تیمی کوردستان_ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ((CPT ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا "نۆ"ڕۆژنامەنووس، بەهۆی هەڕەشەوە هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەش لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن، ڕاشیدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئازاد نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان و سیستەمی دادوەریش لە هەرێمی کوردستاندا سەربەخۆ نییە. بەڵکو حزبە سیاسیەکان بە تەواوەتی دەستێوەردان دەکەن لە کەیسەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکاندا.
کامەران عوسمان، ڕێکخەری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بە هۆی هەڕەشەوە، تەنها لە شەش مانگی ڕابردوودا 9 ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە، لەو ژمارەیە سیانیان لە پارێزگای سلێمانی، یەک دانە لە پارێزگای هەولێر و پێنجیشیان لە پارێزگای دهۆک بوون."
وتیشی"دوو ڕۆژنامەنووسیان ژنن و حەوت ڕۆژنامەنووسەکەی تریش لە ڕەگەزی نێرن."
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە 11ی ئەم مانگە لەلێدوانێکی تایبەتدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئازادیەکان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە کابینەی نۆیەم بەرەوپێشچوونێکی ئێجگار زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە داتاو ئامار."
"هەڕەشەکان لەلایەن بەرپرسانەوە لە ڕۆژنامەنووسان کراوە."
ڕێکراوی سی پی تی (تیمەکانی بنیاتنەری ئاشتی کۆمەڵگە) دەڵێت، بەرپرسە سیاسی و سەربازیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان ناچار کردووە، کە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن، "بەوەی هەڕەشەی کوشتن و نامووسیان لەو ڕۆژنامەنووسانە کردووە."
کامەران عوسمان وتی "زۆربەی ڕۆژنامەنووسەکان لە لایەن بەرپرسانی حکومی و سەربازیەوە لە ڕێگەی تەلەفۆن، هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی و ئیغتیسابیان لێکراوە، سیانیشیان لە دادگا سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کراوە. بۆیە ڕۆژنامەنووسەکان وڵاتیان بەجێهێشتووە."
وتیشی"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤمان لە هەرێمی کوردستان لە دۆسیەکان ئاگادار کردوونەتەوە."
ناوی بەشێک لەو ڕۆژنامەنووسانە لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە
هەرچەندە ناوی بەشێک لەو ڕۆژنامەنووسانە، لای دەنگی ئەمەریکا هەیە و دەزگاکە هەوڵیدا، ناوی تەواوی ڕۆژنامەنووسەکان و هۆکاری هەڕەشەکان بڵاو بکاتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمنیان و هەستیاری دۆسیەکانیان، ناوەکانی لای خۆی بە پارێزراوی هێشتەوە.
لەو بارەیەوە کامەران عوسمان دەڵێت"سەرجەم کەیسەکان لای ڕێکخراوەکەمان پارێزراون، و بۆ ڕای گشتی بڵاویان ناکەینەوە، لەبەر پاراستنی سەلامەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانە."
"دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەربەخۆ نین لە هەرێمی کوردستاندا"
ڕۆژی هەینی 22ی مانگی حەوت ڕێکخراوی سی پی تی لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کە سەبارەت بە دۆسیەی سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر ڕێکی خستبوو ڕایگەیاند"لە بڕیاری ئازاد کردنی ئومێد بەرۆشکیدا بە فەرمانی مەسرور بارزانی (سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سیستەمێکی دادوەری سەربەخۆ نییە لە هەرێمی کوردستاندا."
هەرچی ڕێکخەری ڕیکخراوەکەشە ڕایگەیاند"ئەگەر وا بڕوات، چیتر هاووڵاتیان ناتوانن متمانە بە سەربەخۆیی دادگاکان بکەن."
ڕۆژی هەینی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند " پاش ئەوەی ئومێد بەڕوشکی لەسەر هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە کارەکەیەوە دەستگیرکرابوو، ئەمڕۆ 21ی حەوتی 2023 بە فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کرا."
پێشتر دیندار زێباری ڕایگەیاندبوو"لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەکی زۆر یاسا دەرکراوە لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان، یاسای ڕۆژنامەگەریش باشترین یاسایە."
وتبووشی"ڕاهێنانمان بە دەزگاکانی داوەری دەستپێکردووەو زیاتر لە 120 دادوەر لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ڕاهێنانیان پێکراوە."
ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین جار بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە "دادگاکان و سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا سەربەخۆن."