ئەو سنوورانەی کە بەپێی پەیمانی لۆزان خاکی کوردی پێ دابەشکراوە، بۆ گەلانی دیکە هێندە پیرۆز بوون کە خوێنی دەیان هەزار کەسیان بۆ پاراستنیان ڕشتووە. بەڵام بە هەمان ئەندازەی گەلانی تر کە بە هێلی پیرۆزی دەزانن، کورد نەفرەت لەو ڕۆژە دەکات کە بڕیاری ڕاکێشانی ئەو سنوورانەی تیادا درا.
دانانی ئەم سنوورانە سەدەیەک لەمەوبەر بە پەیمانی لۆزان، دەوڵەتی نەتەوەیی (تورکیای مۆدێرن؛ عێراقی لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا، سوریا لە ژێر ئینتیدابی فەرەنسادا)، بە شێوەیەک دامەزراند کە لەگەڵیاندا باوەڕێکی گشتی دروست کرا، ئەویش بە دەستکاریکردنی ئەو سنوورانە مەینەتی و سەرئێشە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان دروستدەکات.
ئەم بیرۆکەیە، کە لە نێو زلهێزەکانیشدا جێگیربووە، نەک هەر کوردی دابەش و لاواز کردووە، بەڵکو بەهۆی ترسی لە ناوچونی وەهای کردووە بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکانی کورد هیوا و ئامانجەکانی خۆیان تەنیا لە نێو سنووری ئەو وڵاتانەی کە بەسەریاندا دابەشکراون سنوورداربکات. هەروەها هەرچەندە تەکنەلۆژیا وەهای کردووە پەیوەندییەکان سنوورەکان ببەزێنن و بە ئازادانە و بەبێ ڤیزە ئەنجام بدرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کورد خاوەنی بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو نییە بە مەبەستی گەیشتنیان بە ئامانجە گەورەکەیان.
سەرەتایەکی کورتی مێژوو
لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و بۆ ئەوەی دادپەروەری هەبێت، سەرۆکی ئەمەریکا ودرۆ وڵسن لە ساڵی 1918دا 14 بنەما - خاڵەکانی ڕاگەیاند بە ئامانجی ڕەچاوکردنیان لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتیدا. ناوەڕۆکیان ئەوە بوو کە ئەو نەتەوانەی خاکیان داگیرکراون، بە تایبەت لە کاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. پەیمانی لۆزانیش دوا پەیمانی کۆتایی هێنان بە جەنگی جیهانی یەکەم، لە 24ی مانگی حەوتی 1923 لە شاری لۆزان لە سویسرا لە نێوان هاوپەیمانانی سەرکەوتووی ئەو شەڕە و نوێنەرانی تورکیا واژۆ کرا.
نوێنەرانی تورکیا، میراتگری ئیمبراتۆرییەتی عوسمانی، ملکەچی مەرجەکانی هاوپەیمانان (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و هاوپەیمانەکانیان) بوون کە بەرامبەر بە دانپێدانانی سنوورەکانی دەوڵەتی مۆدێرن تورکیا، ئەوان دەستبەرداری خاوەنیەتی خۆیان بن بە سەر خاکی عەرەبی (ویلایەتەکانی ناو سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووخاودا).
هاوپەیمانان بە واژۆکردنی پەیمانی لۆزان دەستبەرداری بەڵێنەکانیان بۆ گەلی کورد بوون لە مافی چارەی خۆنووسین و خودموختاری، کە لە پەیمانی سیڤەردا لە 10ی مانگی هەشتی 1920 لە شاری سیڤەری فەرەنسادا هاتبوون. لە ئەنجامدا جوگرافیا و جیۆپۆلەتیکی قۆناغی دوای جەنگی جیهانی یەکەم جێگیربوو. لەو کاتەوەش چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی کورد نەیانتوانیوە ئەو سنوورانە بسڕننەوە یان بیانگۆڕن.
"سنوورەکانی بە زۆرەملێ دانراون پیرۆز نین"
لە یادی سەدەمین ساڵیادی لۆزاندا، سیاسەتمەداران و چالاکانی کورد لە شاری لۆزان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن کۆتایی بە ستەم و چەوساندنەوەی کورد بهێنن. ئەوان پێیان وایە کە پەیمانی لۆزان نەک هەر خاکی کوردی دابەش کرد، بەڵکو زمان و ئابووری و کۆمەڵگا و هۆشمەندی و دیدگای بۆ داهاتووی دابەش کرد.
زوبـێر ئایدار، ئەندامی ئەنجومەنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی چالاکییەکان و کۆنفرانسی سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد لە 2004 - 2014 و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێن ئەو سنوورانە هەرگیز پیرۆز نین. ئەوان داوا لە کورد دەکەن، "پێش هەموو شتێک دەبێت کورد ئەو بیرۆکەیەی کە سنووری وڵاتانی داگیرکەر پیرۆزن، لە مێشکی خۆیان، لە دڵی خۆیان ، لە ژیان و بیرکردنەوەکانی خۆیاندا بسڕنەوە. ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ دیدێکی ستراتیژی یەکگرتوو بۆ دواڕۆژی کورد. چونکە پرسی کورد تەنیا پرسی سنوورەکان نییە، بەڵکو پرسی بوون و نەبوونە."
بە درێژایی مێژوو و لە سەدەی ڕابردوودا سنووری وڵاتان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. یان بە یەکجاری لابراون یانش وەڵاتان پارچەکراون. بەڵام بە گوتەی بەڕێز ئایدار "ئەو سنوورانەی کە بە پەیمانی لۆزان دانراون بە تەل و مین، بە تانک و تۆپ و سەرباز پارێزراون و زۆرترین خوێنیان بەسەردا ڕژاوە، بوونە سنووری مەرگ بۆ کورد." لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەکانی مێژووی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە دەردەخەن کە مەینەتییەکانی دەرئەنجامی ڕاکێشانی ئەم سنوورانە تەنیا بۆ کورد نین، بەڵکو بووە هۆی دواکەوتنی گەلانی دیکەش. بەڕێز بایدەمیر دەڵێت، "لەبەر ئەوەی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە بە شەڕ و کوشتار و توندوتیژی وەڵامی خواستی کوردیان داوەتەوە، گەلەکانیان ئارامییان نەبینیوە و کۆمەڵگا و ئابووری و دیموکراسیشیان بە هەمان شێوە بەجێماوە."
"کاتێک سنوورەکان ئارام بن، بێ واتا دەبن "
دکتۆر سەعید کەسکین، چالاکوانی سیاسی دانشتوی لەندەن و ئەندامی لیژنەی کار و چالاکییەکانی کۆنفرانسی ساڵیادی پەیمانی لۆزان، پێی وایە دەوڵەتی تورکیا هەمان تێڕوانینی بەرامبەر بە کورد هەیە وەک ئەوەی لە ماوەی دوای پەیمانی لۆزاندا هەیبوو. ئەو دەڵێت، "کەمالیستەکان ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزپەرستانەیان بە ناوی: یەک زمان، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک نەتەوە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا جێگیرکرد و بە هێزی سوپا هەموو خەڵکیان چەوساندەوە." بەهۆی ئەم ئایدیۆلۆژیایەوە توانیان ئاگری دەیان بەرخۆدان و ڕاپەڕینی کورد لە ساڵانی دوای ڕێککەوتننامەکەدا بە هێزی چەکدار و هەندێک جار بە هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان و هەندێک جاریش لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی جیهاندا دابمرکێنن.
بە دڵنیاییەوە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت مەرجەکانی پێش پەیمانی لۆزان بۆ کورد بگەڕێنێتەوە. بەڵام ئەگەر یەکێک بەراوردێک لە نێوان بارودۆخی ئەو قۆناغە و ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، هەندێک لە وێنەکانیان لە یەکدەچن. بۆ نموونه ناکۆکی نێوان نەتەوەکانی ناوچەکە و لاوازی سیستەمی سیاسی و ئەمنی چەند وڵاتێک و له هەمووی گرنگتر بوونی زلهێزە جیهانییەکان لەو ناوچەیە بۆ پاراستنی ئارامی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. بەو ئەندازەیەی، ئەگەر هێزی هاوپەیمانەتی نێودەوڵەتی بوونیان لەو ناوچەیەدا نەبا، دوورنەبوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد ڕووبەڕووی هێرشی سیستماتیکی سوپای گەورەی ئەو هەموو وەڵاتانە ببوایەتەوە، بە گوتەی عوسمان بایدەمیر، " ئەو وڵاتانە کە بەرژەوەندییەکانیان لەسەر بنەمای دژایەتی نەتەوەیی کورد دامەزراون. بۆیە ئەو، دوو ڕێگا بۆ چارەسەری پرسی کورد پێشنیار دەکات، یان شەراکەتی دەوڵەت لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان (بۆ نموونە کوردی عێراق) یان ئەوان ببنە حاکمی خاکی خۆیان."
تەنانەت ئەگەر هەوڵەکان بۆ ئەو ئامانجانە لە داواڕۆژدا سەرکەوتوو بن یان نا، هیچ نیشانەیەکی پێشبینیکراو نییە کە پێشهاتەکانی ئەم سەردەمە گۆڕانکاری لە داب و نەریتی وڵاتاندا بکات، جا چ وڵاتانی هەرێمی یان جیهانی بن، تا ئەو ئەندازەیە کە ترسیان لە دەستکاریکردنی سنوورەکاندا نەمێنێت یان بەشێک لە پیرۆزییان کەم بکرێتەوە. بەڵام عوسمان بایدەمیر "گۆڕانکاری لە جیهانبینی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بە تایبەتی، بەرامبەر بە کورد بەدیدەکات".
گرنگ نییە چ پێشنیارێک یان چەند پێشنیار بۆ پەرەپێدان و چارەسەری پرسی کورد هەبن، کە بێگومان بەشداربووانی کۆنفرانسی سەدەمین ساڵیادی لۆزان لەسەریان هاوڕادەبن، چونکە زۆربەی پارت و ئۆرگانە سیاسیەکانی ناوچەکانی کوردستان کە جیاوازییەکی گەورەیان لەگەڵ رێکخەرانی کۆنفرانسەکە هەیە، بەشداری تێدا ناکەن، بەڵام گرنگ و پێویستە بەشداربووان و بەشدارنەبووان بە هەمان ئەندازە لەسەر یەک ڕوانگە ڕێکبکەون و پێکەوە کاری بۆ بکەن، ئەویش ئەوەیە کورد پێویستی بەوەیە لە دوای لۆزاندا زلهێزەکانی جیهان دڵنیابکاتەوە کە بەرژەوەندییەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان نین. بەڵام شارەزایان پێیانوایە پێویستە کورد بە دیدێکی ستراتیژییەوە بۆ ئەو مەبەستە کاربکات.
دکتۆر سەعید کەسکین دەڵێت، "تا ئاستێکی بەرچاو یەکڕیزی، کێشەیەک نییە کە لە نێو خەڵکدا هەبێت، بەڵام پرسەکە لای هێزە سیاسییەکان دەمێنێتەوە." عوسمان بایدەمیر داوای یەکگرتنەوەی کورد دەکات "بۆ ئەوەی مێژووی سەد ساڵ لەمەوبەر بەسەریاندا دووبارە نەبێتەوە، زوبێر ئایداریش هیوادارە گەلی کورد بیر لە یەک کورد و یەک کوردستان بکەنەوە، نەک لە خەمی بەشێکیدابن بۆ ئەوەی بتوانن سنوورەکان لە بیر و هزری خۆیان بسڕنەوە."