چەندین هونەرمەند و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و کەسایەتی ناو شاری سلێمانی و شارەکانی دیکەش لە هەوڵی هەڵمەتێکدان بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسی کوشتنی خواناس وریا گلین کە بە دەستی کەسێکی خاوەن بیروباوەڕی ئایینی توندڕەو ماوەیەک پێش ئیستا کوژرا.
بەپێی لێدوانەکانی ئاسایش، ڕێکخەرانی ئەم هەڵمەتە دەیانەوێت کەیسەکە بەلارێدا نەڕوات و وەک کەیسی تیرۆر لە پەیوەندی بە ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕادەربڕین لە دادگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
محەممەد مەعروف، بەرێوبەری پڕۆژە و ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ (DHRD) لە تووێژێکدا لە پەیوەند بەم پرسەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بە ڕاستی بەپێی هەموو ڕاپۆرت و شیکارییەکانی ئێمە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا لە پاشکشێدایە."
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ڕاپۆرتی ساڵيانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چەندین ڕێکخراوی دیکە، پرسی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لە پاشکشێدایە.
زۆرێک پێیان وایە گوتاری توندئاژۆ و هەڕەشەئامێزی هەندێک لە مەلایانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای منبەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریگەری نەرینی هەیە و ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی ئاسایی و دەڵێن وتاری توندڕەوە ئایینییەکان کاریگەری نەرینی خستوەتە سەر پرسی ئازادی ڕادەربڕین.
محمەد مەعروف لەم بارەیەوە دەڵێت "کۆمەڵێک خەڵک خۆیان بە بریکار و نوێنەری خودا دەزانن لەسەر زەوی."
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات هەندێک لەو گوتاربێژ و پیاوە ئاینیانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دەشڵێت "زوربەی هەرە زۆری ئەو گوتاربێژانە لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی و پشتیوانی گەرمیان لێدەکرێت، لەسەر ئاستی باڵا پشتیوانی دەکرێن و شوێنیان بۆ دابیندەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆمەڵێک کێشەیان بۆ خەڵک و ئاسایش دروستکردووە."
خواناس وریا گلی، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ ماوەیەک پێش ئێستا لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی هێرش کەریم کە خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی توندڕەو بوو، تەقەی لێکرا و کوژرا.
لەئێستادا هێرش کەریم، تەمەن 28 ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی خواناس لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستبەسەرە. بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هێرشبەرەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا، هۆکاری کوشتنەکەی خواناسی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گێڕاوەتەوە.
شایەنی باسە خواناس وریا گلی هونەرمەند و شانۆکاربووە، هەروەها خێزانداربووە و خاوەنی منداڵێکی تەمەن 3 ساڵە. بەپێی وتەی کەسوکارەکەی ماوەی زیاتر لە مانگێکە بۆ ئیشکردن لە دوبەی بووە و دوو ڕۆژ پێش کوژرانی گەڕابووە بۆ هەرێمی کوردستان.
لەڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی وتوێژەکەی ئاسۆ جەبار بن لەگەڵ محەمەد مەعروف