Accessibility links

کۆمسیۆنی عێراق لەسەر داواکەی سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەبێتەوە و یەکێتی دەڵێت هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بە پەلەپەل ناکرێت


گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هەفتەی داهاتوو بڕیاردەدەن لەسەر داواکارییەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی 11 یان 12ی ئەمساڵ و پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی یەکێتیش دەڵێت "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە پەلە پەل ئەنجام نادرێت."

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە دوێنێ سێشەمە نوسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کۆتایی ئەمساڵدا گەیشتووەتە کۆمیسیۆن و هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر داواکارییەکە دەدرێت.

جومانە غەلای وتی، "نوسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێممان خستووەتە بەرنامەی کاری هەفتەی داهاتووەوە، گفتووگۆی لەبارەوە دەکەین و لەگەڵ فەرمانبەرانی هونەری پسپۆڕ قسە دەکەین، دواتر وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێم دەدەینەوە."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەمە 10/7/ 2023 بە نوسراوی فەرمی داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، لە ڕۆژی 18/11/2023 یاخود لە ڕۆژی 18/12/2023 هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە دیاری کردنی ئەو وادەیە، باڵامبۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بڕیارە بەمنزیکانە دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەمانەوە کۆببێتەوە، هەڵبژاردنی پاک و بێگەردیش بە پەلە پەل ئەنجام نادرێت."

هەروەها وتیشی"سەرۆکایەتی هەرێم پێشتریش داوای هەڵبژاردنی لە کۆمیسیۆنی عێراق کردووەو وەڵامی وەرگرتووەتەوە کە ناتوانرێت دوو هەڵبژاردن لەیەککاتدا بکرێت، بۆیە نازانین مەبەستی لەم داواکارییە چییە، تا کات و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەدەست هەرێم خۆیدا بوو نەکرا، تازە دۆخەکە بەشێوەیەک تێکدراوە بە ئاسانی چاک ناکرێتەوە."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمانی هەرێمی ژمارە (90) لە ڕۆژی 26/3 ی ئەمساڵ، ڕۆژی 18/11/2023 ی وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بڕیاری یەکلایی کەرەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کەوتووەتە دەست کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق.

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕووننەکردەوە کە ئایا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەو دوو وادەیەی کە سەرۆکایتی هەرێم دیاریکردووە ئەنجامبدات، بەڵام جەختی کردەوە ئەوان "مەبدەئیەن" ئامادەن هەڵبژاردنەکان بەڕێوەببەن.

بەهۆی بە نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵی و کارانەبوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم و دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە، بەپێی یاسا دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.

زیرەک کەمال راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکایەتی هەرێم بە پێی یاسا ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریدەکات، کۆمیسیۆنیش هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات، بۆیە ئێستا مەسەلەکە لای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقە."

ئەو وتیشی، "دەبێت کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات. ئەوانیش نەیانوتووە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەنابەین، تەنها کێشەیان لەگەڵ کاتە، بۆیە دواجار هەر دەبێت ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات."

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بەنادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گێڕایەوە چوارچێوەی سەرەتا، بەو پێیەی هەوڵیاندا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاساکە هەمواربکەنەوە.

لە دانیشتنی ڕۆژی 22 ی ئایاری 2023 ی پەرلەمانی کوردستاندا، زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە بێ ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی لە نێو پەرلەمان دروستکردو سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بەدانیشتنەکە هێنا.

دواتر فراکسیۆنی پارتی جەختی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کردەوە، لەکاتێکدا یەکێتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر رێگریکردن لە سەرگرتنی دانیشتنەکەی پەرلەمان کردەوە.

داواکارییەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتێکدایە، هێشتا کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم کۆتایی نەهاتووە، یەکێتی داوای فرە بازنەیی و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا دەکات و پارتیش بەشێک لە داواکارییەکان ڕەتدەکاتەوە.

فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2/5/2023 سکاڵای لەدادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە و چاوەڕواندەکرێت ئەو دادگایە هەفتەی داهاتوو لەبارەی سکاڵاکەوە کۆببێتەوە.



XS
SM
MD
LG