Accessibility links

محەمەدی حاجی مەحمود: هەرێم هەموو شتێکی ڕادەستی بەغداد کردووە بەس ئەوە ماوە خۆمان تەسلیم بکەین


لەسەر ناکۆکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داهاتوو دەستکەوتەکانی ڕادەستی بەغداد کردووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ڕێککەوتن بکرێت. دەشڵێت کورد نابێت"تەنازول" بۆ بەغداد بکات و دەبێت بە یەکڕیزی کێشەکانی خۆی لە ناوخۆدا چارەسەر بکات.

محەمەد حاجی مەحمود، سه‌رۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەرێمی کوردستان بەس ئەوە ماوە خۆشمان تەسلیمی بەغداد بکات، هەموو شتێک تەسلیمی بەغداد کراوە، هیچ لە بەردەستی حکومەتی هەرێمدا نەماوە."

یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، پرسی بودجەیە، هەرچەندە لە ڕێکەوتی 11 ی 6 ی 2023 پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بە لە %12 دیاری کرا، بەڵام هێشتا بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە نەکراوە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 2 مانگە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە مووچەی مووچە خۆران بدات.

بەشێک لە کێشەکانی هەرێم و ناوەند پەیوەستە بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە و حکومەتی عێراق دەڵێت، دەبێت ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم وردبینی بکرێتەوە بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی و دروستی ژمارەی فەرمانبەران.

دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو"حکومەتی عێراق مووچەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە دابین ناکات، لە کۆی 400 هەزار هەزار مووچەخۆر و خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە، تەنها ئامادەیە پارەی 23 هەزار پێشمەرگە بدات.

لەو بارەیەوە محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند" ناکۆکیەکان لەگەڵ عێراق، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە پێویستی بە کاتە، تا ئەمانە هەمووی یەکلا دەبێتەوە. لە لای ئێمە کوردستان 6 ملیۆنە و لای ئەوان 5 ملیۆنە، لە لای ئێمە یەک ملیۆن فەرمانبەر هەیە، بەڵام لای بەغداد 600 هەزار فەرمانبەرمان هەیە. بۆیە ئەم کێشانە کاتی پێویستە تا چارەسەر دەکرێن."

هەروەها وتیشی"من پێموایە دەبێت خۆمان ئیدارەی مووچەخۆران بکەین."

هەرێمی کوردستان تەنها کێشەی لەگەڵ ناوەند نیە، بەشێک لە کێشەکان ناوخۆیین و ڕێکەوتنی پێویستی لەسەر نەکراوە، لە ڕابردوشدا چەندین جار شاندی پارتی و یەکێتی بە جیا چوونە بەغداد، بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێراوەکان، لە دوا هەنگاویشدا وا بڕیارە سبەی ڕێکەوتی 31/7/2023 شاندێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردا نی بەغداد بکات، سەردانی ئەمجارەی شاندی هەرێم بۆ ڕێکەوتنە لەسەر یاسای نەوت و غاز و میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

محەمەدی حاجی مەحمود لەو بارەیەوە ڕایگەیاند"کورد دەبێت ناوماڵی خۆی ڕێکبخات، لایەنەکان ئاشت ببنەوە، کێشە ناوخۆییەکان لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێت، ناشبێت تەنەزوول بۆ وڵاتانی تر و عێراق بکرێت."

وتیشی"هەر هەنگاوێک لە ناوخۆدا بدرێت، ئەوە یەکڕیزیە، بەڵام هەنگاونان بە ئاڕاستەی دەرەوە تەنەزول کردنە هەرکەس بیکات."

لە کۆتایی وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا محەمەدی حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند" ئێمە خۆمان دەبێت وەک کورد خاوەن بڕیاری خۆمان بین و چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، نابێت پرس بە کەس بکەین، دەبێت لەسەر پێی خۆمان بوەستین، وە هیوادارم یەکڕیزی زەمانەتی میلـلەتەکەمان بکات."

XS
SM
MD
LG