەت بۆ کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو و منداڵ و ژنانی دووگیان یا شیردەر.
دکتۆر ماری لویس ڤان-ئیک دەڵێت، " جەستەمان بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوام دەتوانێت پلەی گەرمی خۆی لە دەوروبەری 37 پلەی سەدی بهێڵێتەوە. جەستە بە شێوەیەکی خۆڕسک هاوسەنگی لە زیادبوون و لەدەستدانی ئەو پلە گەرمیەدا دروست دەکات؛ بەڵام ئەگەر نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر سارد بێتەوە، پلەی گەرمی "ناوەکی" دەکرێت بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار."
2. ئاگاداری خواردنەکان ببە
ژەهراویبوون لە ڕێگەی خواردنەوە یەکێکە لە مەترسیە باوەکان کە ڕووبەڕومان دەبێتەوە لە کاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات. ئەم مەترسیە لە کاتی حەجکردن زیاتر دەبێت بەتایبەت بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە گەشتیاران وەک "خێرکردن" خواردن دەبەخشنەوە بەسەر یەکتردا.
لە کاتی مانەوە لە سعودیە وا باشترە خۆمان بپارێزین لەو خواردنانەی کە دوای ئامادەکردنیان بۆ نزیکی دوو کاتژمێر ساردبوونەتەوە و بەبێ داپۆشین دانراون چونکە میکرۆبیان تێدا کۆبۆتەوە، یاخود ئەو خواردنانەی سوێرن و دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی لەشدا.
ئەو خواردنانەی گەرمن بەکتریاکانیان لەناوچوون و خواردنی قوتو و پێچراو یاخود ئامادەکردنی خواردن و دوورکەوتنەوە لە خواردنی بازاڕ سەلامەت ترین ڕێگان بۆ خۆ پاراستن، ئەمە جگە لە دڵنیابوونەوە لە شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەشێوەیەکی باش.
3. پارێزگاری لە دژی میکرۆب و ڤایرۆسەکان
کۆبوونەوەی ملیۆنان کەس لە شوێنێک کەشێکی لەبارە بۆ گواستنەوەی دەیان فاریرۆسی وەرزی وەکو ئەنفلۆنزا یاخود فایرۆسی کوشندەی وەکو کۆڕۆنا.
سەرەڕای پێویستی کوتان بە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا، حکومەتی سعودیە پێشنیار دەکات حاجیان بەر لە گەشتکردن ڤاکسینە پیویستەکان وەربگرن بەتایبەت دژی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا. ئەمە بەتایبەت پێویستە بۆ منداڵان و کەسانی بەساڵداچوو.
بەکارهێنانی دەمامک هۆکارێکی گرنگە بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسانە. هەروەها پێویستە دەستەکانمان بشۆین و بە پاکو خاوێنی بیانهێڵینەوە، بەتایەبت پێش نان خواردن و دوای چونە سەر ئاو، وە هەوڵ بدەین کەمتر دەست لە دەموچاومان بدەین بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی فایرۆسەکان بۆ ناو لەشمان.
شوێنەکانی جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینیەکان لە کاتی حەجدا قەرەباڵغ دەبن و ڕەنگە نەتواندرێت بە ئاسانی دەستمان بگات بە دەستشۆرەکان. بۆیە باشترە هەمیشە کرێمێکی پاککەرەوەی دەست لەگەڵ خۆمان ببەین بۆ شوێنە گشتیەکان.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە شوێنی مانەوە و پێش بەڕێکەوتن بۆ شوێنە پیرۆزەکان هەوڵبدەین ئەرکەکانی پاکو خاوێنی و پێویستی بەکارهێنانی سەرئاو بەجێ بگەیەنین.
بەشداربووانی حەج ڕەنگە لەم کاتانەدا زیاتر هەست بە نزیکی لەگەڵ یەکتر بکەن و هەوڵبدەن لە ڕێگەی تەوقەکردن و باوەشلیدان و ماچکردن هەستەکانیان دەرببڕن. بۆ حەجێکی سەلامەتتر بۆ هەمووان، باشتر وایە ئەم بەریەککەوتنانە کەمبکرێنەوە.
4. خۆپاراستن لە قەرەباڵغی
کۆبوونەوەی ژمارەیەکی بێشوماری خەڵک لە بۆنەکان یەکێکە لە کوشندەترین مەترسیەکان لە کاتی حەجدا، بەتایبەت لە کاتی بۆنەی "بەردبارانکردنی شەیتان" و سوڕانەوە بەدەوری کەعبەدا.
هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی کۆبوونەوەی ئەم ژمارە زۆرە لە خەڵک، ئەو کەسانەی لە ڕیزی دواوەی ئاپۆڕاکەن بەردەوام پاڵدەنێن چونکە نازانن لە پێشیان چی هەیە. بەمەش کەسانی پێشەوە لە ژێر فشاری پاڵەپەستۆکە ناچاردەبن خێراتر بن. جا ئەگە کەسانی پێشەوە لەناو قەرەباڵغیەکە نەتوانن بە خێرایی ڕێبکەن، یاخود بەهۆکارێک شڵەژان و دڵەڕاوکێ لەناو گرووپەکە دروستبێت، لەوکاتەدا چەند کەسێک توشی بەربوونەوە دەبن یاخود لەبەر کەمی ئۆکسجین دەبوورێنەوە. هەروەها کەسەکان توانای سەربەخۆ ڕێکردنیان نامێنێت بەڵکو دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆ و شەپۆلی ڕۆیشتنی بە کۆمەڵ. ئەمە بارودۆخێکی مەترسیدارە بەتایبەت بۆ کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو چونکە دەکەونە هەناسەبڕکێ و لەحاڵەتی بەربوونەوە دەکەونە ژێر پێی خەڵک.
بەم هۆیەوە ساڵی 1990 لە کاتی حەجکردن هەزار و 426 کەس گیانیان لەدەستدا لەکاتی ڕۆیشتن بۆ مینا و عەرەفە. بەهەمان هۆکار ساڵی 2015 دوو هەزار و 244 کەس گیانیان لەدەستدا.
باشترین ڕێگەی سەلامەتی بۆ خۆپاراستن لەم ژینگە مەترسیدارە بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، بەتایبەت بۆ کەسانی نەخۆش و لاواز و بەساڵاچوو.
لە حەڵەتێکدا کە کەوتیتە ناو شەپۆلێکی وەهای خەڵک، بە هێمنی بمێنەرەوە و هەوڵبدە لەگەڵ خێرایی و ئاراستەی گروپەکە بڕۆیت. لەو شوێنانە هەوڵبدە لە بری نەعلە پێڵاوی پتەو بکەیتە پێ و دووربکەوەوە لە جلوبەرگی فشەڵ و ملوانکە و جانتا کە دەبەنە هۆی ئاڵان لە کەس و کەلوپەلی دەوروبەر. هەروەها دووربکەوەوە لەو شوێنانەی نزیکن لە دەروازە و بەربەست و سیاجەکان، چونکە لەو شوێنانە پەڵەپەستۆی کۆمەڵ و شەپۆلی مێگەل زیاتر دەبێت.
هەروەها هەوڵبدە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی ناسراو لەخۆت ئەرکەکان بەجێبگەیەنیت و ئەو کەسانەی بەتەمەنن لە ناوەڕاستی گروپەکە بمێننەوە بۆ پاراستنیان لە هێزی لێشاوی دەوروبەر.
5. داودەرمانی زیادە لەگەڵ خۆت ببە
ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەتایبەت نەخۆشی دڵ و شەکرە، مەترسی زیاتریان لەسەرە لە گەشتی حەجکردن.
سەرەڕای خۆپاراستن لە گەرما و بەردەوامی لە خواردنی تەنردوست و ئاوخواردنەوەی پێویست، هەروەها گرنگە پێداویستییە پزیشکیەکانیان لە داودەرمان بێ دابڕان بەکار بهێنن. کەسانی نەخۆش وا باشترە دەرمانی زیادە لەگەڵ خۆیان بەرن چونکە ڕەنگە ئەو دەرمانانەی پێویستن لە دەرمانخانەکانی ئەوێ بەردەست نەبن یا خود دەستخستنیان کات بخایەنێت.
هەروەها هەوڵبدرێت هەر نەخۆشێک بەر لە گەشتکردن ڕاپۆرتی پزیشکی بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی لەسەر مێژووی نەخۆشیەکانی و ئەو چارەسەرانەی وەریاندەگرێت ئامادە بکات بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بتوانێت لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی سعودیە سودیان لێوەرگرێت.
ئەوکەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و ئەنسۆلین وەک چارەسەر بەکاردەهێنن، دەبێت هەمیشە و لە هەموو شوێنێک، لە ناو ساردکەرەوەیەک، دەرمانەکەیان لەگەڵیان بێت.
بۆ کەسانی خاوەن پێداویست، هەرچەندە شوێنەکانی وەکو مزگەوتی حەرام پێداویستیەکانی هاوکاری تێدا هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری هۆتێل و هۆکارەکانی گواستنەوە ئاسانکاری کەسانی خاوەن پێداویستیان بۆ دابین نەکراوە. بۆیە گرنگە بەر لە هەر گەشتێک لە ناوەوە و دەرەوەی مەککە دڵنیا ببیتەوە لەوەی ئەو پێویستیانە دەستەبەرن.
6. پارێزگاری لە وونبوون
زۆری ژمارەی گەشتیاران و نەشارەزایی لە ناو وڵاتی سعودیە واتای ئەوە دەگەیەنێت هەموومان دەکرێت بە ئاسانی ونببین بەتایبەت لە شوێنە جەنجاڵەکان. بۆ پارێزگاری لە ونبوون، هەمیشە دڵنیا بەرەوە کە مۆبایلەکەت باڵانسی تەواوی هەیە و بە گوێرەی پێویست پاتری تێدایە؛ وە بەکارهێنانی سنوردار بکە تەنها بۆ کاتی پێویست.
سەرەڕای ئەمە، هەمیشە کەسانی منداڵ و بەتەمەن و نەشارەزا و نەخوێندەوار کارتێک لەگەڵ خۆیان هەڵگرن کە ناو، ژمارەی پاسپۆرت، ناونیشان، و ژمارەی پەیوەندیکردنی لەسەر بێت بۆ دۆزینەوەیان لەکاتی ونبوون.
7. پارێزگاری لە پارە و کەلوپەل
لە کاتی چوونەدەرەوە لە شوێنی مانەوە و هۆتێلەکان، هەمیشە ئاگاداری پارە و کەلوپەلە بەنرخەکانت بە. هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە پارە و زێڕ لە کاتی حەجکردنی مەترسی ئەوەی هەیە ون ببێت یان بدزرێت. بەڵام جێهێشتنیان لە شوێنی مانەوەش ئاسایشیان مسۆگەر ناکات. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کارتی بانکی بەکار بهێندرێت، یاخود پارە و گرانبەهاکان لە ناو "قاسە" یەکدا لە شوێنی مانەوە هەڵبگیرێن.
بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی سعودیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا وەرگیراوە.