Accessibility links

بلینکن دەڵێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە


ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە، ئەمەش دوای سیاسەتێکی نوێی بێدەنگی لە نێوان هەردوولا.

بلینکن لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکان لە نیویۆرک گوتی "هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نییە، تەنانەت لە کاتێکدا ئێمە بەردەوامین لە ئامادەیی بۆ گەڕان بەدوای ڕێگا دیپلۆماسییەکاندا."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "بە کردارەکانیان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین" و داوای لە ئێران کرد کە "ئەو کارانە نەکات گرژییەکان زیاتر پەرەپێبدەن" لەگەڵ ئەمەریکا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆک جۆو بایدن بە هیوای گەڕانەوە بوو بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا، کە لەلایەن سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپەوە هەڵوەشایەوە. بەڵام دانوستانەکان بە نێوەندگیری یەکێتی ئەوروپا شکستیان هێنا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران وایکرد واشنتۆن زیاتر دوودڵ بێت لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

بەڵام دیپلۆماتان دەڵێن لە چەند مانگی ڕابردوودا دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان بە بێدەنگی لەگەڵ عومان وەک نێوەندگیر دەستیپێکردووەتەوە و سەرنجێکی زۆریان لەسەر دۆخی زیندانییە ئەمەریکییەکانە لە ئێران.


وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 شکستیان هێنا بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر ئاستی کەمکردنەوەی سزاکانی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ترامپەوە سەپێندرابوون و لەسەر ئەوەی چ کاتێک ئێران پابەند دەبێتەوە بە ڕێوشوێنەکانی ڕێککەوتنەکە.

بلینکن ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی بایدن "هەوڵێکی نیازپاکی" لەگەڵ زلهێزەکانی ئەوروپا و هەروەها چین و ڕووسیای ڕکابەرەکانی داوە بۆ گەڕانەوە و بۆ ماوەیەک " شیانی ئەوە هەبوو".

گوتیشی "ئێران یان نەیتوانی یان نەیدەویست پەیوەستبێت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە."

XS
SM
MD
LG