Accessibility links

بەرپرسانی هەرێم: ئەمەریکا پێیوتین ناتوانین لە هاوکارییەکانمان بەردەوام بین گەر دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە بەمشێوەبێت


سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداریداوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو داوای هێنانەوەی شۆڕش ئیسماعیل ی وەزیری پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی.


ڕۆژی 21ی مانگی 6 ی ئەمساڵ، شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەت و هەندێک لەفەرماندەکانی پێشمەرگەدا کۆبوویەوە. دواتر سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیشی کرد و گفتووگۆی لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ کرد.

سەرچاوە باڵاکە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، پەیامەکانی جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکای بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کردو ڕایگەیاند"ئەمەریکا نیگەرانە لە ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بە بەرپرسانی هەرێمی وت، ناتوانین پاڵپشتییەکانمان بۆ ئێوە بەردەوام بێت، گەر دۆخی وەزارەت بەمشێوەیە بمێنێتەوە و پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بەڕێوەنەچێت."

هەروەها وتیشی"حزبایەتی بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کاروبارەکانی وەزارەت و ململانێکان بە ئاشکرا هەستیان پێدەکرێت، لەکاتێکدا هاوپەیمانان دەیانەوێت قۆناغ قۆناغ هێزەکانی 70 و 80ی پارتی و یەکێتی یەکبخەنەوەو حزبایەتی لەو وەزارەتەدا کاڵ بکەنەوە."

هەفتەی ڕابردوو، جارێکی تر کێشمەکێش و ململانێی توند لە نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە سەریهەڵدایەوە، بەهۆی چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان و پلەبەرز نەکردنەوەی هەندێک فەرماندەی یەکێتی لە نێو ئەو وەزارەتە.

جەنەراڵ ماتیۆ مارکفارلن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەردوولایان هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستن و یەکگرتنەوەی پێشمەرگە وەکپێویست بەڕێوەناچێت، بەڵام جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هاوپەیمانان هەست دەکەن ململانێی توندی نێوان یەکێتی و پارتی گواستراوەتەوە بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستاش بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، ترسی هاوپەیمانان لە گواستنەوەی ململانێی سیاسییە بۆ چەکداری."

جەبار یاوەر وتیشی"پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی پەکیکەوتووە، هاوپەیمانان بەردەوامی پرۆسەکەیان دەوێت."

لە ساڵی 2018 هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەیەکی 36 خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەشکرایە مەرج بۆ پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە.

جەبار یاوەر دەڵێت"دەبووایە لە ماوەی 3 تا 5 ساڵدا هەر 36 خاڵەکە جێبەجێکرابا بە پێی ڕێککەوتنەکە، واتە دەبووایە لەمساڵدا 36 خاڵەکە بە تەواوەتی جێبەجێکرابا، بەڵام هێشتا یەک لەسەر سێی خاڵەکانی جێبەجێنەکراوە."

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە کە خۆی لە ساڵی 2018 لە نێو ئەو وەفدەدا بووە کە پرۆژەکەیان لەگەڵ هاوپەیمانان واژوو کردووە، وتیشی"بەپێی ئەو یاداشتەی ساڵانە واژوو دەکرێت، هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی ئەمەریکا بەستراوەتەوە بە چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگەوە، ئەوان بەڕوونی دەڵێن ڕەنگە نەتوانین یاداشتەکە واژوو بکەینەوە و هاوکارییەکان ڕابگرین، چونکە پرۆسەکە بە خواستی ئێمە بەڕێوەناچێت."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە فەریق جەمال ئیمنکی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەو لیوا روکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوو.

ئەمەریکا مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکات کە ژمارەیان 14 لیوایە، ئەمە جگە لە مەشق و ڕاهێنان و بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ ئەو لیوا هاوبەشانە.

رزگار محەمەد ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"نوێنەری هاوپەیمانان هاتنە ناو پەرلەمان و لەگەڵمان کۆبوونەوە، داوایانلێکردین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قسە بکەین بۆ رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی پێشمەرگە، وتیان گەر پێشمەرگە یەکنەخرێتەوە ناتوانین بەردەوام بین لە هاوکارییەکانمان و نائومێدیان پێوە دیاربوو."

هەروەها وتیشی"داوای درۆن و هاوکاری زیاترمان لە هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کرد، وەکچۆن حەشدی شەعبی خاوەنی درۆن و چەکی پێشکەوتووە، بەڵام وتیان ئێوە دەوڵەتتان نییەو خاوەنی سەروەری نین، تا عێراق ڕازی نەبێت ناتوانین ئەو کارە بکەین."

نیگەرانبوونی هاوپەیمانان لە خراپی بارودۆخی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەوپێش نەچوونی چاکسازییەکان لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە شۆڕش ئیسماعیلی وەزیری پێشمەرگە ڕۆیشتووەتە ماڵەوەو دەوام ناکات، لە کاتێکدا دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوەو هێشتا دەست لەکارکێشانەوەکەی قەبوڵ نەکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:41 0:00

XS
SM
MD
LG