سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند سەردانەکەی دوێنێی شاندێکی باڵای پارتی بۆ بەغدا بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەو حزبە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە دەستەڵاتدارەکانی شیعە. دەشڵێت هەوڵەکە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی پارتییە کە لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە ویستویەتی کار بۆ دابەشکردنی نێوماڵی شیعە بکات.
ڕۆژی دووشەمە، وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنە شیعە و سونەکان و بەرپرسانی باڵای حکومەتدا کۆبوونەوە.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەوڵەکانی پارتی بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ لایەنە شیعەکان هەوڵی دروست و پێشوازی لێکراون، بە تایبەت چونکە ڕۆیشتنی ئەو حزبە بۆ نێو هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی (سەدر، پارتی و سونە) و هەوڵەکانی بۆ دابەشکردنی نێو ماڵی شیعە، کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی پارتی دروستکرد."
هەروەها وتیشی، "یەکێتی نیشتمانی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە شیعەکان زۆر باشە، بەڵام پەیوەندی نێوان پارتی و لایەنە شیعەکان گرفتی تێدابوو. پێویستە ئەم پەیوەندییانە باش بکرێن و پێداچوونەوەیان پێدابکرێتەوە."
سەردانەکەی وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا دوای تۆمەتبارکردنی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکان دێت لەلایەن ئەو حزبەوە، بەوەی پابەندی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت نەبوون و بودجەیان بە"کەموکوڕی"یەوە ڕەوانەی هەرێم کردووە سەرباری ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە.
ئەکرەم ساڵەح، بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی و سەرکردەی ئەو حزبە لە بارەی هۆکاری ڕۆیشتنی شاندی پارتی بۆ بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنەکان پابەندی بەشێک لە ڕێککەوتنەکان نەبوون، لەکاتێکدا ئەو ڕێککەوتنانە بوونە هۆی پێکهێنانی حکومەت، پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات و تێڕوانی خۆی دەگەیەنێت پێییان و هەوڵیش دەدات تێڕوانینی ئەوانیش بزانێت."
ئەو وتیشی،"پارتی دەیەوێت گفتووگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکات، تا تێبگات ئایا پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان بەمەبەستە و پاشەکشەیە، یاخود گرفتی سیاسی و تەکنیکییە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، هۆکاری سەردانەکەی وەفدی پارتی بۆ بەغدا جگە لە باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە شیعەکان، دەشیەوێت لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان عێراق و تورکیاش لە بارەی دۆسیەی شەنگال و ئاو و ناوچە سنورییەکانیش تێبگات.
لەوبارەیەوە، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، وتی، "مەسەلەی بوونی هێزی نایاسایی لە شەنگال بابەتی ناوخۆیی هێزە کوردییەکانە و کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا دەبێت. پێویستە بە کورد و عەرەبەوە هەڵوێستی نیشتمانیمان هەبێت و چارەسەری بکەین."
هەرچەندە سەردانی وەفدی پارتی بۆ بەغدا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانیان و تێگەیشتن لە هەڵوێستی عێراق لە بارەی دۆسیە جیاوازەکان دەگێڕدرێتەوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دەڵێن بەشێکی سەردانەکە بۆ گەیاندنی پەیامی نیگەرانی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکەیان بووە بە لایەنە شیعەکان لەبەرامبەر پابەندنەبوونیان بە ڕێککەوتنەکان.