عێراق، ئێران، سوریا، عەرەبستانی سعوودیە، میسڕ، و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی پێنجشەممە، سووتاندنی قورئانیان لەلایەن عێراقییەکی نیشتەجێی سویدەوە شەرمەزار کرد و هۆشداریشیان دا کە ئەم جۆرە کردەوانە هەستی "توڕەبوون" لە نێو موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات.
بە ئامادەبوونی پۆلیسێکی زۆر، سەلوان مۆمیکا، گەنجێکی تەمەن 37 ساڵ کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەرەو سوید هەڵاتووە، ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکۆڵم قورئانی خستە ژێر پێی وا پاشان چەند لاپەڕەیەکی لێی سوتاند.
پۆلیس لە پایتەختی سوید مۆڵەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی پێدابوو لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین، بەڵام دواتر ڕایگەیاندبوو کە دۆسێی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵیدا دەستپێکردووە لەسەر "ئاژاوەگێڕی".
ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان جەژنی قوربان دەگێڕن.
عێراق ئیدانەی بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی سویدی کرد بۆ پێدانی مۆڵەت بە "توندڕەوێک" بۆ سووتاندنی قورئان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا دەڵێت "ئەم ڕووداوانە هەستی توڕبوون لە نێو موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات و بە شێوەیەکی مەترسیدار دەبێتە هۆی هاندانیان."
موقتەدا سەدر، کەسایەتی ئاینی کاریگەری شیعەکان لە عێراق داوای کرد خۆپیشاندان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا ئەنجام بدرێت و داوای دوورخستنەوەی باڵیۆزەکەی کرد، بە تۆمەتی ئەوەی دەوڵەتەکەی "دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام"دا دەکات.
ئێرانیش بەشداری لە ئیدانەکردنەکەدا کرد و سووتاندنی قورئانی بە "هاندان و خراپ بیرکردنەوە و قبوڵنەکراو" ناوبرد.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی "حکومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەو جۆرە سوکایەتیەدا سینگفراوان نابن و بە توندی ئیدانەی دەکەن."
ناوبراو گوتیشی "چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی سوید بە جددی ڕەچاوی بنەمای بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لەم بارەیەوە بکات، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان بکات."
شانشینی عەرەبستانی سعودیەش کە میوانداری نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار حاجی موسڵمانی کرد سووتاندنی قورئانیشی شەرمەزار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیه ڕایگەیاند " ئەم کردەوە ڕق و کینەیەی کە دووبارە دەبێتەوە ناتوانرێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا قبوڵ بکرێت."
میسر کە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهانی عەرەبییە، سووتاندنی قورئان بە "کارێکی شەرمەزارکەر و وروژاندنی هەستی موسڵمانان" ناوبرد، لەکاتێکدا موسوڵمانان جەژنی قوربان دەگێڕن.
کۆمکاری عەرەبی کە بنکەکەی لە قاهیرەیە، سووتاندنی قورئانی بە "هێرشکردنە سەر کڕۆکی باوەڕە ئیسلامییەکەمان" ناوزەد کرد.
کەوەیت داوای کرد تاوانبارانی ئەو جۆرە "کردەوە دوژمنکارانە" بدرێنە دادگا و "رێگری بکرێت لە بەکارهێنانی بنەمای ئازادییەکان وەک پلانێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دوژمنایەتی دژی ئیسلام یان هەر باوەڕێکی پیرۆز".
هەروەها سووتاندنی قورئان لەلایەن ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە لە شەش وڵات پێکهاتووە و لەلایەن مەغربەوە ئیدانە کرا، کە باڵیۆزی خۆی لە ستۆکۆڵم کشانەوە.
شانشینەکە دەڵێت "ئەم سەرپێچییە نوێیە و نابەرپرسیارانەیە هەستی زیاتر لە ملیارێک موسڵمان پشتگوێ دەخات، لەم کاتە پیرۆزەی کە حاجییەکان لە مەککە بوون و جەژنی قورباندا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەرامبەر ئەم وروژاندنە دووبارەبووانەدا، کە لە بەردەم حکومەتی سویددا ئەنجامدراون"، مەغرب بەرپرسی کاروباری سویدی لە ڕەبەت بانگهێشتکرد و باڵیۆزی وڵاتەکەشی لە سوید گەڕاندووەتەوە.
دەوڵەتی سوریا "کردەوەی شەرمەزارکەر"ی لە یەکێک لە پیرۆزترین ڕۆژەکان بۆ موسڵمانان "لەلایەن توندڕەوێکەوە بە مۆڵەت و ڕەزامەندی حکومەتی سوید" ئیدانە کرد.
بزووتنەوەی حزبوڵای بەهێزی لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، دەسەڵاتدارانی سویدی تۆمەتبار کرد کە "هاوبەشن لەو تاوانەدا".
حزبوڵا داوای لە سوید کرد کۆتایی بەم جۆرە کردەوانە بهێنێت "نەک خۆی لە پشت ئازادی دەربڕینەوە بشارێتەوە".
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیەکان ئەو شتەی ئیدانە کرد کە بە وتەی خۆی "هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ، بەهاکانی لێبوردەیی، قبوڵکردنی ئەوانی دیکە، دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پەیڕەوانی هەموو ئایینەکاندا".
تاڵیبانی ئەفغانستانیش کە لێکدانەوەی توندی قورئان و یاسای ئیسلامی جێبەجێ دەکات، بە تووڕەییەوە کاردانەوەی نیشاندا و سووتاندنی قورئانیان بە کردەوەیەکی "سوووکایەتییەکی تەواو بەرامبەر بەم ئایینە بەرزە" ناوبرد.
لە مانگی یەکدا توندڕەوێکی ڕاستڕەوی سویدی-دانیمارکی لە نزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم پەڕەکانی قورئانی سووتاند و هەروەها توڕەیی جیهانی موسڵمانانی لێکەوتەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس