Accessibility links

بۆچی لە ئاماری دانیشتواندا ڕێژەی پیاوان لە ژنان زیاترە؟


India World Population Day
India World Population Day

بە پێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی هەرێم ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن و نیو، وە لەو ژمارەیەش ڕێژەی دابەشبوون بە گوێرەی ڕەگەزی نێر و مێ جیاوازی تێدایە بەشێوەیەک 35 هەزار و 726 پیاو زیاتر هەن لە ژن.

دەستەی ئاماری هەرێم دەڵێت پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ دانیشتوانی هەرێم بگاتە 6,556,752 کەس، لەو ژمارەیەش 3,296,240 کەس لە ڕەگەزنامەکانیان بە نێر تۆمارکراون و 3,260,514 کەسیش بە مێ تۆمارکراون.

خەمڵاندنەکەی هەرێم لە 11ی مانگی حەوت بڵاوکراوەتەوە کە ڕۆژی جیهانی ڕێژەی دانیشتوانە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەی دیاری کردووە بۆ تیشکخستنە سەر پرسەکانی پەیوەست بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، لەسەر ئاستی جیهانی ڕێژەی گشتی دانیشتوانی گۆی زەوی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردووەوە هەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە. هەروەها مانگی چواری ئەمساڵیش ژمارەی دانیشتوانی هیندستان ملیارێک و 43 ملیۆنی تێپەڕاند، بەمەش پێش ژمارەی دانیشتوانی چین کەوتەوە کە ئێستا ملیارێک و 42 ملیۆن کەسە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتیدا دەڵێت لە ناوەڕاستی ساڵانی 1960 وە لە سەرانسەری جهیان ڕێژەی دانیشتوانی نێرینە بەرامبەر مێینە زیاترە. ڕێکخراوەکە دەڵێت ساڵی 2021 ئەم جیاوازیە گەیشتە ئاستێک کە ڕێژەی دانیشتوانی جیهانی نزیکی 44 ملیۆن نێر زیاتر بوو بەرامبەر بە مێ.

بەڵام ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات ئەم جیاوازیە لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر ببێتەوە و شیانی هەیە تا ساڵی 2050 نزیکتر ببێتەوە لە یەکسانی.

سەبارەت بە هۆکاری جیاوازیەکە، پسپۆڕان ئاماژە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەکەن، بەتایبەت لە هەندێک وڵاتانی ئاسایا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دایکان و باوکان زیاتر ئارەزووی منداڵی کوڕ دەکەن و ئاوڵەمەی کچ لەباردەبەن.

ئاژانسی سی ئای ئەی ئەمەریکا پێشبینی دەکات بەردەوامی ئەو دیاردەیە و زیاتر بەرزبوونەوەی ئەو زیاوازیە لە داهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان "نێرە گەنجەکان" لەو وڵاتانە چونکە توانای دۆزینەوەی هاوبەشی مێینەیان سنوردار دەبێت.

ئەم جیاوازیە لە وڵاتانی کەنداو بەرزترین ئاستیان تۆمارکردووە بە شێوەیەک بۆ هەر 100 دانیشتووی مێ لە قەتەر 266 نێر هەیە و لە ئیمارات 228 و لە بەحرەین 164. زۆری ڕێژەی کۆچکردنی پیاوان بەرامبەر بە ژنان بە هۆکارێکی سەرەکی ئەم جیاوازیە دادەندرێت لە کەنداو.

جگە لە هۆکارە کۆمەڵایەکان، شارەزایان دەڵێن هۆرە بایەلۆجیەکان و دیاردەی پەرەسەندیش ڕۆڵیان هەیە لەو جیاوازیە.

پرۆفیسۆر دەیڤد ستێنساڵتز لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت ڕەنگە جیاوازی ڕێژەی لەدایکبوونەکە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە نێرەکان زیاتر لە مێیەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت، "لە هەر قۆناغێکی ژیاندا، لە هەر کات و شوێنێکدا، پیاو ئەگەری مردنی زیاترە لە ژن."

بەگوێرەی ئەم بۆچوونە، سروشت قەرەبووی ئەمە دەکاتەوە بە خستنەوەی نێری زیاتر، بەشێوەیەک لە تەمەنی باڵغبوون ڕێژەکە نزیکدەبێتەوە لە یەکسانبوون.

XS
SM
MD
LG