Accessibility links

گەشتی مەحاڵی بریندارێکی چەکی کیمیایی بەرەو بەغدا


بەهۆی پێکانی ڕاستەوخۆی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا هەردوو قاچەکانی لەدەستداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە گەشتێکی مەحاڵدا دەیەوێت بە گەرمای بە تینی هاوین و بە بەکارهێنانی کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر لە 350 کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە بەرەو بەغدا ببڕێت.

شاهۆ حسێن قادر بریندارێکی چەکی کیمیاییەوە و هەردوو قاچەکانی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 16ی مانگی سێی 1988 لە دەستداوە. ئەو ڕۆژی سێشەمە 18ی مانگی حەوتی 2023 لە هەڵەبجەوە بە عەرەبانەکەی بەڕێکەوت کە چەند تیمێکی تەندروستی لە هەڵەبجە و سەید سادق تا گەشتنی بە سلێمانی چاودێریان کرد و بڕیارە ئەم شەو لە سلێمانی بمێنێتەوە و لەوێشەوە سبەینێ دەست بە گەشتەکە دوورو درێژەکەی بکاتەوە کە چاوەڕواندەکرێت نزیکی دوو هەفتە بخایەنێت، وە دوای گەیشتنی بە بەغدا سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات.

شاهۆ حسێن قادر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لە بەرامبەر گەیاندنی داواکاری بریندارانی چەکی کیمیایی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەم بڕیارەم داوە، کە 35 ساڵە بریندارانی چەکی کیمیایی بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنن. ئەوەی کە حکومەتی هەرێم بۆی کردووین وەک پێویست نەبووە، بۆیە دەچم ئومێدم بە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە داواکارییەکانم لێ وەربگرێت کە سەرەکیترینیان چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاییە لە دەرەوە. "

بڕیارێکی وەها بۆ کەسوکاری شاهۆ حسێن قادر ئاسان نەبوو، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ئەوان دەترسن گەرمای بەتینی بیابانەکانی عێراق تەندروستی بخاتە مەترسییەوە.

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و چەند کەسایەتی و چالاکوانێک دوای بڕیارەکەی شاهۆ بۆ گەشتەکەی داوای لێدەکەن بیر لە شێوازێکی دیکە بکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامەکە بەڵام شاهۆ سوربوونی خۆی لەسەر گەشتەکەی دووپات دەکاتەوە وەک خۆی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " من هەر بڕیارێکم دابێت جێ بەجێم کردووە، واناسراون لەلای کەسوکار و هاوڕێکانم کەلەڕەقم وەک کوردەواری دەڵێت بۆیە ڕێگاکە هەرچەند سەختبێت ئەوا من دەبێت بگەمە بەغدا، سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەم کە داوایان کرد لەبەر خۆم کە گەشتەکە ئەنجام نەدەم ".

شاهۆ ڕایگەیاند ئەو پێشتر لە ئەوروپا و ئەمەریکا بەشداری ماڕاسۆنە وەرزشیەکانی کردووە، بە تایبەت ئەو ماڕاسۆنانەی بۆ سپۆنسەرکردنی منداڵانی نەخۆش و کەسانی کەم دەرامەت ئەنجامدەدرێن.

شاهۆ حسین لەو بارەوە دەڵێت، " بەشداری نیویۆڕک ماڕاسۆنم کردووە لە ئەمەریکا کە مەوداکەی 42 کلیۆمەتر بووە و یەکێک لە مەڕاسۆنە بەناوبانگەکانە بۆ پشتیوانی کردن لە منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە؛ وە چەندین ماڕاسۆنی دیکە و ڕۆژانەش ڕاهێنان ئەنجام دەدەم."

برینداربوونی بە هۆی چەکی کیمیاییەوە

کاتێک لە 16ی مانگی سێی 1988 ڕژێمی بەعس لە سەرلەبەیانی ڕۆژەکەدا بە چەکی ناپاڵم هەڵەبجەی بۆردومانکرد تا نزیک نیوەڕۆ، شاهۆ چەند پارچەیەکی بەرکەوت و قاچەکانی لە دەستدا.

ئەو ڕووداوەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە: " یەکەم بۆمب کە بەر گەڕەکی سەرا کەوت، من برینداربووم و دواتر لە ڕێگەی سەربازانی ئێرانەوە برامە ئێران و هەردووقاچەکانم لەدەستدا. شەش مانگ لەوێ مامەوە. لەگەڵ مندا براکانیشم برینداربوون بەڵام ئەوان وەک من نەبووم بۆیە بەناچاری لە ئێران ماوەیەکی زۆر مامەوە و دواتر گەڕامەوە ".

هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی تایلەندی

شاهۆ حسێن لە ساڵی 2008 لە بەریتانیاوە بە گەشتێک دەچێتە تایلەند و لەوێ ژنێکی تایلەندی دەناسێت و دواتر هاوسەرگیری دەکەن. ئەوان ئێستا خاوەنی دوو منداڵن.

شاهۆ حسێن قادر سەبارەت بە هاوسەرگیریەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ساڵی 2003 وە چوومە بەریتانیا و لەوێ نیشتەجێ بووم ، دواتر بۆ مەبەستی گەشت چوومە تایلەند. لەوێ ڕاهێنانم ئەکرد بۆ ئەوەی کەگەڕامەوە لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل بە عەرەبانەکەم بگەڕێمەوە هەڵەبجە. لەو سەروبەندەدا بوو ئەوم ناسی و هاوسەرگیرمان کرد".

وتیشی، "ئێمە ئێستا دوو منداڵمان هەیە کە کوڕێک و کچێکن بەناوەکانی حەمەشا و هەڵەبجە و زۆر خۆشبەختین پێکەوە دەژین و هاوکارو تەواوکەری یەکترین."

سۆمیتا بوما، هاوسەری شاهۆ، جەختی لەسەر هاوکاری خەڵکی هەڵەبجە کردەوە لە سەرەتاکانی ژیانی لەو شارە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "سەرەتا بۆمن زەحمەت بوو کە کەلتورمان جیاواز بوو ، بەڵام خەڵکی ڕێزێکی زۆریان لێگرتم و منیش بە هەڵەبجە ڕاهاتم و ڕۆژانەش خۆم دەچمە بازاڕ و پێداویستیەکانی ڕۆژانە دەکڕم. "

سۆمیتا لەکاتی بەڕێکردنی شاهۆدا ئاماژەی بەوەکرد" دڵم لای هاوسەرەکەمە، ئەو سورە لەسەر ئەو بڕیارانەی کە دەیاندات، هیوادەخوزام ئەوەی دەیەوێت جێ بەجێی بکات و دڵم لایەتی و بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبم لەگەڵی، هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هاوڕێیەتی بکەن تا بەسەلامەتی بگەڕێتەوە لامان ".

تیمی تەندروستی چاودێری گەشتەکەی دەکەن

لە کاتی بەڕێکەوتنی شاهۆدا لە هەڵەبجە و سەیدسادق و سلێمانی، لە ڕێگەی سێ تیمی تەندروستیەوە لە ڕێگەکەدا چاودێری تەندروستی کراوە.

شاهۆ حسێن قادر سەبارەت بە یەکەم ڕۆژی گەشتەکەی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە کاتژمێر 5:30 خولەکی سەرلەبانی بە ڕێکەوتم ، ڕێگاکە زۆر گەرم بوو، مەترسی ڕووداوی هاتووچۆش هەبوو بە تایبەتی کە ئەمبوڵانسەکان لە پشتەوەی منەوە بوون. منیش لەسەر خۆ ڕێگەم کردووە، لە خەمی ئەواندا بووم کە ڕووداوێک ڕووبدات. منداڵ و خێزانەکەشم بەردەوام لە پەیوەندی دا بوون، لە تەندروستی منیان دەپرسی.

من ئەگەر حکومەتی هەرێم بەدەم بریندارانەوە بوایە بۆ ئەم مەترسیەم دەخستە سەرژیانی تیمەکان و خۆشم ".

بریندارێکی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بە عەرەبانەکەی بەرەو بەغدا بە ڕێدەکەوێت
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:51 0:00

شاهۆ ئێستا گەشتووەتە شاری سلێمانی و ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە پێشوازی لێ کراو بڕیارە سبەینێ گەشتەکەی دەست پێبکاتەوە.

بڕیاروایە ڕۆژی چوارشەممە 19ی مانگی حەوتی 2023 بەرەو چەمچەماڵ و کەرکوک بەڕێبکەوێت. دەشڵێت، "لەبەر ئەوەی بتوانم ڕێگە بکەم تەنها ئاوم خواردووەتەوە؛ نابێت خواردن بخۆم تا بتوانم بە باشی ڕێگەکە ببڕم و پەیامەکەم بگەیەنم."

XS
SM
MD
LG