Accessibility links

بريندارەکەی هەڵەبجە گەشتە بەغدا؛ "تەندروستیم زۆرباشە بەڵام ماندووش بووم"

دوای ئەوەی ئێوارەی 20 ی حەوتی 2023، شاهۆ حسێن بە عەرەبانەکەی گەشتە پارێزگای کەرکوک و بۆ ڕۆژێک مایەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو درێژەی بە گەشتەکەی دا و چەند شارۆچکەیەکی خوار کەرکوکی تێپەڕاند.

٢١:٢٦ ٨.٨.٢٠٢٣

شاهۆ حسێن قادر دوای بڕینی زیاتر لە 392 کیلۆمەتر ڕێگە بە عەرەبانەی خاوەن پێداویست و لە کەشوهەوایەکی گەرم و مەترسیدار لە بەرواری 27 ی حەوتی 2023 گەشتە بەغدا و ماوەی 11 ڕۆژە لە بەغدا چاوەڕوانی بینی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و دەڵێت ئەگەر سەرۆک وەزیران بەدەمیەوە نەیەت ئەوا لە بەردەم بینای سەرۆک وەزیرانی عێراق ماندەگرێت .

شاهۆ حسێن لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بینینی بە شێک لە فراکسیۆنە کوردیەکان و گەیاندنی پەیامەکانی من بۆ بینی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و تا ئێستا دیار نییە من کەی دەتوانم ئەوان ببینم و پەیامی بریندارانی چەکی کیماوی پێ بگەیەنم."

وتیشی " ئەگەر سەرۆک وەزیران ئامادە نەبێت من ببینێت ئەوان من ڕێگاچارەی دیکە دەگرمە بەر کە سەرەکیترینیان لە بەردەم بینای سەرۆک وەزیرانی عێراق خەیمەیەک هەڵدەدەم و ناگەڕێمەوە هەڵەبجە، تا ئەو کاتەی سەرۆک وەزیران گوێ بۆ داواکارییەکانی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەگرێت کە من بە نووسین پێمە و تەنها ڕادەستی خۆی دەکەم ."

ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە وەک فراکسیۆن لە کەرکوک و لە بەغداش پێشوازیمان لێ کردووە. هەوڵەکانمان بە ئاڕاستەی ئەوەبوون کە هەفتەی داهاتوو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیری تەندروستی ببینێت و لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش قسەمانکردووە و پێمان ڕاگەیاندوون کە بریندارێکی چەکی کیمیاوی دەیەوێت سەرۆک وەزیران ببینیت."

ئاریان تاوەگۆزی وتیشی، "من لەگەڵ ئەوەی شوقەکەی خۆمم پێداوە بۆ حەسانەوە و مانەوە ، بەڵام پێم وتووە کە ئازادە چۆن لەگەڵ چ فراکسیۆنێکی دیکەش هەوڵی بینینی سەرۆک وەزیران دەدات ، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بە شاهۆ گەشتووە لەگەڵ فراکسۆنەکانی دیکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە."

چرۆ شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەوز لە لێداونێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لەگەڵیدا دانیشتووین و خالید شوانی وەزیری دادمان ئاگادارکردووەتەوە کە کاتێکی بۆ تەرخان بکات تا سەرۆک وەزیران بیتوانێت ئەو بریندارەی چەکی کیماوی ببینێت. وەک لیژنەی شەهیدانیش لەسەر داواکاریەکانی گفتوگۆمان کردووە و پشتیوانی هەموو داواکارییەکانی دەکەین."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نائومێد بوونی بریندارەکەی چەکی کیمیاوی بۆ بینی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، "بینی سەرۆک وەزیران کاتی دەوێت و بۆ ئەندامانی پەرلەمانیش ئەو سەردانانە ئاسان نین لە ڕێگەی داواکارییەوە کە پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکرێت و چەند ڕۆژێکی پێ دەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هەفتەی ئایندە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەس هەر چۆنێک بێت سەرۆک وەزیران ببینێت."

XS
SM
MD
LG