جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستای سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی سەختە، مانەوەی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بووەتەوە.
ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئاڕاستەیەک دروستبووە زومی لەسەر بایەخدانە بە پارێزگاکان و هەوڵدانی پارێزگاکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، ئەمە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە."
هەروەها وتیشی، " ناکۆکی نێوان حزبە کوردییەکان لە بەرژەوەندی داهاتووی هەرێم نییە؛ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان لەلایەن حزب و ناکۆکی لەسەر دارایی لە داهاتوودا دەگۆڕێت بۆ ناکۆکی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و درز دروستبوون."
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەکو دوو حزبی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندایە. یەکێک لە ناکۆکییەکان تایبەتە بە داهات و خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. بەردەوام بەرپرسانی یەکێتی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە "گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی" بەوەی بە پێی پێویست بودجەی بۆ دابین نەکراوە، لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیران پرسیاری خستۆتە سەر شەفافیەتی کۆکردنەوەی داهات لە سلێمانی.
دوا جار ئەم ناکۆکییە گەیشتە ئاستی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چەندین مانگ لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن تیمی یەکێتییەوە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی.
جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێییوایە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا.
ساڵح موتڵەگ دەڵێت، "لایەنی تر هیوادارن ناکۆکی نێوان ئەم دوو حزبە تەشەنە بکات و هەوڵی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکەش دەدەن."
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیانوایە هەوڵێکی ئیقلیمی لە ئارادایە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و قەوارەی دەستوری و یاسایی هەرێمی کوردستان. جەخت لەسەر ئەوەشدەکەنەوە هەوڵەکان لە ڕێگەی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێن.
لەو بارەیەوە، ساڵح موتڵەگ وتی، "هەوڵی کرداری ئیقلیمی نابینم بۆلاوازکردنی هەرێم. حزبەکان هۆکارن بۆ لاوازبوونی پێگەی هەرێم. بێگومان لەلایەنی ئیقلیمیەوە هاندان هەیە بۆ لاوازکردنی هەرێم و بردنی دۆخەکە بە ئاقاری بەش بەشبوونی پارێزگاکان."
ئەو وتیشی، "هەندێک حزبی کوردی بێ مەبەست بێت یاخود بە مەبەست دابەشبوونی پارێزگاکانی دەوێت. هەندێک حزبی تریش تاکڕەویان دەوێت و ئەوانی تر وەکو پاشکۆ دەبینن، سازش لەم پێناوەشدا دەکەن. ئەمانە هۆکارن بۆ ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەستوردانە ئیقلیمییەکان."
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
سەرباری هاوپەیمانێتی نێوان کورد و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و دەستبەردا گرتنی دۆسیەی نەوتی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لایەنی عێراقی شایستە داراییەکانی هەرێم بە کەموکوڕییەوە ڕەوانە دەکات. ئەمە جگە لە ناکۆکی هەڵواسراوی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر چەندین دۆسیەی یاسایی و سیاسی و دارایی جیاواز.
دەربارەی ئایندەی هاوپەیمانێتی نێوان کورد و شیعە، ساڵح موتڵەگ جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەڵێت، "هاوپەیمانێتییەکە ئایندەی نییە. دوو حزبە کوردییەکە هەڵەیەکی گەورەیان کرد کاتێک لە ڕابردوودا هاوپەیمانێتی کوردی _ شیعەیان لە دژی سونە ئەنجام دا. ئەوەتا سەرکردایەتی شیعەشیان لەگەڵ نەما و دۆخەکە گەیشتووەتە ئەمڕۆ."
هەروەها وتیشی، "ئێستا متمانە نەماوە لە نێوان لایەنەکاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتری، ئەمەش عێراقی لاوازکردووە. هاوپەیمانێتییەکان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی و لەسەر حسابی وڵات ئەنجامدران."
جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێییوایە، هەر حکومەتێکی عێراق لە سەرەتای پێکهێنانیدا بەڵێنی گەورە بە کورد و سونە و تەنانەت شیعەکانیش دەدات، بەڵام دواتر هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، چونکە ئامانجییان دەست بەسەرداگرتنی حکومەتە نەک شتی تر.
ساڵح موتڵەگ دەڵێت، "لایەنەکان دوورن لە چارەسەرکردنی کێشە و دۆخی تاڵی عێراق، بیریان لای بەهێزکردنی میلیشیاکانیان و گەشەپێدانی توانا داراییەکانیانە، تا زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە."
هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی عێراق بە فەرمی داوای کشانەوەی پێشمەرگەیان نەکردووە لە ناوچەکانی دەرەوەی هێڵی 36، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن حکومەت لە پلانیدایە داوای کشانەوەی پێشمەرگە بکات بۆ ناوچەکانی پێش ڕووخانی رژێمی بەعس.
لەو بارەیەوە، ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ئەگەر پێشڕەوی لە هەر لایەکەوە ڕووبدات، لەلای عێراق یاخود هەرێم، لەو ناوچانە کێشە ڕوودەدات. پێشمەرگە لە هەر جێگەیەک بێت گرنگ ئەوەیە سەقامگیری دابین بکات."