پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژێمی سوریا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و تورکیا کە چەند مانگێکە لە ئارادایە، بەم دواییە ڕژدتر بووە.
وڵاتانی عەرەبی لە چەند دیدارێکی دوو قۆڵی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا و هەروەها لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبیدا، جەختیان لەسەر ڕۆڵی پێشەنگی عەرەبی بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا کردووەتەوە. هەروەها دەستپێشخەری ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی "هەنگاو بە هەنگاو" کرا.
بەڵام چاودێران دەڵێن ڕژێمی سوریا دوای گەڕانەوەی بۆ ئەو ناو کۆمکاری عەرەبی پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتنانەوە.
شوکری شێخانی، سەرۆکی بەشی چاکسازیی سوریا و سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک دەڵێت، ڕژێمی سوریا ئەو هەنگاوانەی نەناوە کە داوای لێکرابوو.
"پێویستە ڕژێم هەندێک هەنگاو بنێت، وڵاتانی عەرەبی چاوەڕێی هەندێک هەنگاو بوون لە ڕێژیمەوە، وەک ئازادکردنی زیندانییەکان لە زیندان، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی، کە ئەوەش پێویستی بە گەرەنتی نێودەوڵەتی هەیە".
شێخانی هەروەها باس لەوە دەکات کە پابەندنەبوونی ڕێژیم بەو ڕێککەوتن و بەڵێنانەی کە داویانە، بەتایبەتی ڕێگریکردن لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان یان کاپتاگۆن کە تا ئێستاش بەردەوامە، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕاگرتووە.
دەشڵێت "ڕەنگە هەندێک ناڕەزایەتی ڕووسیا و ئێران هەبێت، بەڵام ئەگەر ڕژێم بیەوێت، دەتوانێت هەنگاوی پێویست بنێت و هەندێک کار بکات بۆ گۆڕینی ڕای وڵاتانی عەرەبی، هەروەها نیشانی هاووڵاتیانی سوریا بدات کە چارەسەری دەوێت."
هاوکاتی ئەم پرۆسەیە کاربەدەستانی ڕژیم لەگەڵ هاوتا تورکەکانیان چەند دیدارێکیان بە نێوەندگیریی ڕووسیا و بە ئامادەبوونی ئێران لە مۆسکۆ ئەنجامدا، کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لە کارنامەیاندا بوو.
هەر لەو بارەیەوە، سەرنووسەری ئاژانسی نۆرث پرێس، هۆشەنگ حەسەن، باس لەوە دەکات کە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی سوریا و تورکیا سەخت بووە "تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا باشتر بکات و ئەمەش ڕەنگە لەسەر حسابی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا شەڕ ڕووبدات، بەڵام نەک لە نێوان هێزەکانی هەردوو وڵاتدا."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت، بەبێ ئەوەی کات و شوێنی کۆبوونەوەیەک دیاری بکات.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆک کۆماری سوریا پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا بۆ سوریا ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ کرد و هەردوولا باسیان لە پرسەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان و کشانەوەی تورکیا لە سوریا کرد.
حەسەن پێیوایە کە تورکیا بەوە ڕازی نابێت بەم نزیکانە لە خاکی سوریا بکشێتەوە "تورکیا پرۆژەی لە سوریا هەیە، بۆیە چووەتە نێو سوریاوە، تا ئەوکاتەی تەواوی نەکات، بەبێ بەرامبەر ناکشێتەوە، بەڵام هێشتا دەکرێت گفتوگۆ بکرێت لە نێوان شام و ئانکەرە بەڵام نەک بەم نزیکانە."
لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا هەڵوێستیان لە دژی ڕژێمی سوریا گرتووە و پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایان کردووە، بەڵام هەوڵەکانی ئەو لایەنانە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.