Accessibility links

بەپێی دوا ئاماری شەڕی نێوان ئێریترییەکان لە سوید 52 کەس برینداربوون


کاربەدەستانی پۆلیس لە سوید دەڵێن لە ئاکامی پێکدادانەکەی نێوان لایەنگران و نەیارانی حکومەتی ئێریتریا لە فێستڤاڵێکی کلتوری لە ناوچەیەکی باکوری ستۆکهۆڵمی پایتەخت 52 کەس برینداربوون، لەوانە 15 کەسیان بۆ نەخۆشخانە براون و 8 کەسیان برینەکانیان قورسە.

لایەنگرانی حکومەتی ئێریتریا ڕۆژی پێنجشەممە لە باخێکی گشتی لە ناوچەی یارڤای ستۆکهۆڵم فێستڤاڵێکی کلتورییان دەستپێکرد کە بڕیاربوو لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هەتا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوامبێت. ئێریترییە نەیارانەکانی سەرۆک ئەسیاس ئەفۆرقی کە فێستڤاڵەکە بە جۆرێک لە پرۆپاگەندە بۆ حکومەتی وڵاتەکەیانی دادەنێن، نزیکەی هەزار کەسیان لە نزیک شوێنی فێستڤاڵەکە گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان>

بەڵام لە ناکاو کەوتنە بەردبارانکردنی پۆلیس و بەربەستەکانیان بەزاند و هێرشیان بۆ شوێنی فێستڤاڵەکە برد و کەوتنە تێکدانی خێوەتەکان و بە دەست و مێخی خێوەتەکان کەوتنە لێدانی یەکتر. بە پەلە هێزی زیاتری پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە و نزیکەی 140 کەسیان لێدەستگیرکردن.

ئەم فێستڤاڵە کە چەند ساڵێکە لەو باخەی پایتەختی سوید بەڕێوەدەچێت، ڕەخنەگرانی دەڵێن هەوڵێکە بۆ سپیکردنەوەی ڕووی سەرۆک ئەسیاس ئەفۆرقی کە لەوەتای ساڵی 1993 وە ئێرتریا لە ئەثیوپیا جیابووەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، ئەو سەرۆکی وڵاتەکەیە.

ڕووداوەکە هۆکارەکەی هەرچییەک بێت بەشێک لە خەڵکی سویدی بێزارکردووە، دەڵێن کۆچبەران سەرەڕای ئەوەی دەستی یارمەتییان بۆ درێژدەکرێت، بەڵام گرفت و سەرئێشە بۆ وڵاتەکەیان دەنێنەوە. لەو ماوەیەی پێشووش کۆچبەرێکی عێراقی یاسای مافی ئازادی ڕادەڕبڕینی سویدی قۆستەوە بۆ سووتاندنی قورئان و بەهۆیەوە ناڕەزاییەکی توند لەلایەن جیهانی ئیسلامییەوە لە بەرامبەر سوید دەستیپێکرد.

ناڕەزایی بەرامبەر کێشە و گرفتی پەنابەر و کۆچبەر تەنیا سویدی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ی گرتووەتەوە. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە ڕووداوێکی هاوشێوەی نێوان ئێرترییەکان لە شارێکی ئەڵمانیا پێکدادان ڕووی دا و بەپێی پۆلیسی ئەڵمانیا بە لایەنی کەم 26 پۆلیس برینداربوون.

بەشێک لە زانیارییەکان لە هەردوو ئاژانسی فڕانس پرێس و دۆیچە ڤێڵ وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG