لە شاری لۆزان لە سویسرا ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و چالاکوانان بۆ یادی سەدهەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان کۆبوونەوە.
ئەوان کۆنفرانسێکی گەورەیان سازکرد تا بتوانن سەرنجی جیهان بۆ دۆسێی کورد و نەهامەتییەکانیان لە سەد ساڵی ڕابردوودا ڕاکێشن.
پێش کۆنفرانسەکە، هەزاران کورد کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد دژی ئەم ڕێککەوتنە کە سنوورەکانی تورکیای مۆدێرنی دیاریکرد و خاکی کوردی دابەشکرد.
خۆپیشاندەران لەو شاری سویسرایە ڕێپێوانیان کرد و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامی ڕێککەوتنی ساڵی 1923 لەسەر گەلی کورد.
لەم بەرنامە تایبەتەدا دەنگی ئەمەریکا میوانداری دوو ئەندامی کۆنگرەکە دەکات. زاگرۆس ئەنداریاری ئەندامی ئەنجومەنی پژاک لە ئەوروپا و ڕۆژین موکریانی خوێندکاری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئێرلەندا.