Accessibility links

7 کەس بریندارن لە سێهەمین ڕۆژی سووتانی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان


مەریوان
مەریوان

لە کاتێکدا کە خەڵکی مەریوان بۆ سێهەمین ڕۆژی لەسەریەک لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندانەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدان، تەقینەوەی مینێک لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەکەدا بووە هۆی برینداربوونی 7 چالاکوانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان.

ماڵپەڕی هەنگاو لە هەواڵێکدا سەبارەت بەم ڕووداوە نووسیویەتی "ئێوارەی ڕۆژی هەینی لانیکەم حەوت چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان برینداربوون. هەنگاو ناسنامەی پێنج کەسیان ئاشکرا دەکات "بەرزان پیرووزی، مادیح نیکپەی، بورهان مەکی، ئارام کەیوان و سەیوان نیکپەی و دەشڵێت "لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی کانی میران لە سنووری ئەو شارە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین بریندار بوون."

ئیسماعیل ئەحمەدی، فەرمانداری مەریوان هەواڵی برینداربوونی ئەو حەوت چالاکوانە ژینگەپارێزەی پشتڕاستکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە "حەوت هاووڵاتیی ئەم دەڤەرە لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە نزیک شاری "بەردەڕەشە" تووشی سووتان بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بوعەلی."

ڕۆژنامەی فەرهیختێگان لە تاران ڕۆژی شەممە 22ی مانگی حەوت لە زاری بێهزاد شەریف پوور، بەڕێوەبەری گشتی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند "بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکەوە، ڕووبەری دارستانە سووتاوەکان لەبەردەستدا نییە و شەوی ڕابردووش هەلیکۆپتەر بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتوەتە شاری مەریوان و کاتژمێر شەشی بەیانی ڕۆژی شەممە دەستی بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە".

لەوتای دوو مانگ لەمەوبەرەوە، ئەمە دووەم جارە دارستانەکانی مەریوان دەسوتێن.

چەند ڕێکخراوێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سوپای پاسدارانیان بەوە تۆمەتبار کردووە "بە مەبەست ئاگر بەردەدات" لە دارستانەکانی کوردستانی ئێران.

بەپێی ئەو وێنانەی له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، خەڵکی ناوچەکە بە دەستی بەتاڵ و بەبێ کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە، لەهەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار خەڵکی شارە کوردستانییەکان لە ئێران بوونەتە قوربانیی و گیانیان لەدەستداوە هاوکاتی هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاورەکان.

XS
SM
MD
LG