Accessibility links

سوپای ڕووسیا لە ڕێگای مۆسکۆ تەقە لە هێزەکانی ڤاگنەر دەکات


ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ڕووسیا لە کاتی پێشڕەویکردنی چەکدارانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ، تەقەی لە چەکدارانی ئەو گروپە کردووە.

پەیامنێرێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە شوێنی شەڕەکەدا ئامادەیە، ڕۆژی شەممە،24ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە کۆپتەرەکانی سوپای ڕووسیا تەقەیان لە کاروانی هێزە چەکدارەکانی ڤاگنەر کردووە.

ئەم هەنگاوەی سوپای ڕووسیا تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە یەڤگێنی پریگۆژین ڕایگەیاند کە چەکدارەکانی بەشێک لە شاری ڕۆستۆڤی باشووری ڕووسیایان گرتووە، لەنێویاندا ناوەندێکی لۆجستیکی سەربازی ئەو شارە.

ڕۆستۆڤ دووەم ناوچەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە ڕووسیا و بنکەیەکی بەندەرییە لەسەر ڕووباری دۆن کە کەشتییەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ڕووسیا بە دەریای ئازۆڤەوە دەبەستێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کاروانی چەکداری ڤاگنەر دوای تێپەڕین بە شاری ڤۆرۆنیژ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کراوەتە سەر.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرکردایەتی پارێزگای دۆنێتسکی ئۆکرانیا کە لە ژێر دەستی ڕووسیادایە، ڕایگەیاندووە، ئەو کاروانەی ڤاگنەر کە لە مۆسکۆ نزیک بووەتەوە نزیکەی پێنج هەزار چەکدار لە خۆ دەگرێت.

ڕۆیتەرز نووسێوێتی لە کاتێدا میدیاکانی ڕووسیا هەوڵدەدەن بڵاوپێکردنی هێزەکانیان لە مۆسکۆ پیشان نەدەن، بەڵام لە دوروبەری مۆسکۆ، ئۆتۆمبێلە سەربازییە زرێپۆشەکان بە شێوەیەکی فەراوان دەبینرێن و جادە وبانەکانیان داخستوە و بەربەستیان دروست کردووە

سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ داوای لە خەڵک کردووە تا دەتوانن خۆیان لە گەشتکردن بەدوور بگرن.

پریگۆژین ڕایگەیاندووە چەکدارەکانی لە رێپێوانێکدان بۆ دادپەروەری بۆ لابردنی ئەو فەرماندە گەندەڵ و بێتوانایانەی کە بە تاوانباریان دەزانێت لە شکەستهێنانی شەڕی ئۆکرانیادا.

پوتن لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا لە کرێملینەوە ڕایگەیاندووە کە بوونی ڕووسیا لە ژێر هەڕەشەدایە.

سەرۆکی رووسیا گوتیشی "ئێمە لە پێناو ژیان و ئاسایشی گەلەکەمان، بۆ سەروەری و سەربەخۆیی خۆمان و مانەوەی ڕووسیا، وڵاتێک کە مێژوویەکی هەزار ساڵەی هەیە، خەبات دەکەین".

گوتیشی "هەموو ئەوانەی بە ئەنقەست هەنگاویان ناوەتە سەر ڕێگای خیانەت و یاخیبوونێکی چەکدارییان دەستپێکردووە و ڕێگای ڕەشبگیری و شێوازی تیرۆریستییان گرتوتەبەر، ڕووبەڕووی سزای یاسایی وسزای گەلیش دەبنەوە."

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG