Accessibility links

ژنان لە ئەفغانستان ناڕەزایەتی دژ بە داخستنی ساڵۆنەکانی جوانکاری دەردەبڕن


بەرپرسانی ئاسایش لە ئەفغانستان تەقەیان بە ئاسماندا کرد و هێزی ئاویان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی دەیان ژنی ئەفغانی کە ڕۆژی چوارشەممە لە کابوڵ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان بۆ داخستنی هۆڵەکانی جوانکاری (ساڵۆن).

لە دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە مانگی هەشتی 2021، حکومەتی تاڵیبان، چوونی کچان و ژنانی بۆ خوێندنگە ئامادەییەکان و زانکۆکان قەدەغە کردووە و هەروەها چوونی ژنانی بۆ پارەکەکان، شاری یاری و هۆڵەکانی وەرزش قەدەغە کردووە و فەرمانی پێکردوون لە شوێنە گشتیەکاندا خۆیان بە تەواوەتی داپۆشن.

ئەو فەرمانەی مانگی ڕابردوو دەرچووە، دەبێتە هۆی داخستنی هەزاران ساڵۆنی سەرانسەری وڵاتەکە، کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن و زۆربەیجاریش تاکە سەرچاوەی داهاتە بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان و یەکێکە لەو دەرفەتە کەمانەی کە بۆیان ماوەتەوە بۆ ئەوەی لە دووری ماڵەوە پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەبێت.

لە یەکێک لە دروشەمە نوسراوەکانی کە ژنێکی خۆپیشاندەر بەرزی کردبووەوە نوسرابوو ، " نان و ئاوم لێ زەوت مەکەن."

ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ئەفغانستان دەگمەنن -- و زۆرجار بە زۆر بڵاوەیان پێدەکرێت -- بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس نزیکەی 50 ژنی بینی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی چوارشەممەدا کرد، ئەمەش بە خێرایی سەرنجی کارمەندانی ئاسایشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

دواتر ڤیدیۆ و وێنەی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕۆژنامەنووسان بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دەسەڵاتداران هێزی ئاویان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنیان لەکاتێکدا دەنگی تەقەش دەبیسترێت.

کرێکارێکی ساڵۆن کە بۆ پاراستنی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێس ناوی بڵاونەکراوەتەوە، دەڵێت "ئەمڕۆ ئەم ناڕەزایەتییەمان بۆ قسەکردن و دانوستان ڕێکخستووە، بەڵام ئەمڕۆ کەس نەهات قسەمان لەگەڵ بکات، گوێمان لێبگرێت، هیچ گرنگییەکیان پێنەداین و دوای ماوەیەک بە تەقەی ئاسمانی و هێزی ئاو بڵاوەیان پێکردین".

لە کۆتایی مانگی شەشدا وەزارەتی "بەرەوپێشبردنی چاکەو و ڕێگریکردن لە خراپە " مانگێک مۆڵەتی بە ساڵۆنەکان دا تا دابخرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانە بەهۆی ئەوە دەرچووە کە "ئەو بڕە پارە ئیسرافییەی کە بۆ گۆڕانکارییەکان خەرجکراوە، بووەتە هۆی سەختی بۆ خێزانە هەژارەکان، هەروەها هەندێک کاری کە لە ساڵۆنەکاندا دەکرت نائیسلامیین."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆری ماکیاژکردن ڕێگری لە خانمان دەکات دەستنوێژی دروست بۆ نوێژ بگرن، هاوکات دانانی برژانگی دەستکرد و قژی دەستکردیش قەدەغە کراوە.

کۆپییەکی ئەو فەرمانە کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم فەرمانە لەسەر بنەمای " ڕێنمایی زارەکی ڕێبەری باڵا " هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادەیە.

ساڵۆنەکانی جوانکاری لە سەرانسەری کابوڵ و شارەکانی دیکەی ئەفغانستاندا لە ماوەی 20 ساڵی کە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتەدابوون گەشەی سەند.

ئەو ساڵۆنانە وەک شوێنێکی سەلامەت بۆ کۆبوونەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دوور لە پیاوان سەیر دەکران و دەرفەتی بازرگانی گرنگیان بۆ ژنان ڕەخساند.

جیاکاری جێندەری

لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ڕیچارد بێنت، ڕاپۆرتنوسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەفغانستانەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، ڕایگەیاندووە، دۆخی نالەباری ژنان و کچانی ئەو وڵاتە "لە خراپترینەکانی جیهاندایە".

بینێت گوتیشی "جیاکارییەکی ئاشکرا و بە شێویەکی سیستماتیکی و دامەزراوەیی بەرامبەر ژنان و کچان لە ناخی ئایدۆلۆژیا و حوکمڕانی تاڵیباندایە، ئەمەش نیگەرانیی دروست دەکات کە لەوانەیە ئەوان بەرپرسیار بن لە ئاپارتایدی جێندەری."

ئاخوندزادە کە بە دەگمەن لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەوێت و بە فەرمانێک لە شوێنی سەرهەڵدانی تاڵیبان لە قەندەهارەوە حوکم دەکات، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، ژنانی ئەفغانستان بە پەسەندکردنی حوکمڕانی ئیسلامی لە "چەوساندنەوە نەریتیەکان" ڕزگار دەکرێن و پێگەی ئەوان وەک "مرۆڤێکی ئازاد و شکۆمەند" دەگەڕێندرێتەوە.

ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ دابینکردنی "ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەران بەپێی شەریعەتی ئیسلامی" بۆ ژنان نراوە.

هەروەها ژنان زۆرتر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوە ناحکومییەکان کارەکانیان لێ قەدەغە کراوە و هەزاران کەسیش لە کارە حکومییەکان دوورخراونەتەوە یان مووچەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG