Accessibility links

فەرماندەی"ڤاگنەر" ڕاگرتنی پێشڕەوی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ پشتڕاستدەکاتەوە


فەرماندەی هێزەکانی "ڤاگنەر" ڕایگەیاند پێشڕەوی چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرەو مۆسکۆ وەستاندووە.

یەڤگێنی پریگۆژین ڕۆژی شەممە، 24ی مانگی شەش لە پەیامێکی دەنگیدا ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارەی "بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن لە ڕووسیا" داوە.

پەیامەکەی فەرماندەی ڤاگنەر تۆزێک دوای ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی بێلاڕووس بوو کە ڕایگەیاندبوو پریگۆژین پێشنیاری راگرتنی جموجۆڵە سەربازییەکانی قبووڵ کردووە و هەروەها ڕازی بووە هەنگاوەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان هەڵگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆدا هاتووە کە ڕۆژی شەممە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لوکاشینکۆ ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرۆکی بیلاڕوس لەگەڵ یەڤگێنی پریگۆژین گفتوگۆ بکات.

بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی لوکاشینکۆ، دانوستانەکانی نێوان سەرۆکی بێلاڕووس و فەرماندەی ڤاگنەر ڕۆژی شەممە بەردەوام بووە و لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە خوێن ڕەشتن لەسەر خاکی ڕووسیا جێگای قبووڵکردن نییە. تا ئێستا کرێملین هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تاکو ئیستا پشتیوانی ڤلادیمێر پوتن و کرێملین بووە و وڵاتەکەی بووەتە ئەنبارێک بۆ جبەخانەی تاکتیکی ئەتۆمی ڕووسیا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG