Accessibility links

مێژووی سیاسەتی کورد لە تورکیا و ڕەوشی هەدەپە


زیاتر لە دوو ساڵە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەژێر هەڕەشەی داخستندایە. هەر بۆیە ئەنجوومەنی پارتی هەدەپە بڕیاریدا لە 27ی هەشت لە ناوەندی بازرگانی جیهانی لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی نائاسایی ببەستێت.

بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی پارتەکە، هەدەپە، لە سیاسەتی چالاک دەکشێتەوە و هەموو کار و چالاکییەکانی دەخاتە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزەوە.

ئەمەش بەەو مەبەستەیە کە ئەگەر هەدەپە لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بڕیاری داخستنی بدرێت یان نا، گرنگ نییە. دەسەڵاتدارانی هەدەپە دەڵێن، لەمەودوا ئەو پارتە لە سیاسەتدا چالاک نابێت.

لە ڕابردووشدا بەهەمان شێوە پارتەکانی هەیەپە، دەهەپە، هەدەیەپە، دەهاپ، دەتەپە، بەدەپە و چەندین پارتی تری سەر بە کوردەکان لە تورکیا داخراون.

سیاسەتی یاسایی کوردی لە تورکیا بۆ یەکەمجار لە 7ی شەشی 1990 بە دامەزراندنی پارتی کرێکاری گەل (هەپ) دەستی پێکرد.

بەهۆی وادەی هەڵبژاردن لەو کاتەدا، لە ساڵی 1991، هەپ لە ژێر چەتری جەهەپە (کە ئەوکات ناوی پارتی سەهەپە بوو) هاتە ناو هەڵبژاردنەوە. لەیلا زانا، ئەحمەد تورک، ئۆرهان دۆغان، سری ساکیک بریتی بوون لەو 22 سیاسەتمەدارە کوردەی چوونە ناو پەرلەمان.

دوای داخستنی هەپ، لە 7ی پێنجی ساڵی 1993 پارتی دیموکراسی دەپ لە جێگەی دامەزرا. پەرلەمانتارانی پارتی هەپ لەو کاتەدا پەیوەندییان بەم حزبەوە کرد. بەڵام هێرشی دەوڵەت بۆ سەر ئەم پارتە زۆر توند بوو، هێرش کرایە سەر زۆرێک لە لقەکانی ناوەندی دەپ، و ڕێگەی پێنەدرا بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات.

پارێزبەندی زۆربەی پەرلەمانتارانی لابرا و پەرلەمانتارەکانیش زیندانی کران و پاشان دەپیش وەکو هەپ داخرا.

پاش دەپ هادەپ لە 11 ی پێنجی 1994 دامەزرا. پاشان ئەم پارتەش هێرشی توندی کرایە سەر و زۆرێک لە بەرپرسەکانی کوژران. موراد بوزلاک سەرۆکی هادەپ لە ماڵەکەی خۆیدا هێری کرایەسەر. هێرشبەرەکان 9 فیشەکیان تەقاند کە پێنجی بەر جەستەی بۆزلاک کەوت بەڵام بە برینداری ڕزگاری بوو.

ژیانی سیاسی هادەپ بۆ ماوەی 9 ساڵ بەردەوام بوو. ئەم پارتە دووجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد، بەڵام بەهۆی ڕێژەی بەربەستی (10%) شکستی هێنا. بەڵام لە ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار هادەپ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی ناوچە کوردستانییەکانی بەدەستهێنا و لە ساڵی 2003دا هادەپ داخرا.

کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە ساڵی 1999 ڕادەستی تورکیا کرا، گۆڕانکاری لە سیاسەتی کوردیشدا دەستیپێکرد. ئەم گۆڕانکارییە زۆرتر لە دوای داخستنی هادەپ لە سیاسەتی یاسایی دەستی پێکرد.

پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (دەتەپە) لە ساڵی 2005 لەسەر داوای ئۆجەلان دەستبەجێ دامەزرا. ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالیەوە بەرگریکارەکانی، دۆگان ئەرباش و ئایسەل توگلوک بۆ بەرپرسیارێتی ئەم پارتە ڕاسپارد. کاتێک ئەم پارتە لە ساڵی 2009 داخرا، پارتی دیموکراسی و ئاشتی (بەدەپە) درێژەی بە سیاسەتی (دەتپە) دا.

دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە تورکیا هاتە سەر دەسەڵات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا لە ساڵی 2005 سیاسەتی بەرامبەر بە کورد سوکتر کرد. لەو کاتەدا ئەردۆغان بۆ یەکەمجار لە وتارەکەیدا لە ئامەد وتی "کێشەی کورد هەیە، ئەم کێشەیەش کێشەی منە، حکومەت هەڵەی کرد".

لە کۆتایی ساڵی 2011شدا ئەم سیاسەتە لە تورکیا زیاتر پێشخرا و ناوی لێنرا "پرۆسەی چارەسەر".

لەو کاتەدا عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و بەرپرسانی دەوڵەت لە دوورگەی ئیمرالی کۆدەبوونەوە. ئۆجالان ئیدی باسی لە "دیموکراسی مۆدێرن" دەکرد و چارەسەری لە دیموکراتیزەکردنی تورکیادا دەبینی.

لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی ئۆجەلان، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (حدکا) دامەزرا و لە 15ی مانگی دەی 2012 پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر بنەمای مۆدێرنیتی دیموکراتیک دامەزرا. لەم چوارچێوەیەدا هەدەپە لە پەیڕەوەکەدا بەم شێوەیە خۆی دەناسێنێت:

"ئەم پارتە پارتی هەموو ئەو کەسانەیە کە دەچەوسێنرێنەوە یان لەژێر داگیرکاریدان، و ئەوانەی لەبیرکراون و لەناودەبرێن. ئەمە پارتێکی هەموو گەلان و گروپە ئایینیەکانە، لە ژنان، کرێکاران، خەباتکاران، کۆڵبەران، گەنجان، بێکاران، کەسانی هاوڕەگەزخوازان و ترانسجێندەرەکان. ئێمە کۆبووینەوە بۆ پاراستنی ژیانی بەنرخی مرۆڤ."

لە بنەمای هەپ، دەپ، هادەپ و لایەنەکانی دیکەدا، پرسی کورد ڕۆڵی سەرەکی هەبوو. بەڵام هەدەپە خۆی وەک نەک وەک پارتێکی کوردی بەڵکو پارتێکی تورکی پێناسەکرد و ستراتیژی خۆی خستە سەر "تورک بوون".

ئەمەش بووە هۆی نائارامی لای بەشێک لە کوردەکان. هەر بۆیە ڕەخنەکان لە هەدەپە زیاتر بوون.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ڕەخنانە پارتی هەرێمی دیموکراتیک(دەبەپە) لە 11ی حەوتی 2014 لە ژێر چەتری هەدەپە دامەزرا. مەبەست لە دامەزراندنی ئەم حزبە بەڕێوەبردنی سیاسەت لە شارە کوردییەکان و هاتنە پێشەوە بە ڕۆحێکی کوردایەتی بوو.

بەڵام بەناوبانگی هەدەپە بە تەواوی نێوی دەبەپەی داپۆشی. لە هەڵبژاردنەکانی 7 شەشی 2015 بۆ یەکەمجار هەدەپە %13.1 دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەربەستی%10ی تێپەڕاند و 81 پەرلەمانتاری هێنایە پەرلەمانەوە.

کۆبوونەوەیەکی جەماوەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەدەپە لە ئەستەنبوڵ 21ی پێنجی ساڵی 2015
کۆبوونەوەیەکی جەماوەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەدەپە لە ئەستەنبوڵ 21ی پێنجی ساڵی 2015

ئەم سەرکەوتنەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی مانگی 11ی ساڵی 2015 بۆ %10.7دابەزی و ئەمجارە 59 پەرلەمانتار ڕەوانەی پەرلەمان کران.

هەرچەندە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بوو، بەڵام کورد ڕەخنەی لە ستراتیژی هەدەپە دەگرت. میر سەدرەدین قەرەهان، ئەندامی هەدەپە لە مێردین، کاتێک لە ساڵی 2015 دەتستیلەکار کێشایەوە سیاسەتی هەدەپەی وەک بیانو هێنایەوە و گوتی "هەدەپە لە سایەی کوردەوە گەیشتە ئەم ئاستە، بەڵام ئەمڕۆ وازی لە کورد هێناوە و لەگەڵ چەپی تورک کاردەکات. من ئەمە بە باشی بۆ کورد نابینم".

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش

لە هەڵبژاردنەکانی 24ی شەشی 2018 هەدەپە 11.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و 67 پەرلەمانتاری چوونە پەرلەمان. لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاری 2023شدا، بەهۆی مەترسی قەدەغەکردنی هەدەپە، بەناوی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری کرد و 8.8%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و 62 پەرلەمانتاری چوونە پەرلەمان.

لە دادگای دەستووری (AYM)، لە 7ی شەشی 2021 دۆسێی دەستگیرکردنی هەدەپە کرایەوە و بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای باڵا، چالاکییەکانی هەدەپەی وەک هاوکاریکردنی ڕێخراوی تیرۆریستیی نیشان دابوو.

بنەمای ئەگەری قەدەغەکردنی هەدەپە دۆسێی کۆبانێێە. ئەم دۆسیەیە لە 26ی چواری 2021 دەستیپێکرد و دوای ئەوە دۆسیەی قەدەغەکردنی هەدەپە کرایەوە. تا ئێستا 53 جار دۆسیەی کۆبانێ دانیشتنی بۆ کراوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنی 31ی سێی 2019 دا لە سێ پارێزگاردا بە تەواوەتی 65 شارەوانی لە بردەوە. بەڵام لە 19ی حەوتی 2019 لە هەرسێ شارە گەورەکەی ئامەد و وان و ماردین دامەزران جێگرەوەیان دامەزراند. لەو کاتەوە لە 48 شارەوانیدا ژێر دەستی هەدەپەدا کەسانێکی کە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان کراون هاتوونەتە جێگەی شارەوانەکانی هەدەپە.

بەگوێرەی داتاکانی هەدەپە، ئێستا زیاتر لە 10 هەزار ئەندام و سەرکردەی هەدەپە لە گرتووخانەکانی تورکیادان، لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە.

XS
SM
MD
LG