Accessibility links

میهری ڕەزایی: ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردووەتەوە


دواهەمین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە "قەبارە و قورسایی" پێشێلکارییەکان دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجام دراون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات بۆ "ئەگەری ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، کوشتن، زیندانیکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان ، دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی و گۆشەگیرکردن."

ئەم ڕاپۆرتە بە رژدی لە دوای بەیاننامەیەکی چەند پسپۆڕێکی سەربەخۆی مافەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکرابوون ئامادەکراوە، باس لەوەش دەکات "ژەهراویکردنی بە ئەنقەستی زیاتر لە 1200 کچە خوێندکار لە شارە گەورەکانی ئێران" لە هێرشە گازییەکان و "شکستی دەوڵەت لە پاراستن" و دۆزینەوەی هۆکار و چەواشەکاری شەرمەزار دەکات .

شارەزای کاروباری مافەکانی مرۆڤی ئێران میهری ڕەزایی لەم بارەیەوە دەڵێت"لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023 دا 173 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و 87 کەس لەو ژمارەیە کوردن و 85 کەسیان سەر بە تەواوی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانن."

دەشڵێت "هەر لەسەروەختی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی واتە شۆڕشی ژینا ئێران ژمارەی لە سێدارەدانەکانی زیاتر کرد. لە ساڵی 2022 دا لەتەواوی جیهاندا 883 کەس لە سێدارە درابوون، بەڵام تەنها لە ئێران 576 کەس لە سێدارە درابوون. کەواتە ئێران لە سەدا ٪65 ی رێژەی لە سێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێدەکات دژی هاووڵاتیانی خۆی."

سەرباری لە سێدارەدانەکان بەپێی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و لە تاراوگە و هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکات پێشێلکاری زۆری دیکە لە ئێراندا ئەنجامدەدرێن. بەڵام یان تۆمارنەکراون یان بێدەنگیان لێکراوە. لەو بارەیەوە میهری ڕەزایی دەڵێت "زۆر کەسیش بێ سەروشێنکراون یان لە سێدارەدراون و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بنەماڵەکانیانی وتووە کە نابێت ئاشکرای بکەن و باسیان لێوەبکەن."

بەشێکی دیکەی پێشێلکارییەکان پەیوەندی بە کوشتنی ڕاستەوخۆوە هەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە باسیان لێوەکردووە، بەڵام ژمارەیەکی تەواوەتیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی "کۆڵبەرنیوز" کە بەشێوەیەکی تایبەت چاودێری هەواڵەکانی پەیوەست بە کۆڵبەرانەوە دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 61 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و جادە و بانەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنوور و ڕووداوە سروشتییەکان یان بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.

میهری ڕەزایی دەڵێت "لە ئێستادا لە ئێران بە نهێنی خەریکە جینۆساید ئەنجامدەدرێت، زوربەی ئەوانەشی کە لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریان کردبوو فەرمانی لە سێدارەدانیان لەسەرە."

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی 6 ی 2023 دا لانیکەم 168 هاووڵاتیی لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکراون و بەراوردکردنی ئەم ئامارە لەگەڵ ئاماری مانگی 5 دا 107حاڵەت تۆمارکرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم 77 هاووڵاتیی کورد و 50 هاووڵاتیی بەلووچ دەستبەسەرکراون. هەروەها 25 کەسیان ژنن و 16 کەسیان منداڵ و 7 کەسیان خوێندکار و مامۆستای قوتابخانە بوون.

لە کۆتاییدا سەرباری پێشلکارییە هەرە زۆرەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بە پێی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕیکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەروا بەردەوامە و ژمارەی لە سێدارەدانیش لە بەرزبوونەوەدایە. میهری رەزایی دەشڵێت "ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە کە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردۆتەوە."

دەقی وتووێژەکەی میهری ڕەزایی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:33 0:00

XS
SM
MD
LG