Accessibility links

ئومێد بەرۆشکی: بەردەوامین و لە هەڵوێستی خۆمان لامان نەداوە


Omed Baroshky
Omed Baroshky

ئومێد بەرۆشکی دوای ئازاد کردنی لە زیندان، ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵوێستی خۆی پەشیمان نەبۆتەوەو بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی دۆزی هاوڕێکانی کە ئێستا لە زینداندان.


ئومێد بەرۆشکی، پێشتر یەکێک بوو لە زیندانیانی بادینان و دوای ساڵێک و شەش مانگ لە زیندان کردنی لە ڕێکەوتی 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام بەهۆی وتاردانێکییەوە لەبەردەم دادگای هەولێردا لەسەر سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر، شەو لە ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک لە لایەن هێزێکەوە دەستگیرکرایەوە و شەوی ڕابردووش جارێکی تر ئازادکرا.

بەروشکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە هیچ لە ڕێبازی خۆمان لامان نەداوەو بەردەوامین. تا ئێستا هاوڕێیانی ئێمە لە زینداندان، هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ئێمەدا."

وتیشی"ئێستاش دەڵیم ئەوانەی لە زینداندان، بە ناحەق لە زینداندان، داوای منیش هەر ئازاد کردنی ئەوانە."

هەرچەندە دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی، لە دوای وتارەکەی هات لە بەردەم دادگای هەولێر، کە تیایدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی تاوانبارکردبوو لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شیروانی و ڕایگەیاندبوو "تا کەی بە عەقڵیەتی عەسکەری دەسەڵات لەسەر زیندانیان جێبەجێ دەکەیت؟ قات و ڕێبات ناتوانێت عەقڵیەتی تۆی عەسکەری بشارێتەوە."

بەڵام بە پێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای دهۆک، دەستگیرکردنی ناوبراو بە هۆی هەندێ کاری تایبەت بەو ڕۆژنامەنووسەوە بووە.

لە دوای نزیکەی 25 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی بەرۆشکی، ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند "دوای دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی، بە هۆی هەندێک کاری پەیوەندیدار بە خۆیەوە، لە دهۆک دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ 21/7/2023 لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کرا."

ئەمڕۆ تیمی کوردستانی- عێراقی ڕێکخراوی CPT ی ئەمەریکایی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی ڕێکخست، لە کۆنگرەکەدا CPT ڕایگەیاند "نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی تری حکومەت، دەڵێن دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان سەر بەخۆیە، بەڵام ئومێد بەرۆشکی لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا، دواتریش ڕاگەیەندرا لەلایەن مەسرور بارزانیەوە ئازاد کراوە. کەواتە کە بڕیاری ئازاد کردن بە دەستی مەسرور بارزانی بێت، بڕیاری دەستگیرکردنیش بەدەستی ئەوە. کەواتە چۆن دەتوانین بڵێین سیستەمێکی دادوەریی سەبەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەیە؟!"

پێشتر، چەندان جار دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، جەختی لەوە کردۆتەوە کەدۆسێی گیراوەکانی بادینان هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ئازادییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان و وەک دەڵێت لەسەر سیخوڕایەتیکردن دەستگیرکراون و دۆسێکانیان پەیوەندی هەبووە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە.

XS
SM
MD
LG