Accessibility links

دەربارەی گروپی ڤاگنەر چی دەزانین و هۆکاری یاخیبوونی ئەو گروپە چییە؟


دوای ئەوەی فەرماندەی ڤاگنەر سوێندی خوارد سەرکردایەتی سەربازی مۆسکۆ بڕووخێنێت، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بەڵێنی دا چەکدارانی ئەو گروپە سزا بدات و بە خیانەتکاری ناوبردن.

یەڤیگنی پریگۆژینی تەمەن 62 ساڵ، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە خۆی و چەکدارانی چوونەتە ناو شاری ڕۆستۆڤ لە باشووری ڕووسیا و دەستیان بەسەر ناوەندە سەربازییەکانی ئەو شارەدا گرتووە.

هۆکارەکانی یاخیبوونی فەرماندەی ڤاگنەر

چەند مانگێکە پریگۆژین لە ململانێیەکی دەسەڵاتدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ڕووسیا تێوەگلاوە و ئەوان بە هۆکاری کوژرانی سەربازەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەزانێت.

فەرماندە ڤاگنەر چەندین جار دەسەڵاتی سەربازیی ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کەرستەی پێویستی سەربازی بە چەکدارەکانی نادات و بەهۆی بیرۆکراسییەوە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانیان کراوە.

پریگۆژین ڕۆژی هەینی تووڕەیەکی زۆری خۆی لە دەسەڵاتی سەربازی ڕووسیا ڕاگەیاند و سەرکردایەتی سەربازی مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە فەرمانی هێرشکردنە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر و کوشتنی دەیان چەکداری ئەو گروپە.

پریگۆژین ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەبێت دەسەڵاتی سەربازیی ڕووسیا بوەستێنرێت و بەڵێنیداوە بەو مەبەستە تا کۆتایی ڕێگاکە بڕوات.

دوای ئەم تووڕەبوونە سەرۆکی ڤاگنەر بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی هەلیکۆپتەرێکی سەربازی ڕووسیایان خستۆتە خوارەوە و لە کۆتایشدا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 24ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە بنکە سەربازییەکانی شاری ڕۆستۆڤی لە باشووری ڕووسیای خستوەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

سەربازەکانی ڤاگنەر کێن؟

گروپی ڤاگنەر پێشتر لە ململانێی جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا تێوەگلاوەن، بەڵام هەمیشە بوونی خۆی ڕەتدەکردووەتەوە.

پریگۆژین ساڵی ڕابردوو دانی بەوەدانا کە ئەو گرووپە، ئەو دایمەزراندووە و چەکدارەکانی لە بەرامبەر لێبوردنیان، لە زیندانەکانی ڕووسیا وەرگرتووە.

چەکدارانی ڤاگنەر لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا سەرکردایەتی شەڕەکانی ڕووسیایان کردووە و لە بەرەکانی پێشەوە لە شەڕی باخموت شەڕیان کرد و دوای چەند هەفتەیەک شەڕ و زیانی گیانی زۆر، شارەکەیان گرت.

ئەم ڕووداوە چ کاریگەرییەکی لەسەر شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هەیە؟

ئەم یاخیبوونەی گروپی ڤاگنەر جددیترین کێشەی بەردەم دەسەڵاتی درێژخایەنی پوتن و قەیرانی ئەمنی ڕووسیایە لەوەتای دەسەڵاتگرتنی لە کۆتاییەکانی ساڵی 1999دا.

ئەم کێشەیە دەتوانێت سەرنج و سەرچاوەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا لابدات، لە کاتێکدا کیێڤ لە ناوەڕاستی هێرشی بەرپرچدەرەوەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە چاودێری ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان پریگۆژین و پوتن دەکات.

لەلایەکی دیکەوە مۆسکۆ هۆشداری داوە کە سوپای ئۆکرانیا لە دەرفەتە کەڵک وەردەگرێت بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی لە نزیک باخموت.

هەروەها ئەم یاخیبوونە بۆ سەرکردەکانی جیهان گرنگییەکی زۆری هەیە و سەرکردەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دەڵێن لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ڕووسیا دەکەن.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG