Accessibility links

ژیریی دەستکرد خەریکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت  


ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی خێرا دەبێتە بەشێک لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئامێرەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان. دەستڕاگەیشتن بە دەقێک، وێنەیەک یان دەنگ و ڤیدیۆیەک کە لە ڕێگەی ئامرازە نوێیەکانی AI یەوە بەرهەم دەهێنرێن، خەریکە ئاسانتر دەبێت بۆ هەر کەسێک .

لەگەڵ پەرەسەندنی ئامرازە دروستکراوەکانی ژیریی دەستکرد یان AI، جیاوازی نێوان شتێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەوەی دەستکاری کراوە سەختتر دەبێت.

کریستیان هامۆند، مامۆستای زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی نۆرس وێسترن کە گرنگی بە ژیریی دەستکرددەدات دەڵێت "ئەمە یەکێکە لە ئاستەنگەکانی دەیەی داهاتوو".

بەرهەمە دروستکراوەکان لە ڕێگەی AI خەریکە ڕێگای خۆیان دەکەنەوە لە ناو فیلم و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و سۆشیال میدیا لە فەیسبووک، تیک تۆک، سناپچات و پلاتفۆرمەکانی تر.

AI بۆ نمونە بۆ گۆڕینی وێنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، و پاپا فرانسیس بەکارهێنراوە. هەروەها براوەی پێشبڕکێیەکی بەناوبانگی فۆتۆگرافی ئەمساڵ AI لە دروستکردنی وێنەیەکی ساختەدا بەکارهێنا.

ڤیکتۆر لی کە پسپۆڕە لە بواری AI وەک مامۆستای یاریدەدەر لە قوتابخانەی دەرچووانی پەروەردەیی لە زانکۆی ستانفۆرد، دەڵێت "خەڵک پێویستە وریا بن کاتێک سەیری ئەو ئامرازانە دەکەن کە لە ڕێگەی AI وە دروست دەکرێن".

لی دەڵێت جا ئەمە دەقێک بێت یان ڤیدیۆیەک یاخود وێنە و دەنگێک بێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی AI درووستکردنی شتگەلێک دەبینین کە لە هەواڵی ڕاستەقینە یان وێنەی کەسێکی دیاریکراو دەچن بەڵام ئەوانە ڕاستنین.

نمایشکردنی یەکەم پەیکەری ژیریی دەستکرد لە مۆزەخانەیەکی سوید
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:01 0:00


هەروەها AI بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی گۆرانی کە دەنگ وەک هونەرمەندە بەناوبانگەکان لێ دەکات. لەم دواییانەدا کەسێکی نەناسراو لە تیک تۆک ژیری دەستکردی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی گۆرانییەک بە ڕیتم و تێکست و دەنگ کە زۆر کەسی بە لاڕێدا برد و باوەڕیان بەوە کرد کە ئەمە تۆمارێکی دەنگی ئەستێرەکانی پۆپ درەیک و ویکند بێت.

بێرنی لوسکین، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی کۆلێژی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجڵس کە توێژینەوە لە بواری دەروونناسی میدیادا ئەنجام دەدات، پێی وایە کاتێک بەکارهێنانی ژیریی دەستکرددەبێتە دیاردەیەکی جیهانی، کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت لە ڕووی دەروونی و هەڵسوکەوتیانەوە .

دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەگەڵ زیاتر پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد، هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێدا بردن زیاتر دەبێت و کەسانێک بە خراپی بەکار دەهێنن."

لەلایەکی ترەوە کریستیان هامۆند، مامۆستای زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی نۆرس وێسترن، دەڵێت سەرەڕای نیگەرانیەکان بەڵام لایەنێکی ئەرێنی AI ئەوەیە کە ئامرازە هونەرییەکان زیاتر بەرەوپێش دەبات.

گوتیشی " ئێمە تێڕوانینێکی نوێمان دەبێت دەربارەی ئەوەی کە داهێنان مانای چییە، وە جۆرێکی جیاواز لە پێزانین هەیە چونکە سیستەمی ژیریی دەستکردشتەکان بە هاوبەشی لەگەڵ مرۆڤدا دروست دەکات."

بەڵام نیگەرانییە سەرەکییەکە ئەوەیە کە خەڵک لە ئێستاوە لەلایەن AIەوە فریودەدرێن و لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی تەکنەلۆژیاکە، هێندەی تر دەستنیشانکردنی کاریگەرییەکانی قورستر دەبێت.

کریشنان ڤاسودێڤان، یاریدەدەری مامۆستای پەیوەندییە بینراوەکان لە زانکۆی مێریلاند، نیگەرانە لەوەی کە ڕەنگە خەڵک ڕاهاتبن بەرامبەر بەو ئامرازانەی کە لەلایەن AI دروست دەکرێن و گرنگی بەوەوە نەدەن کە شتێک ڕاستەقینەیە یان نا.

گوتی "ئەوان ئەو دیمەنانەیان دەوێت کە بۆچوونەکانیان بەهێزتر بکەن، ئامرازەکەش وەک ڕێگەیەک بۆ لەکەدارکردن یان گاڵتەکردن بە نەیارانی سیاسی بەکاردەهێنن".

شارەزایان دەڵێن دەبێت یاسا و ڕێساکان و بەربەستەکان لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی AI لە ئاراستەیەکی ڕاستدا بمێنێتەوە.

ڤاسودێڤان دەڵێت "پێموایە شەڕی یاسایی لەسەر بەکارهێنانی دەنگی کەسێک یان هاوشێوەی کەسێک ڕوودەدات".

هامۆند دەڵێت " پێویستە بە وردی سەیری ئەوە بکەین کە بە تەواوی چی ڕوودەدات. بۆ نموونە پێویستە ڕێسایەک هەبێت کە بڵێت وێنەکەت نابێت لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە گرێ بدرێت بە ناوەڕۆکێکی پۆرنۆگرافییەوە."

لی ئاماژەی بەوە کرد، زیرەکی دەستکرد گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات کە خەڵک لە کۆتاییدا پێی ڕادێن، هەر وەکو ئەوەی لە ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا کردوویانە.

گوتیشی "ئینتەرنێت لە بنەڕەتدا شتێکی باش یان خراپ نییە، بەڵام کۆمەڵگای گۆڕی. هەروەها AI باش نیە و خراپیش نییە، بە هەمان شێوە گۆڕانکاری دروستدەکات."

ڕاپۆرتی دێبرا بڵاک/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG