دوابەدوای 8 سکاڵای یاسایی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە لە دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق، کە لە دژی چەند بڕگەیەکی ناو یاسای بودجەى گشتى تۆمارکراون؛ دوو لە سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان مەسرور بارزانی تۆمارکراون.
دادگاى باڵاى فیدراڵی عێراق لە دوای هەڵسەنگاندنی سکاڵاکان لە 7 ی مانگی هەشتی 2023 دوو دەستەواژەى یاسای بودجەی گشتى لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى زانى، بەڵام تانەى سەر هەشت مادە و بڕگەى دیکەى یاساکەى ڕەتکردووەتەوە. شارەزایەکیش لەو بارەیەوە پێی وایە کە دۆخە سیاسیەکە زاڵە بەسەر یاساکاندا، هەرچەندە یاسای بودجەی عێراق بە فەرمیش لە وەقائعدا بڵاوکراوەتەوە.
یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگا بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە ڕەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11 ی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە، نەک سەرۆک وەزیران.
لەو بارەیەوە شیکەرەوەی سیاسی محەمەد عومەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ''مادە دەستوریەکە رەد نەکراوەتەوە، بەڵکو دەستەواژە، یان هەندێک دەربڕینی لادراوە، بە نموونە لەو بڕگە دەستوریە مادەی 11 بودجەدا کە تایبەتە بە پشکی هەرێم ئەوە لادراوە کە بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، ئەوەش پرسێکی دەستورییە و پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە، بەڵام مادە دەستوریەکە بەو چاکسازیەوە وەک خۆی ماوەتەوە."
بەپێی زانیاری ئەو شیکەرەوەیە دەستەواژەی دووەمیش کە لە قازانجی هەرێمە کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە، گەڕانەوەی چۆنێتی چارەسەری گرفتەکانە لە نێوان هەردوو حکومەتەکە، نەوەک گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراقی. لەو بارەیەوە محەمەد عومەر دەشڵێت ''ئەو بڕیارە نادەستوری بووە، کە لە بڕگەى حەوتى مادەى 13 دا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا کە لە پەرلەمانی عێراقدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت. لە کاتێکدا ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. بەڵام تانەکەی حکومەتی هەرێم لەو دەربڕینەش سەری گرتووە کە دەبێت گرفتەکان و هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی بکرێتەوە نەک بچێتەوە پەرلەمانی عێڕاق.''
شیکەرەوە سیاسیەکە کە شارەزایەکی باشی تان و پۆی بودجەی عێراقە پێی وایە لە دۆخی سیاسی دژوار و ئاڵۆسکاوی عێراقدا ململانێی سیاسی هەرێمی و ناوخۆیی زاڵە بەسەر کۆی کایەکاندا بە جێبەجێکردنی یاساشەوە. تەنانەت ئەگەر یاساکەش لە دادگای فیدڕاڵیشەوە بێت. پێشی وایە '' ئەگەر حکومەتی عێراقی چەند ساڵێک لەوەوبەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەو گرفتانەیان چارەسەر بکردایە و حکومەتی هەرێمیش بچوایەتە پای جێبەجێکردنی گفتەکانی، دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمیش بەو چەشنەی ئێستا نەدەبوو."
کێشەی بودجە و داهاتەکان لە لایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی ساڵانێکە بەردەوامە و کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو وەک خۆیان ماونەتەوە. پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا بە گۆڕینی ئەو دەستەواژە یاساییانە وەک ئاماژەی پێدراوە لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، ئەوا کۆی گرفتی بودجەی هەرێم و حکومەتی عێراقی چارەسەر دەکرێت؟. لەو بارەیەوە محەمەد عومەر دەڵێت''بە پێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە باس لەوە دەكات ناردنی پشكی هەرێم وەک لە مادەی 11 یەكەمیدا هاتووە، پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە، تەنیا پشكی هەرێم لە خەرجی حاكیمە دەگرێتەوە، نەک تەواوی پشكی هەرێم لە یاساکەدا."
ئەوەی لە دەقی یاسای بودجەدا هاتووە خشتەی ژمارە (د) كە تایبەتە بە خەرجی حاكیمە كە دەبێت بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران بێت تیایدا (10 ترلیۆن و 438 ملیار) دینار خەرجی حاكیمەیە و (ترلیۆنێک و 322 ملیار) دینار پشكی هەرێمی كوردستانە لە خەرجی حاكیمە، نەک كۆی گشتی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا. ئەو بڕە پارەیەش نایەتە هەڕێمەکەوە، بەڵکو لە بەغدا بۆ ئەو بوارانە خەرج دەکرێن واتا بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تەنیا پشكی هەرێم لە خەرجی حاكیمە دەگرێتەوە. کە خەرجی کارتی کۆبوونی خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان و کێشەکانی موڵکداری و دەرمان و کڕینەوەی گەنم و جۆی جوتیاران و بواری وزەو خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان."
ئەو مادە دەستوریانەی کە لە یاساکەدا هاتوون زیاتر لە 20 مادەی دەستوریە تەنها چاکسازیەکە لە دوو دەستەواژەدا بووە، بەپێتی ڕای ئەم شارەزایە، یاسای بودجە و مادەکانی وەک خۆیان دەمێننەوە. یەکێک لە مادەکانی دەستور کە لە بودجەدا هاتووە و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تانەی لێداوە، پەیوەستە بە بڕگەی پارێزگای ناڕازی، کە بەلای شیکەرەکەوە، تانەدان لەو بڕگەیە تا ڕادەیەک پەیوەستە بە ململانێ و دۆخی سیاسی نێوخۆی هەرێمەکەوە. دەشڵێت ''ئەو بڕگەیە تانەی لێداوە، بەڵام بێ سوود بووە کە لەو مادە دەستوریەدا هاتووە، هەر پارێزگارێک ناڕازی بێت، ئەوا دەتوانێت ڕاستەوخۆ بودجەکەی لە عێراقەوە وەربگرێت، واتە ئەوەش بەپێی دادگای فیدراڵ بڕگەیەکی دەستوریە."