Accessibility links

دکتۆر ماکوان کامەلا: کشانەوەی ڤاگنەر لە ڕووسیا مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ ئۆکرانیا بەڵام ئەمە کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنێت


زۆرێک لە شرۆڤەکاران و دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا، لەوانە، جۆوو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بەلینکن وەزیری دەرەوە و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێیان وایە کە یاخیبوونەکەی ڤاگنەر، پوتن سەرۆکی ڕووسیای بە شێوەیەک لە شێوەکان لاواز کردووە.

جۆو بایدن و ئەنتۆنی بلینکن ڕایانگەیاندوو یاخیبوونی چەکداری گروپی ڤاگنەر دەریخستووە کە ڤلادیمێر پوتن بە دڵنیاییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا دەدۆڕێت و هەروەها ئەو یاخیبوونە جیاوازی نێوان خواستە گەورەکانی پوتن لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەدا و دۆخی ئێستای سوپاکەی دەردەخات.

گروپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتی یەڤگینی پریگۆژین ڕۆژی شەممە 24ی مانگی شەش دەستی بەسەر بنکە سەربازی و حکومییەکانی شاری ڕۆستۆڤ لە کەنارەکانی دەریای ئازۆڤ گرت و بەرەو مۆسکۆ هێزەکانی جووڵاند و لە دووری 200 کیلومەتری مۆسکۆ، بە نێوندگیری سەرۆکی بیلاڕووس، پێشڕەوەی هێزەکانی ڕاگرت و دواجار بە پێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ پوتن، پریگوژین ڕووسیای بەجێهێشت و ڕۆیشتە بیلارووس.
ناکۆکییەکانی نێوان گروپی ڤاگنەر و ڕووسیا، بوو بە مایەی دڵخۆشی خەڵکی ئۆکرانیا.

دکتۆر ماکوان کامەلا پسپۆڕ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی "کشانەوەی ڤاگنەر لە ڕووسیا مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ ئۆکرانیا لەو ڕووەوە کە بوو بە هۆی شپرزەیی لە نێو سوپای ڕووسیادا، هەرچەندە ئەمە کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنێت."
زۆرێک پێیان وایە یاخیبوونەی گروپی ڤاگنەر جددیترین کێشەی بەردەم دەسەڵاتی درێژخایەنی پوتن بووە لەوەتای دەسەڵاتگرتنی لە کۆتاییەکانی ساڵی 1999دا.

لێدوانەکانی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەرخەری ئەوەن کە پریگۆژین لە ململانێیەکی دەسەڵاتدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ڕووسیا تێوەگلا بوو.

فەرماندە ڤاگنەر چەندین جار دەسەڵاتی سەربازیی ڕووسیای تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە کەرستەی پێویستی سەربازی بە چەکدارەکانی نادات و بەهۆی بیرۆکراسییەوە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانیان لە بەرەکانی شەڕ کراوە.

سەبارەت بە کێشەکانی ڤاگنەر لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، دکتۆر ماکوان کامەلا گوتی "زۆر لەمێژە لەنێوان ڤاگنەر و حکومەتی ڕووسیا کێشە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا." دەشڵێت " لە ڕووسیا هاوشێوەی سوپای ڤاگنەر ژمارەیان زۆرە."

هەرچەندە گروپی ڤاگنەر پێشتر لە ململانێی جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەستیان هەبووە، بەڵام زیاتر دوای شەڕی ئۆکرانیا ناسران. لەم بارەیەوە دکتۆر ماکوان بە دەنگی ئەمەریکا گوت"ڤاگنەر تەنها لە ئۆکرانیا شەڕی نەکردووە، پێشوتریش لە چەند وڵاتێک شەڕی کردووە، لە سوریا و لە لیبیا شەڕیان کردووە، بەڵام هەر کێشەیان هەبووە."

پێشبینی داهاتووی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا قورسە و زۆرێک پێیان وایە لاوازبوونی پوتن مەترسی زۆرتر لەسەر جیهان دروست دەکات.
جۆزێپ بۆرێل، دیپلۆماتی باڵای یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنج شەممە، 29ی مانگی شەش گوتی "پۆتنێکی لاوازتر مەترسییەکی گەورەترە و ئێستا دەبێت وەک مەترسییەک سەیری ڕووسیا بکەین بەهۆی ناسەقامگیری ناوخۆییەوە".

سەبارەت بە ستراتیژی رووسیا و وەزارەتی بەرگری ئە وڵاتە بەڕامبەر بە ڤاگنەر و فەرماندەی ئەو گروپە کە هەندێک پێیان وایە پلانێکی خوودی ڕووسیا بووە بۆ لادانی پریگوژین، دکتۆر ماکوان دەڵێت "ڕووسیا بۆیە وای لە ڤاگنەر کرد بۆئەوەی بیانووی هەبێت سەرکردەی ڤاگنەر بگۆڕێت و ئەو گروپە بخاتە ژێر سایەی دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا."

دوای یاخیبوونەکەی گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەر دژی کرێملن، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوتی ئەو ڕووداوە ململانێکی ناو سیستمی خوودی ڕووسیایە و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەستییان تێیدا نەبووە.

دکتۆر ماکوان دەڵێت لە ئێستادا حکومەت و دەزگاکانی هەواڵگری ڕووسیا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوا دەستییان هەبووە لە یاخیبوونەکەی چەکدارانی گروپی ڤاگنەردا یان نە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتوێژەکەدایە لەگەڵ دکتۆر ماکوان کامەلا، پسپۆڕ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:25 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG