Accessibility links

ئێران بە تۆمەتی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هونەرمەندێکی میوزیکی ڕاپدا دەسەپێنێت


میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە بڵاویانکردەوە، ڕاپەرێکی دیاری ئێرانی کە ساڵی ڕابردوو پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژ بە ڕژێمی وڵاتەکەی کردبوو، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" زیاتر لە شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

توماج ساڵحی تەمەن 32 ساڵ، لە مانگی 10ی ڕابردوو دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەربڕی کە بەهۆی گیانلەدەستدان ژینا (مەهسا) ئەمینی کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵان دەستیپێکردبوو، دەستبەسەر کرا.

روزا ئیعتماد ئەنساری پارێزەری ساڵحی بە ڕۆژنامەی دەیلی شەرقی ڕاگەیاندووە، ساڵحی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای شەش ساڵ و سێ مانگی بەسەردا سەپێنراوە، کە یەکێکە لە تاوانە قورسەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەکرێت سزای لەسێدارەدانیشی لەسەربێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕاپەرە لە تۆمەتەکانی پەیوەست بە "سووکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵا"، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و "پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتە دوژمنکارەکان" بێتاوان دەرچووە.

لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا بە سەدان کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان کەس لە هێزە ئاسایشییەکانیش و هەزاران کەسیش دەستگیرکران لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەی بەرپرسان بە "ئاژاوە" ناویان بردووە کە بە وتەی خۆیان لە دوای مەرگی ئەمینی "لەلایەن وڵاتانی دەرەوە وروژێنراون".

حەوت پیاو لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتی دەربڕین کە بریتی بوون لە کوشتن و توندوتیژی دیکە لە دژی هێزە ئەمنییەکان لە سێدارە دراون.

XS
SM
MD
LG