Accessibility links

محەمەد نەزیف قادری: هەتا ئێستا نزیکەی 400 ئەندامی حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستاندا کوژراون



دوای دیار نەمانی ئەندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە نزیک هەولێر تەرمەکەی دۆزرایەوە.

محەممەد نەزیف قادری بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، ئەندامێکی حزبەکەیان بەناوی سیامەند شابۆیی تەمەن 35 ساڵ ، کەپیشەی وەستای ئاسنگەری دەرگە و پەنجەرە بووە، لە "دەوروبەری شارۆچکەی بەحرەکە لە نزیک هەولێر لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە".

نەزیف قادری وردەکاری کوژرانی ئەندامەکەیانی بۆ دەنگی ئەمەریکا گێڕایەوە و گوتی "پاشنیوەڕۆی دوێنێ (سێشەممە) کەسێک پەیوەندی بەسیامەند دەکات و پێی دەڵێت وەرە ئەندازەی خانوەکەم بۆ بگرە بۆ ئەوەی هەندێک ئیشی ئاسنگەریم بۆ بکەیت. بەڵام دەیباتە گوندی بەستۆرە و لەوێ لە چۆڵەوانیەک بە دوو فیشەک دەیکوژێت. دوای 24 کاتژمێر تەرمەکەیمان دۆزیەوە و ئێستاش لە پزیشکی دادی هەولێرە و توێکاری بۆ دەکرێت".

دەربارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی تەرمەکە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبی دیموکرات وتی کە هەواڵەکە لە میدیاییەکی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بڵاوکراوەتەوە ئینجا کوژرانی ئەندامەکەیان ئاشکرا بووە.

ناوەندی تەشکیلاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکیدا دەڵێت، "بەدەستی مرۆڤکوژ و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراوە." ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت سیامەند شابۆیی خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆ بوو.

محەمەد نەزیف لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "لە 30 ساڵی رابردوودا نزیکەی 400 بەرپرس و پێشمەرگە و ئەندامی حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کوژراون."

محەمەد نەزیف ڕایگەیاند، "لەسەر ئەو تاوانانەی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان دەیکات، داوای لێکۆڵینەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکەین هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانمان لە هەرێم."

ئەمە لەکاتێکدایە کە شەوی 6ی ئەم مانگەش دوو ئەندامی حزبی دیموکرات لەکاتی گەشتێکیاندا لە قەڵادزێ کوژران. ئەو کات حزبەکە رایگەیاند" چەند کەس لە ئەندامانی حزب کە بە سەردان چووبوونە دەوروبەری "ھەڵشۆ"ی سەر بە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان، لەلایەن بەکرێگێراوێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو تەقەیان لێ دەکرێت و بەداخەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی عادڵ موھاجیر ناسراو بە "سەرباز" و لوقمان ئاجی، شەھید دەبن."

محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی وشکانیی سوپای پاسداراندا لە شاری مەشهەد رایگەیاند وڵاتەکەی دوو مانگی داوە، تا 22ی مانگی نۆ، بە عێراق بۆ چەککردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.

باقڕ هەڕەشەی کردووە و وتویەتی، "ئەگەر ئەو وادەیە تێبپەڕێت و ئەو هێزانە چەکەکانیان لەدەست بمێنێت یان هەر چالاکیەکی سەربازی ئەنجامبدەن، ئۆپەراسیۆنەکانمان بێگومان بەهێزتر لە جارانی پێشوو دەستپێدەکەنەوە."

ئەم گوتانەی باقڕ لەدوای ئەوە دێت کە لە چەند ساڵی رابردوو ئێران هێرشی موشەکی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان. دواین بەهێزترین هێریش موشەکیش رۆژی 28ی 12ی 2022 بوو کە بەدوایەوە ئێران بۆ ماوەی نزیکە 3 هەفتە بەردەوام سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد.

ڕپۆرتی ئەیوب وەرتی بۆ دەنگی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG