Accessibility links

سەربازێکی ئەمەریکایی لە ژێر دەستی کۆریای باکوورە پاش ئەوەی سنووری وڵاتەکەی بەزاندووە


سەربازێکی ئەمەریکایی کە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە، ڕووبەڕووی ڕێکاری سزادان بوبووەوە، پێدەچێت لە ژێر دەستی کۆریای باکووردا بێت دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو سنوورەی بەزاند کە هەردوو کۆریا جیادەکاتەوە لە ناوچەی هانمونجۆم.

لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە یەکێک لە سەربازەکانمان کە لە گەشتێکدا بووە، بە ئەنقەست و بەبێ مۆڵەت، هێڵی سنووردارکردنی سەربازی، بەزاندووە. ئێمە پێمان وایە لەلایەن کۆریای باکوورەوە دەستبەسەر کراوە."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتیشی " بەم شێوەیە، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری و لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکەین و کاردەکەین بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری نزیکی سەربازەکە." گوتیشی "من بە تەواوی لە پێش هەموو شتێکەوە خەمی خۆشگوزەرانی سەربازەکانمانم. و بۆیە، ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەمە دەمێنینەوە."

بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو سەربازەی کە سوپای ئەمەریکا بە تراڤیس تی کینگ، ناساندوویەتی، سەربازی پلە دووی تایبەتە، نزیکەی مانگ و نیوێک بووە لە نێوەندێکی دەستبەسەرداگرتن بووە لە کۆریای باشوور بەهۆی ڕێوشوێنی سزادانییەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا بردراوەتە فڕۆکەخانە بەڵام هەرگیز سواری فڕۆکەکە نەبووە. ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس و فرانس پرێس، دەڵێن، کینگ بەم دواییە لە زیندانێکی کۆریای باشوور ئازادکراوە دوای ئەوەی بە تۆمەتی شەڕکردن و دەستدرێژیکردن ، سزا دراوە.

بەرپرسێکی دیکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، بڕیاربوو ئەو سەربازە بەرەو ئەمەریکا بڕوات.

تا ئێستا ڕوون نییە کە کینگ چۆن لە ناوچەی پارێزراوی فڕۆکەخانەوە گەیشتووەتە ناوچەی سنووری.

بەرپرسان دەڵێن، ئەو سەربازە بەشداری گەشتێکی گوندی پانمونجۆمی سنووری کۆریای کردووە و لەوێش هەڵاتووە بۆ ئەودیوی سنوورەکە.

فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هێزێکی سەربازی فرەنەتەوەییە و لە گوندە سنوورییەکان جێگیر بووە بۆ پاراستنی وەستانی جەنگی کۆریای ساڵانی 1950کان، ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سوپای کۆریای باکوور کاردەکەن بۆ "چارەسەرکردنی ڕووداوەکە".

بەپێی ڕۆژنامەی دی چۆسون ئیلبۆی کۆریای باشوور ئەو سەربازەی کە باسی لێوە دەکرێت لەناکاو لە کاتژمێر 3:27 ی پاشنیوەرۆی سێشەممە سنووری فەرمی بەزاندووە.

پێدەچێت هیچ تەقەیەک لەو شارۆچکە سنوورییەدا ڕووینەدابێت کە بە شێوەیەکی گشتی سنوورێی گرژ و ئاڵۆزە و سەربازانی هەردوو کۆریا لە سەردەمی پێش کۆڤید هەمیشە ڕووبەڕووی یەکتر لەوی وەستابوون.

ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە سوپای کۆریای باشوور لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بۆ ئەگەری کرداری وروژینەر لەلایەن کۆریای باکوور دوای ئەوەی ژێردەریایییەکی موشەکی بالیستی ئەتۆمی ئەمەریکایی لە هەمان ڕۆژدا گەیشتە بەندەری شاری بوسان لە باشوور.

گەیشتنی کەشتیی یو ئێس ئێس کێنتاکیی کە توانای هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی ترایدەنت دووی هەیە بە مەودای 12 هەزار کیلۆمەتر، هەنگاوێکی زۆر سیمبولییە کە واشنتۆن پشتگیری کۆریای باشوور دەکات لە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی کۆریای باکووردا.

کورت کامپبێل، ڕێکخەری کۆشکی بۆ کاروباری هیندو پاسفیک لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سیئۆل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمە یەکەم سەردانی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمەریکایە لە ماوەی دەیان ساڵدا.

کامپبێل سەرکردایەتی شاندێکی 30 کەسی دەکات بۆ دەستپێکردنی گروپی ڕاوێژکاری ئەتۆمی یان NCG بە فەرمی لەگەڵ سیئۆل. کۆریای باشوور دەڵێت ئەم دەستپێشخەرییە هاوپەیمانیەکەیان بەهێزتر دەکات بۆ هاوپەیمانییەک کە بنکەیەکی ئەتۆمی بێت. ئەوە بەدیهێنانی بەڵێنێکە کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و یۆن سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور لە مانگی نیساندا داویانە، وەک لە جاڕنامەی واشنتۆندا هاتووە.

بەیاننامەیەکی هاوبەش دوای کۆبوونەوەی یەکەمی NCG ئاماژەی بەوەدا کە هەر هێرشێکی ئەتۆمی کۆریای باکوور دژی ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانی "دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی ئەو ڕژێمە" و هێرشی ئەتۆمی دژی کۆریای باشوور "بە وەڵامێکی خێرا و سەرسەخت و یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە".

تێبینی: بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکا هاوکار بووە بۆ زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە

XS
SM
MD
LG