کەسوکاری ئەو گەنجەی قەزای چەمچەماڵ، کە تۆمەتبارە بەکوشتنی هونەرمەند (خواناس وریا گلی) بە هۆکاری جیاوازی بیروڕای ئاینی، دەڵێن هەتا پێش ڕووداوەکە هیچ شتێکی نامۆیان لە کوڕەکەیان نەبینیووە کە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی "کەسێکی توندڕەوە لە ڕووی ئاینییەوە".
خواناس وریا گلی، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بوو، ڕۆژی پێنجشەمە لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی هێرش کەریم تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ڕووداوەکە تۆمەتبار هێرش کەریم، تەمەن 28 ساڵ، بە کوشتنی خواناس لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستگیرکرا. بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هێرش لەکاتی لێکۆڵینەوەدا هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گێڕانووەتەوە.
سەفەر حەمەسوور، مامی تۆمەتبارەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"برازاکەم نوێژی کردووە و پێشمەرگەبووە لە لیوای 3ی پیادە، هیچ شتێکمان لێنەبینیووە کە ئاماژەبێت بۆ توندڕەوی ئاینی. ئەگەر توندڕەوبووبێت چۆن پێشمەرگە بووە؟"
دەشڵێت"ئێمە توندڕەویمان لێنەبینیووە، ئاگادارین خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شت بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئێمە پێش ڕووداوەکە هەستمان بەو شتانە نەکردووە."
وتیشی"گەر توندڕەویش بووبێت وەکو ئەوەی خەڵک دەیڵێن، ئێمە بێ بەرین لێی."
ئەو پۆستانەی تۆمەتبارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردوونەتەوە و زۆربەیان پۆستی ئاینین، لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەکو ئاماژەیەک لێکدەدرێنەوە بۆ ئەوەی کە ڕابردوویەکی "توندڕەوی" هەبووە.
لە لێدوانێکی پێشووتردا بۆ دەنگی ئەمەریکا، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ جەختیکردەوە، تۆمەتبارەکە بیروباوەڕی توندڕەوی هەبووە.
خواناس وریا گلی ئەو گەنجەی لە چەمچەماڵ کوژرا، هونەرمەند و شانۆکاربووە، هەروەها خێزانداربووە و خاوەنی منداڵێکی تەمەن 3 ساڵە. بەپێی وتەی کەسوکارەکەی ماوەی زیاتر لە مانگێکە بۆ ئیشکردن لە دوبەی بووە و دوو ڕۆژ پێش کوژرانی گەڕابوویەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە، کەسوکاری خواناس وریا گلی لەلایەن دادگاوە بانگهێشتکراون و وتەیان لێوەرگیراوە.
وریا گلی، باوکی خواناس، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەمڕۆ لە دادگا وتەمان لێوەرگیرا و تا ئێستا ئاڕاستەی دادگاییکردنە باش دەڕوات." وتیشی ئەو پاساوەی تۆمەتبارەکە هێناویەتەوە بۆ کوشتنی خواناس، هەر بیانوو نییە و لە هیچ عورف و یاسا و عادەتێکدا ڕێگە بەوە نەدراوە.
کەسو کاری بکوژ و کوژراوەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی کێشەکە بە ڕێگەی یاسایی یەکلایی بکرێتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ دەستوەردانێک لە دۆسیەکەدا بکرێت.
وریا گلی وتی"کەسو کاری تۆمەتبارەکە نەهاتن بۆ پرسەکەمان، چونکە خۆمان پێمانخۆش نەبوو، بەڵام کوڕەکەیان ڕادەستی یاسا کرد ئەوە خاڵێکی باشە، داواشمانلێکردوون پارێزەر نەگرن و نەچن بەدەم دۆسیەکەوە، ئەو بەڵێنەشیان داوە."
هاوکات سەفەر حەمەسوور مامی تۆمەتبارەکە، دەڵێت"خۆم برازاکەمم ڕادەست کرد، ئەو کوڕەی کوشتووە و ڕادەستی یاسامان کرد، تا یاسا سزای بدات."
هەرچەندە کەسو کاری بکوژ و کوژراوەکە ڕێککەوتوون لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە لە ڕێگەی یاساوە، بەڵام هێشتا کاردانەوەی ڕووداوەکە و یەکتری تۆمەتبارکردنی پشتگیرکارانی "تاوانەکە"و ئەوانەی دژی "تاوانەکەن" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامی هەیە.