بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک ڕایگەیاند حزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ "خیانەتکارانی 16 ی ئۆکتۆبەر" بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن ناکات. هاوکات بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەکەرکوک دەڵێت، ئەوانەی هەوڵی تێکدانی یەکڕیزی کورد دەدەن "خیانەتکارن".
بڕیارە ڕۆژی 18/12ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە کەرکوک لایەنەکان لەسەر 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا رکابەری بکەن.
مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەکو پارتی ناتوانین لەگەڵ خیانەتکاران بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە جەماوەر لێمان قەبوڵ ناکات."
ئەمڕۆ چوارشەمە، لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیانی پارتی، چەند لایەنێکی سیاسی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
مەسعود مەلا پەروێز، وتی، "دەمانەوێت بەبێ یەکێتی لیستێکی کوردستانی دروست بکەین. سەردانی ئەو لایەنانەش دەکەین کە کورد نین و بڕوایان بە کوردستانی بوونی کەرکوک هەیە، تا ئەوانیش بەشداربن لە لیستەکەدا."
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوان ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیانی پارتی و چەند لایەنێکی سیاسی، کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، "لەگەڵ خیانەتکاران بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن ناکەین."
کورد لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە کۆی 12 کورسی پشکی کەرکوک، 6 کورسی بەدەستهێنا. پشکی حزبەکان بەم شێوەیە بوو: یەکێتی 3 کورسی، پارتی 2 کورسی و نەوەی نوێش کورسییەک.
شێرزاد سەمەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کەرکوکی یەکێتی، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر کەمال کەرکوکی، دەڵێت "هەرگیز یەکڕیزی کوردی نەویستووە."
هەروەها وتیشی" ئەوانەی هەوڵی پەرتکردنی کورد دەدەن خیانەتکارن. وەکو یەکێتی بەردەوامین لەهەوڵەکانمان بۆ یەک لیستی. سەرنەگرتنی یەک لیستی خیانەتێکی گەورە و پەرتکردنی کوردە."
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لەکەرکوک هەیە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لەکەرکوک کورد 175 هەزار دەنگ، عەرەب 166 هەزار و تورکمانیش نزیکەی 85 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
لە ڕۆژی 4ی مانگی 5ی ئەمساڵ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری کرد. ئەوکات هۆکاری سەردانەکە بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەش لەسەرجەم لایەنە کوردییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان گێڕدرایەوە.
ژینۆ محەمەد کەسایەتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "چاوەڕوانی وەڵامی ئەو لایەنانەین کە سەردانمان کردوون بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان."
سەبارەت بە دروستکردنی لیست لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ژینۆ محەمەد وتی، "هێشتا بەفەرمی باسی لیست نەکراوە و هەموو بژاردەیەک لە پێشمانە. بەڵام پرۆژەیەکمان داوەتە لایەنەکان و چاوەڕوانی وەڵامین."
لە ئێستاوە تا کۆتایی مانگی تەمموز دەرفەت لەبەردەم لایەنەکاندایە تا ناوی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماربکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
هەریەک لە پارتی و یەکێتی بەجیا هەوڵی دروستکردنی لیست لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەدەن، بەڵام هێشتا لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە بڕیاری یەکلاکەرەوەیان نەداوە.
شوان محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە حزبەکەی بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی لەگەڵ پارتیدا کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کۆبوونەوەکە راوێژکاری بوو. پارتی داوایکرد لەگەڵ ئەوان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە کۆتایی بە بیرۆکەی یەک لیستی هێنراو یەکێتی و پارتی بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کاندیدێکی عەرەب لە بازنەی یەکی شارەکە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن کورسییەکی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد دەڵێن، گەر کورد یەک لیستی هەبووایە ئەو کاندیدە عەرەبە دەرنەدەچوو و ژمارەی کورسییەکانی کوردیش لە 6 کورسییەوە دەبووە 7 کورسی.
شوان محەمەد، دەڵێت، "ڕەنگە ئەمجارەش بەهۆی فرە لیستییەوە دەنگمان بفەوتێت، بەتایبەت لەم هەڵبژاردنەدا کە بۆ کورد چارەنوسسازە. گەر یەک لیستیش نەبین، گرنگ ئەوەیە کورد لە دوو لیست زیاتری نەبێت."
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی لیستە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بگاتە 6 لیست، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ یەکلابوونەتەوە کە لیستی جیایان دەبێت. بەڵام هێشتا هێز و لایەنەکانی تر بڕیاری کۆتاییان لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی هەڵبژاردن نەداوە.
رەجەب کاکەیی چالاکوانی کورد لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "فرە لیستی هێزە کوردییەکان ئاماژەیە بۆ بەجیا مامەڵەکردنیان لەگەڵ عێراق. ئەم فرە لیستییە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروونی شەقامی کوردی لەکەرکوک و لە ئەنجامیشدا پێگەی کوردیش لاوازتر دەبێت."
هاوکات لەگەڵ پەرتبوونی هێزە کوردییەکان و خۆ ئامادەکردنیان بۆ بەجیا بەشداریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، چاوەڕوان دەکرێت لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیش یەکگرتوو نەبن و هاوشێوەی کورد دابەشببن بەسەر چەند لیستێک.