بۆ دواجار کۆتاییهێنرا بە کار و ئەرکەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، تەنانەت بەبێ ئەوەی وادەیەکی فەرمی دەستنیشان کرابێت بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم کۆتاییهێنانە بە خولی پێنجهەمی پەرلەمان، دوابەدوای بڕیاری دادگای باڵای عێراق بوو سەبارەت بەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێم، کارێکی پێچەوانەی دەستوری وڵاتەکەیە.
یەکەم جار بڕیاربوو لە مانگی 10ی ساڵی 2022دا هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەوە لەسەر ژمارەیەک پرس، لەوانە نۆژەن کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، هەڵبژاردن دواخرا و تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە تابگوترێت لەمساڵدا هەڵبژاردن دەکرێت، هەرچەندە هەر هەموو لایەنە سیاسییەکانیش جەخت دەکەنەوە لەوەی هەڵبژاردن بکرێت بەڵام، کەی، ئەوەیان هێشتا دیارنییە.
زۆرێک لە پسپۆڕانی یاسایی لەوبڕوایەدان بەهۆی داخستنی پەرلەمانەوە، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بۆشاییەکی یاساییەوە.
چاودێرانیش لەوبڕوایەدان بە داخستنی پەرلەمانی هەرێم، هێز و دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم زیاتر دەبێت، چونکە هیچ چاودێرییەکی بە سەرەوە نامێنێت و وەک دەڵێن دیاردەکانی گەندەڵیش زیاتر دەبن.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت "ئەگەر داخستنی دەرگای پەرلەمان لە 2015دا، داخستنی دەرگا بووبێت بە ڕووی چاکسازیدا، ئەوا ئەمجارەیان داخستنی دەرگایە بە ڕووی ڕەوایی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییەی لە دوای ساڵی 1992دا لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە کە پشتی بەستووە بە ڕەوایی شۆڕشگێڕیی."
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم ئاماژەش بەوە دەکات هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستاندا ڕووکەش بوون و یەکلاکەرەوەش نەبوون بۆ ململانێ سیاسییەکانی نێوان هێزە باڵادەست و فەرمانڕەواکان.
ئایا ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت لە هەرێمی کوردستان، ڕەوایی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە هەرێمەکەدا؟
دکتۆر یوسف دەڵێت "بەم شێوازەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا هەیە و دوو هێزمان هەن کە سوپەر هێزن، واتە لە سەرو هەموو لایەنەکانەوەن و لە سەرو هەموو دەسەڵاتەکانیشەوە لە هەرێمی کوردستاندا، لەناو ئەو هێزانەشدا جومگەی سەرەکی هەن کە خێزانە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانن، جا بەم شێوازەی ئێستا هەم هەڵبژاردن کردن ئەستەمە، هەمیش ناتوانێت ئەو ڕەواییە بێنێتەوە ئارا."
دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ دکتۆر یوسف محەمەد: