ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تیشک دەخاتە سەر مەترسی ئاسایشی خۆراکی جیهانی و ئەو ململانێیانەی کە خراپتری دەکەن.
لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاند "ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانین کە لەو شوێنانەی ململانێ هەیە، برسێتی هەیە". قسەکانی گرنیفیڵد لە کاتێکدایە کە واشنتن دەستی بە سەرۆکایەتی بە نۆبەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ ئەم مانگە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە "وتار و ڕاگەیاندنی " دەبێت، هەروەها داوای لە وڵاتان کردووە واژۆ لەسەر ڕەشنووسی بەیاننامەیەک بکەن کە واشنتن پلانی هەیە لەسەر ئەو بابەتە دەریبکات.
تۆماس-گرینفیڵد کە لە مانگی دووی ساڵی 2021وە نوێنەری ئەمەریکایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتیشی دیسانەوە سەرۆکایەتی بە نۆبەی ئەنجومەنی ئاسایش بەکاردەهێنێت تا بابەتی مەترسی ئاسایشی خۆراکی جیهانی بخاتە سەرووی کارنامەکانی ئەنجومەنەکەوە. پێشتر دووجار بەناوی ئەمەریکاوە سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنە 15 وڵاتییەی کردووە و هەردوو جارەکەش سەرنجی لەسەر ئەو پرسە بووە.
ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی ئاسایشی خۆراک کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (FAO) بڵاوکرایەوە، دەریدەخات، جیهان هێشتا لە گرفتە ئابوورییەکانی پاش پەتای کۆڤید-19 بەتەواوەتی دەرنەچووبوو کە ڕووبەڕووی شەڕ لە ئۆکرانیا بووەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی خۆراک و وزە دروست کردووە.
ڕێکخراوی FAO مەزەندە دەکات لە ساڵی 2022دا 691 بۆ 783 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2019 پێش پەتاکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە. زۆربەی ئەو برسێتییە لەسەر ئاستی ناوچەیی بوو، ئافریکا، کاریبیەن و ڕۆژئاوای ئاسیا هەموویان بەرزبوونەوەی ئاستی برسێتییان بەخۆیەوە بینیوە.
کاتێک ڕووسیا لە دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش کشایەوە لە 17ی مانگی حەوتدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە بڕیارەکەی " گورزێکە لە خەڵکی هەژار لە هەموو شوێنێک."
شارەزایان هاوڕا بوون و دەڵێن داڕمانی ئەو ڕێککەوتنە کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی کاڵاکانی وەک گەنم و گەنمەشامی دەبێت و لە کۆتاییدا زیان بە هەژارترین کەسەکان دەگەیەنێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە هاندانی مۆسکۆ بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی.
تۆماس گرینفیڵد وتی واشنتن هەستی بەو ئاماژانە کردووە کە ڕەنگە ڕووسیا خواستی هەبێت دانوستاندن بکات.
گوتیشی "ئەوەی بە ئێمە وتراوە ئەوەیە کە ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان." ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر ئەوە نەبینیوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ڕووسەکان بیانەوێت پەیینەکانیان بگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان و بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن بە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ گرێبەستەکە.
گوتیشی واشنتن لە میانەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە مانگی هەشت بەردەوام دەبێت لە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشی تەواوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. پلانی هەیە کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا، لەنێویاندا منداڵان، لە 24ی هەشت — ڕۆژی سەربەخۆیی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.
جێگری باڵیۆزی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، مۆسکۆ ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە دیاریکردنی هەر کۆبوونەوەیەک لەسەر ئۆکرانیا لەم مانگەدا لە ئەنجومەنەکە. تۆماس گرینفیڵد وتی ئەوە ڕێگری لە ئەمەریکا ناکات لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەنجومەنەکە.
مافەکانی مرۆڤ
نێردەی ئەمەریکا دەڵێت بابەتەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشەنگی سیاسەتی دەرەوەیی بەڕێوەبەرایەتی بایدنە و ئەمەریکا لە دەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم بابەتە دەکاتە ئەرکی سەرەکی.
هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە دژی بیرۆکەی هێنانی پرسەکانی مافی مرۆڤ بوون بۆ ناو ئەنجومەنەکە و دەڵێن کۆڕبەندی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤ هەن، کە پێویستە ئەو جۆرە پرسانە تێیدا باس بکرێن. تۆماس-گرینفیڵد لەگەڵ ئەوەدا نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "مافی مرۆڤ پەیوەندی بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەیە، چونکە مافی مرۆڤ پەیوەندی بە ئاشتی و ئاسایشەوە هەیە." گوتیشی "ئەو شوێنانەی کە مافی مرۆڤیان تێدا پێشێل دەکرێت، دەبینین بارودۆخی ئاشتی و ئاسایش تیایدا ناسەقامگیر دەبێت".