Accessibility links

دۆخی زەینەب جەلالیان لە شانزەهەمین ساڵی زیندانیکردنیدا


ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، زەینەب جەلالیان شانزەهەمین ساڵی زیندانیکردنی لە زیندانی شاری یەزدی ئێران لە دۆخێکدا تێدەپەڕێنێت کە ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە لایەن لێکۆڵەران و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە کەوتووەتە ژێر هەڕەشە و گوشارێکی زۆر بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، جەلالیان کە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی بووەتەوە، لە ئیستادا بە فەرمانی بەرپرسانی ئاسایشی ئێران، لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە زەینەب جەلالیان کۆنترین زیندانی سیاسی ژنە لە ئێران و باس لەوە کراوە کە ئەو زیندانییە سیاسیە چەندین جار بە شێوەیەکی نایاسایی و توندوتیژانە لە نێوان شار و زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە زیندانەکانی "خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەک، کرمان" بووە و سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی گورچیلە و دابەزینی بینین و هەوکردنی ددان، تاکو ئێستا هیچ مۆڵەتێکی تەنانەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێنەدراوە.

زەینەب جەلالیان مانگی دووی ساڵی 2008 لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا و پاش چەند مانگێک ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درا و خرایە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە. لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیەوە بە تۆمەتی "موحاریبە" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی پژاک، بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ درا، بەڵام دواتر سزاکەی لە ساڵی 2012کەمکرایەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

گرووپی کاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، لە ساڵی 2017 داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد دەستبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی دووچاری بووە. ئەو گرووپە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندبوو کە زیندانیکردنی زەینەب جەلالیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بە پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین جار و لە حاڵەتی جۆراوجۆردا، توندوتیژەکان و سەرکوتکردنی بەربڵاوی ناڕازییان و هەروەها پێشێلکردنی بەردەوامی مافی هاووڵاتیانی لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار کردووە.

XS
SM
MD
LG