Accessibility links

سەرکردەیەکی بزووتنەوە: بۆ پێکهاتن چووینە لای عیرفان عەبدولعەزیز بەڵام ئەو توڕە بوو و هەڕەشەی کوشتنی کرد


دوای دەرچوونی فەرمانی گرتن بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری باڵێکی بزوتنەوەی ئیسلامی کودستان/عێراق، و داخستنی بارەگای باڵەکەی تر لە هەولێر، کێشەکانی نێوان هەردوو باڵ ئاڵۆزتربوون.

وتەبێژی باڵی کامیل حاجی عەلیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەرەتای ئاڵۆزتر بوونی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ڕابردوو ئەو کاتەی وەفدێکی ئەوان بە سەرۆکایەتی کامیل حاجی عەلی سەردانی عیرفان عەبدولعەزیزی کرد و دوای دەمەقاڵێ " لە جیاتی پێکهاتن حاجی (عیرفان عەبدولعەزیز) خۆی توڕە دەکات و هەڕەشە لە حاجی کامل دەکات."

مەحەمەد بازیانی، وتەبێژی باڵی کامیل حاجی عەلی، بەدەنگی ئەمەریکای وت ڕێکەوتی کێشەکە لە 2ی ماگی دەی 2022 بوو ئەو کاتەی وەفدێکی ئەوان لەسەر داوای باڵەکەی تر سەردانی عیرفان عەبدولعەزیزیان کرد بەمەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر پرسی ڕابەری بزووتنەوە و ڕێگری لە لێکترازان.

مەحەمەد بازیانی وتی، "لەوێ لە جیاتی پێکهاتن حاجی عیرفان خۆی توڕە دەکات و هەڕەشە لە حاجی کامل دەکات کە دوژمنی منیت و شتی تر ...ئەو وەفدەی ئێمە ئامادەی ئەوە بوون کۆنگرەی ڕاگەیاندنی ئەم ڕەوتە ئەسڵیە نەکەن ئەگەر ئەوان ئەو مامەڵە نا تەندورستەیان نەکردایە. بۆیە کاتێک گەڕانەوە بۆ بارەگای مەڵبەندی بزووتنەوە لە سلێمانی ڕۆژنامە نووسیەکە ڕاگەیاندرا."

دکتۆر عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی باڵی عیرفان عەبدولعەزیز، ئەوە ڕەتدەکاتەوە هەڕەشەیان لە کامیلی حاجی عەلی کردبێت و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ملمان لە موو باریکترە بەرامبەر بە دادگاکانی هەرێمی وکردستان و قانون. هەر شتێک یاسا بێت بزوتنەوەی ئیسلامی پابەندە پێیەوەو بە موو لێی لانادا."

بە پێی بەڵگەنامەیەک کە کۆپییەکی دەست دەنگی ئە مەریکا کەوتووە، لە ڕێکەوتی 2ی مانگی چواری 2023، مەحەمەد نوری عەزیز (محەمەد بازیانی) سکاڵایەکی لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی تۆمارکردووە لە دژی عیرفان عەلی عەزیز. بە پێی ناوەرۆکی سکاڵاکە بێت، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فارمانی دەستگیرکرد بۆ عیرفان عەلی دەرچووە چونکە پاش دووجار ئاگادارکردنەوە ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم دادگا.

ئەو کرکۆکی کێشەکەی گێڕایەوە بۆ ناکۆکیەکانی هەردوو باڵەکە لەسەر سەرکردایەتی بزوتنەوە و ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی کۆمەڵێک کەس لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە، ئێمە لە دوای کۆنگرەی 11ەوە لە دادگاکانی هەولێر سکاڵامان تۆمارکرد، وە بردمانەوە. کەیسەکەمان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی بردەوە، کە بەڕیز مامۆستا عیرفان ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامیەو کۆنگرەکە کۆنگرەیەکی شەرعیە."

بەڵام باڵەکەی تر ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە عیرفان عەبدولعەزیز سەکردەی "شەرعی" بزوتنەوە بێت و بە "خۆسەپێن" تاوانباری دەکەن.

مەحەمەد بازیانی، وتەبێژی باڵی کامیل عەلی، بەدەنگی ئەمەریکای وت، "حاجی عیرفان دوو خوول خۆی کاندید کردووە و بۆتە رابەر و دوو ساڵیش تێپەڕیوە کە بە پێی پەیڕەوی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆی نەبوو ببێتەوە بە ڕابەر. بەڵام ئەو خۆی سەپاندووە. بە دوو شت: هەم بە پێی یاسا بۆی نییە، کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندبوو ئەو کۆنگرەیە ساغلەم نیە دەبێت هەڵبوەشیتەوە، هەم بە پێی پەیڕەوی بزووتنەوە."

دوا بە دوای بڕیاری دەستگیرکردن بۆ عیرفان عەندولعەزیز، دوێنێ باڵەکەی تر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، بارەگاکانیان لە هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە داخراوە.

لای خۆیانەوە باڵی عیرفان عەبدولعەزیز دەڵێن باڵی کامیلی حاجی عەلی بەشێک نین لە بزووتنەوە و بە "لادەر" وەسفیان دەکەن.

دکتۆر وەرتی وتەبێژەکەی باڵی عیرفان عەبدولعەزیز بە دەنگی ئەمەریکای گوت، " ئەوان بەشیک نین لە بزوتنەوە لە ئێستادا، ئەوان ئینشیقاقیان کردووە. ئەوان لایانداوە لە ستراتیژیەتی بزوتنەوە لە هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە ئەگەر حزبێک بۆ خۆیان دروستدەکەن و ناوێکی نوێ دادەنێن، ئێمە یەکەم حزب دەبین دەچینە لایان و پیرۆزباییان لێدەکەین. بەڵام بزوتنەوە ڕابەری خۆی هەیە، مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی خۆی هەیە. بارەگایان بەناوی بزوتنەوە کردبووەوە و ئاڵا و لۆگۆی بزوتنەوەیان دانابوون و لەلایەن پۆلیسەوە بارەگاکەیان داخرا. دوای ئەوە کۆمەڵێک پڕووپاگەندە و کاری نابەجێ و نامەشروعیان بڵاو کردەوە."

هەروەها وتیشی،"ئێمە شکاتمان کردووە. دوو حزب نابێت هەبێت بە یەک ناو لە کوردستان. ئەوانە یاسا و قانوونە. لە کوردستان ئازادی هەیە."

هەرچی دکتۆر مەحەمەد بازیانیشە دەڵێت، "ئەو برایە [عیرفان عەلی عەبدولعەزیز] بۆی نییە بە هیچ شیوازێک بڵێ من ڕابەرم. ئەوان هەڕەشەی شەخسی یەکەمیان کردووە کە حاجی کامیلی حاجی عەلیە بە کوشتن، بۆیە لە مەحکەمە شکاتی لێکراوە. ئەو ئامادەیی تیادا نیە بچێتە دادگا و بەردەم یاسا."

وتیشی، "ئەو خۆی بە گەورەتر دەزانێت لە مەحکەمە و لە یاسا بۆیە ئامادە نییە بچێتە دادگا. حاکم لەسەر بنەمای سەلماندنی هەڕەشەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە. ئەگەر وانیە با شایەدەکانی ببات. هەندێ لە شایەدەکان شایەتیان داوە کە ئێمە بۆ ئاشتەوایی چووین، بەڵام ئەوان تەهدیدیان کردین. ئەگەر وانیە با بچیتە مەحکەمە ئیفادەی خۆی بدات."

لە بەرامبەردا دکتۆر عەبدوڵا وەرتی دەڵێت، "تەشهیر وهەڕەشە ڕەت دەکەینەوە. لە کوردستان باوی هەڕەشە نەماوە. بەشیک لەئەوانەی ڕۆشیتوون کەسی ئێمە بوون، لە ئەوان بەرائەت دەرنابرین بەڵام کۆمەڵیک خەڵک کە هاتوون لەدەرەوەی بزوتنەوە، دەیانەوێت بەلاڕێیدا ببەن. بەڵام ئێمە ڕیگەیان پێنادەین و بە زوترین کات لە ناو خۆماندا چارەسەری دەکەین."

ڕۆڵی پارتی و یەکێتی

لەدوای بڕیارەکەی دادگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی عیرفان عەلی و داخستنی بارەگاکانی باڵەکەی تر لە هەولێر، دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە کێشەکانی بزووتنەوە بە دەستتێوەردانی یەکێتی و پارتیە و حزبەکە بەسەر ئەجێندای ئەو دوو حزبەدا دابەشبووە.

بەڵام وتەبێژی باڵە جیاوازەکانی بزووتنەوە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵین ئەوان کێشەیان لە ناوخۆدا هەیە و پەیوەندی نیە بە لایەنی ترەوە.

دکتۆر مەحەمەد بازیانی ڕایگەیاند، "چەندین جار بە پەیوەندی ژێر بە ژێر لەگەڵ حزبە ناوخۆیی و دەرەکیەکان تۆمەتبار کراوین. هەمووی ڕەت دەکەینەوە. پەیوەندی دیبلۆماسی و سیاسیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هەیە."

هەرچی دکتۆر عەبدوڵا وەرتیشە ڕایگەیاند " ئێمە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار ناکەین بەوەی دەستی هەبێت لە دۆخی بزوتنەوە، بەس هەر ئەوەندە دەڵیین هەموو ئەو هێز و لایەنانە مێژووی بزوتنەوەی ئیسلامی باش دەناسن و دەزانن بزوتنەوە کێیە، ڕەگ و ڕیشاڵە سیاسیەکانی بزوتنەوە لە کوێوە هاتووە. پێموایە حزبێکە خاوەندی مەبدەئ و بیرو باوەڕ و ستراتیژیەت و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیەتی لە کوردستانن و ئەوانیش باش بزوتنەوە دەناسن. زۆر پلان و نەخشەی دوژمانکارانە بۆ ڕوخاندنی بزوتنەوە دانراوە، بەڵام بزوتنەوە وەک خۆی ماوەتەوە ودەمێنێت وە پەیوەندیشمان باشە لەگەڵ هەم پارتی و هەم یەکێتی و هەموو لایەنە سیاسیەکانی تر."

بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە
بەڵگە

XS
SM
MD
LG