Accessibility links

وادەی دادگاییکردنی ترامپ سەبارەت بە بەڵگەنامە نهێنییەکان ڕاگەیەندرا


دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەسەر بابەتی هەڵگرتنی نایاسایی بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەت ، بڕیارە 20ی مانگی پێنجی ساڵی 2024 لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەبچێت.

پارێزەرانی سەرۆکی پێشوو ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم بڕیارە دەربڕیوە و داوایانکردووە دادگاییکردنەکە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 کە لە مانگی یازدەدا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکان، ترامپ لە ئێستاوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتوودا پێشەنگی کاندیدەکانی پارتی کۆمارییەکانە.

داواکاری گشتی ئەمەریکا پێشتر داوای کردبوو کە دادگاییکردنی ترامپ لە مانگی یازدەی ئەمساڵەوە دەستپێبکات.

دانۆڵد ترامپ لە 8ی مانگی شەشی ئەمساڵدا لە دادگا تۆمەتەکانی ئاڕاستەکرا و ئەویش لای خۆیەوە تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە.

دامودەزگاکانی ئاسایش و دادوەری ئەمەریکا، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەتی ئەمەریکای لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی خۆی هەڵگرتووە.

ئەم دۆسێیە تەنها یەکێکە لەو دۆسێیە یاساییانەی کە لە دژی ترامپ کراونەتەوە.

بڕیاریشە سەرۆکی پێشوو، لە 25ی مانگی سێی ساڵی داهاتوو لە دادگایەکی نیویۆرک دادگایی بکرێت لەسەر تۆمەتێکی دیکە، ئەویش ساختەکردنی تۆمارە کاردارییەکان بە ئامانجی شاردنەوەی پێدانی پارە بە ئەستێرەیەکی پۆرن بۆ دەمکوتکردنی. دانۆڵد ترامپ تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت مەبەستی سیاسییان لە پشتەوەیە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG