Accessibility links

وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان لە سوید، ئێران ئەرکی باڵیۆزی نوێی لەو وڵاتە ڕادەگرێت


حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بە مەبەستی ئیدانەکردنی سووتاندنی قورئان لە ستۆکۆڵم ئێران ئەرکی باڵیۆزی نوێ لە سوید ڕادەگرێت.

ئەمیرعەبدوڵاهیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "هەرچەندە پڕۆسەی دانانی باڵیۆزی نوێ لە سوید تەواو بووە، بەڵام پرۆسەی ناردنی باڵیۆزی ئێران وەستاوە، چونکە حکومەتی سوید ڕێگەی بە سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز داوە".

لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوە نەکردووە تا کەی ئێران ناردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی بۆ سوید ڕادەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە باڵیۆزی سوید لە تاران کرد و ئەو چالاکییەی دژ بە قورئان مەحکوم کرد.

ڕۆژی چوارشەممە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی وڵاتی سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکە، تەمەن 37 ساڵ، ئەو کتێبە پیرۆزەی خستە ژێر پێیەکانی و چەند پەڕەیەکی لێ سوتاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی سوید ئیدانەی ئەو کارەی کرد و گوتی ""ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی حکومەتی سوید نین."

XS
SM
MD
LG