فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان لە هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتەکەی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا 44 حاڵەتی سەرپێچیکردنی مافی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کورستان تۆمارکراوە.
نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەوانای سەربەخۆ و ڕێکخەری ڕێکخراوە ڕۆژنامەنوسییە جیهانییەکان لە پاریس دەڵێت لە هەرێمی کوردستان " لە چەند ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی لە سەدەمی ئەم کابینەیە، کابینەی 9 پێشێلکردنی ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕینی کردووە بە ستراتیژ."
قسەکانی خاتو نیاز عەبدوڵا لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان دیندار زێباری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هیچ کەس لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەستگیرنەکراوە و هیچ ڕۆژنامەنووسێکیش بە هۆکاری ڕۆژنامەنووسی لە زیندان نییە". پێشی وایە لە کابینەی نۆیەمدا بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە ماف و ئازادیەکان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
نیاز عەبدوڵا دەڵێت بەڵگەکان جیاوازن لە قسەکانی زێباری "لە ئێستادا 3 ڕۆژنامەنوس لە زیانداندان و لە زیندانی بادیناندان، پێشتریش چەندین ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون و زیندانی کراون."
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە لێدوانەکەیدا جەختیشی لەوە کردەوە " هیچ کەس لە کوردستان لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرنەکراوە و لە زیندان نییە. زیندانی نهێنی بۆ هیچ مەرامێکی سیاسی نییە و تەحەداش دەکەین؛ پێمان خۆشە پێمان بڵێن ئەگەر کەسەکەش هەیە با بەناو پێمان بڵێن."
لە وەڵامی ئەم قسە ئەم لێدوانەی دیندار زێباری نیاز عەبدوڵا دەڵێت "ماوەیەکی زۆر نییە لەلایەن هەندێک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانەوە باس لە زیندانە نهێنییەکانی شەقڵاوەو شوێنەکانی دیکە کراوە و بەڵگەکان خراونەتەڕوو کە کێ و کێ لە زینداندا ماونەتەوە."
هەروەها دەشڵێت "هێشتا بەشێک لە پێشلکارییەکان بە شارەوەیی ماونەتەوە." جەختیش لەوە دەکاتەوە "کۆمەڵیک پیشێلکاری هەیە کە تائێستا تۆمارنەکراون، پێشێلکارییەکان زۆر لەوە زیاترن کە سەنتەری میترۆ یا ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان خستویانەتەڕوو."
بە پێی ڕاگەیاندنێی سەنتەری میتۆ ساڵی ڕابردوو 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، وە بە پێی ئەم ئامارانەش بێت پێشێلکاریەکان لە ساڵی 2022 دا زیادی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا چەندین ڕێکخراوی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیاندا هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ. هەریەکە لە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئاماژە بە نیگەرانییەکانیان دەکەن سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی ئازادی.
نیاز عەبدوڵا لە ڕەخنەکانیدا باس لەوە دەکات کە "ئەوان لە بنەماوە ڕۆژنامەنوس وەک دوژمن و تێکدەر تەماش دەکەن." دەشڵێت "بارودۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنوسان باش نییە و بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان ڕووبەڕووی هەڕەشەدەبنەوە."
وتوێژەکەی ئاسۆ جەبار لەگەڵ نیاز عەبدوڵا: