Accessibility links

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پێشمەرگە: وا باشترە هاوپەیمانان بە کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەزانن


بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەت "لاوەکی و بچووکن" و دەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەریان بکەن، داواشدەکات ئەو کەسانەی لێدوانی پێچەوانە دەدەن بۆ میدیا "دان بە خۆیاندا بگرن" چونکە ئەگەر هاوپەیمانان بە کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بزانن کاریگەری خراپ لەسەر دۆخی ناوخۆییی هەرێم دروست دەبێت.

لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە (لەسەر پشکی پارتی)، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بێگومان هاوپەیمانانیش لەوە تێدەگەن ئێمە گرفتمان هەیە، بەڵام جیاوازیەکە گرفتێکی ئەوەندە گەورە نیە نەتوانین حلی بکەین. لێرەوە پەیامم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی کە دێنە سەر شاشەی میدیا تکایە دان بە خۆیاندا بگرن. ئەم قسانە بۆ ناو میدیا نیە و بۆ ژووری کۆبوونەوەکانە، بۆ سەر مێزە. ئەگەر گلەیی و گرفتێک هەیە، با لەوێ چارەسەری بکەین."

گوتیشی."نامانەوێت ئەم پەیامانە بگاتە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە. بێگومان ئەم پەیامانە ئەگەر بگەن بە هاو پەیمانان و میدیا پەیامی خراپن و کاریگەری خراپیان لەسەر دۆخی ناوخۆ دەبێت."

ئەمە لە کاتێکدایە شەممەی ڕابردوو لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە (لەسەر پشکی یەکێتی)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و “ڕێز و حورمەت نەماوە؛ وەزعێکی زۆر خراپە."

بەڵام لیوا عوسمان محەمەد ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت سەرەڕای هەبوونی کێشە لە ناو وەزارەتەکەدا، بەڵام هێشتا فەرماندەو پێشمەرگەکان بەیەکەوە لە سەنگەردان و پەیوەندیەکان بەردەوامن.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، "نازانین ئەو قسەیە لە کوێوە هاتووە کە دەڵین هیچ کاتێک دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە بەقەد ئێستا خراپ نەبووە. ئەم بابەتە لەوانەیە تا ڕادەیەکی زۆر وانەبێت. بابەتی وەزارەتی پێشمەرگە لەوانەیە هەندێ دیدی جیاواز لەنێوان برادەران و بەرپرسانی وەزارەت بێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەندە گەورە نیە نەتوانین کۆنترۆڵی بکەین یان بەسەریدا زاڵ بین."

ڕاشیگەیاند، "هەموومان یەک دەنگ لە پێشمەرگەو فەرماندەیی و بەرپرسەکانەوە واجباتی خۆمان دەکەین و هیچ ساردیەکی ئەوتۆ دیار نیە، کە ئیش و کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی ڕاگرتبێت...من فەرماندەیەکم لە باڵی لیوا بەختیار و لەژێر فرمانی ئەودا ئیش دەکەم. ئەگەر ئیحترام و ڕێز لە نێوانماندا نەبوایە، من نەدەبوو ڕێز لە جەنابی بگرم یان هیچ ئیتاعەیەکی عەسکەریم هەبوایە بۆی. ئەمڕۆ قسەمان کردووە و ئەو بەرپرسی منە ڕاستەوخۆ. تەنانەت من بۆ ئیش و کارەکان فەرمان لە جەنابیان وەردەگرم. من و ئەو لە دوو یەکەی جیاواز لە ناو وەزارەت ئیش دەکەین. کۆی پرۆسەکە لە ناو وەزارەت وەک نموونەی ئەو دوانەمانە... هیوادارم کاک بەختیار لە توڕەبوونێکەوە ئەو قسەیەی کردبێت."

خراپ بوونی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر وەزارەتی پێشمەرگە دروست دەکات، بەو پێیەی وەزارەتەکە هاوبەشە و پێشتر لە هێزەکانی 70 و 80 ی ئەو دوو حزبە دروستکراوە.

لەو بارەیەوە لیوا عوسمان ڕایدەگەیەنێت، " بێگومان هەر کاتێک ساردی لەسەر ئاستی سیاسی هەبێت هەموو بوارەکانی تریش دەگرێتەوە، بەڵام هەوڵمانداوە ئەم بابەتە نەیەتە ناو وەزارەتی پێشمەرگەوە."

هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2018 وە پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان و ڕێکەوتنێکی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا بۆ ئەم مەبەستە.

لەو بارەیەوە لیوا عوسمان دەڵیت، "هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوکاری کردنی وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام تیمەکانیان لە ناو هێزەکان و یەکە سەربازیەکاندا هاتووچۆ دەکەن و ڕێنمایی پێویست بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن."

بە گوێرەی بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، بە پێی میکانیزمی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەت و هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، تا ئێسا 22 لیوا و فەرماندەکانی پشتیوانی 1 و 2 و فرقەی 1 و 2 ی پیادە دروستکراون و گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها بەڕیوەبەرایەتی تاکەکان و خۆبەخشەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و فەرماندەیی کردووە، لە ژمارەیەک لیوادا ڕێکی خستوون و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ژمارە لیوایەش لە ڕاگەیاندنێکدا دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

لە کۆ تایی دیدارەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لیوا عوسمان جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی هاوبەشی کاتی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە هەردوو حیزب و وتی، "هێزەکانمان بە هاوبەشی تا ئەم دەقەیە لە سەنگەری بەرگریدان، بەتایبەت لەو ناوچانەی هاتوچۆی داعشی تێدایە."

XS
SM
MD
LG