مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکان و ئەلێکس پادیلا سیناتۆری دیموکراتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، 26ی مانگی حەوت، پڕۆژە یاسایەکی هاوبەشیان بە ناوی "یاسای مافەکانی مرۆڤی مەهسا ئەمینی" کە بە "یاسای مەهسا" ناسراوە، خستە بەردەستی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات.
ئەم پرۆژە یاسایە کە هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات پاڵپشتی دەکەن، بەڕێوبەرایەتی بایدن پابەند دەکات بە هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر کاربەدەستانی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەیان.
مارکۆ ڕوبیۆ، سێناتۆری کۆماریخواز لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە تویتەری خۆی سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایە نووسیوێتی "پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئایەتوڵاکانەوە بەرامبەر بە خەڵکی ئێران، دڕندانەیە. ڕژیمی ئێران وەک پشتیوانێکی تیرۆریزم، مایەی ماڵوێرانییەکی زۆرە بۆ گەلی خۆی و ژمارەیەکی بێشوماری وڵاتانی دیکە. ئەمەریکا پێویسته گوشاره ئابوورییەکان بەرامبەر بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئێران چرتر بکاتەوە که به شێوەیەکی چالاکانه سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دەکەن."
هەروەها ئەڵێکس پەدیلا سیناتۆری دیموکراتەکان نووسیوێتی "دوای کوشتنی دڕندانەی مەهسا ئەمینی، خۆپیشاندەرانی ئێران لە دەربڕینی توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران ورەیەکی سەیریان لە خۆیان نیشان دا. ئێمە پێویستە لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئێران بکەین سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سانسۆری توند بەسەر خەڵکەکەیدا. من پشتیوانیم لە چەندین بڕیارنامە کردووە بۆ شەرمەزارکردنی ڕژێمی ئێران سەبارەت بە مەرگی خاتوو ئەمینی، وە بەردەوام دەبم لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بوێرانەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییە سەرەتاییەکانیان."
پێشتریش لە مانگی چواری ئەمساڵدا دانیشتنی دەنگدان بە "یاسای مەهسا" کە لە لایەن چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە پێشکەشکرابوو، لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا بەڕێوەچوو و بە زۆرینەیەکی زۆر پەسەند کرا.
دوابەدوای پەسەندکردنی "یاسای مەهسا" لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، مایکل مەککاڵ، سەرۆکی ئەو لێژنەیە لە بەیاننامەیەکدا گوتی "ڕژێمی ئێران تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی دڕندانەی مافی مرۆڤ لە دژی خەڵکی وڵاتەکەی و کۆنگرێس پابەندە بەوەی ئێران بەرپرسیار بکات بەرامبەر بەو تاوانانە."
ئەو ئەندامە کۆمارییە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر "یاسای مەهسا" لەلایەن حکومەتەوە پەسەند بکرێت، ئەوا گوشار دەخاتە سەر جۆو بایدن بۆ سزادانی ڕێبەری باڵا و سەرۆک کۆماری ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تیرۆرەوە.
بەپێی "یاسای مەهسا" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت لە ماوەی 90 ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی یاساکە و بە شێوەی ساڵانە دیاری بکات کە ئایا تاک یان قەوارەیەک ئەو مەرجانەیان تێدایە کە پێویست بکات سزایان بخرێتە سەر یان نا، وە ئەگەر سزاکان نایانگرێتەوە، ئەوا دەبێت ڕوونکردنەوەی پێویست بخاتە بەردەست.