Accessibility links

مەزڵوم عەبدی داوای دەستپێکردنەوەی وتووێژی لایەنە کوردییەکانی سوریا دەکات


فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) داوای لە لایەنە کوردییەکانی سوریا کرد کە جارێکی دیکە گفتوگۆی ناوخۆیی دەستپێبکەنەوە.

مەزڵوم عەبدی لە میانی دیدارێکی نێودەوڵەتی لەسەر پەیماننامەی لۆزان کە لە حەسکە بەڕێوەچوو، لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوای دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کرد لە نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتی نیشمانی کورد لە سوریا ( پەیەنەکە).

لە 17 ی مانگی شەشی 2020ەوە هەردوولا چەندین جار کۆبوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ یەکخستنی بۆچوونەکانی هەردوولا، نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر .

ساڵح گەدۆ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەنەکە دەڵێت کوردەکان سوریا بڕیاری سەربەخۆیان نییە " ناکۆکی نێوان کوردەکان هەر زیاتر دەبوو و وتووێژەکان هەر تێکدەچوون و بەرەودوا دەگەڕانەوە. ئەمڕۆش من هیچ تروسکاییەک نابینم کە ئەو دیالۆگە جارێکی تر زیندووبکرێتەوە."

لایەنەکەی تری دیالۆگەکە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، ئەنەکەسە، پەیەدە بە تێکدانی وتووێژەکان تۆمەتبار دەکات.

حەسەن ڕەمزی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ئەنەکەسە تێکچوونی وتووێژەکان بە زیانێکی گەورە بۆ گەلی کورد لە سوریا ناودێر دەکات لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت " ئێمە ئامادەین ئێستاش لەو خاڵەوەی کە تیایدا ڕاوەستابووین لەوێیوە دەستپێبکەینەوە."

دیالۆگی نێوخۆیی کوردەکانی سوریا بەرەو کوێ
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:24 0:00

ڕەمزی جەخت لەوە دەکاتەوە مەرجیان بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگەکان ئەوەیە لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە کە تیایدا ڕاوەستابوون.

مەرجەکانی ئەنەکەسە بۆ ڕێککەوتن بریتی بوو لە بابەتەکانی پەیوەست بەشداری ئەنجومەنەکە لە بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکانی سوریا و بەشداری کردنی پێشمەرگەی ڕۆژ.

شەقامی کوردیش بێباوەڕی خۆیان بە پڕۆسەی دیالۆگی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سوریا نیشان دەدەن و دەڵێن لە دۆخێکدا نین کە لە پێناو بەرژەوەندی گەل ڕێکبکەون.

عیسا حەبیب دانیشتوویەکی قامشلۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەگەر بەرژەوەندییەکانی خۆمان وەلاوەنێین ئەوا دەتوانین ڕێکبکەوین، دەبێت ئێمە بەرژەوەندی میلەتەکەمان و خاک و وڵاتی خۆمان پێش بەرژەوەندی خۆمان بخەین."

عەبدولکەریم مەعسوم دانیشتوویەکی تری قامشلۆ پێی وایە کوردەکانی سوریا لە مەترسیدان و دەڵێت " دەبێت ئێمە تۆزێک بیرلەخۆمان بکەینەوە، ئێمە لە ژێر مەترسیداین، ئێمەدەکەوینە ژێر پێ ئەگەر ڕەوشەکە وابمێنێت."

ڕۆژی 17ی شەشی 2020 هەردوو لایەنی سیاسی بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی و ویلیام ڕۆبەک نێردەی تایبەتی ئەوکاتەی ئەمەریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆچوونێکی سیاسی هاوبەشیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند و تاوتوێی هەنێک لە پرسەکانی وەک بەڕێوەبردن و پاراستن و بەرگری بە هاوئاهەنگی، تیادا کرابوو.

سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا بۆ گەیشتن بە دیالۆگی ناوخۆیی کوردەکانی سوریا، دیارە ململانێکانی هەردوولا لە ڕێککەوتنە زیاترە.

XS
SM
MD
LG