Accessibility links

ژمارەیەک زیندانیکراوی ئەمەریکایی لە ئێران لە بەندیخانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ دەستبەسەری لە ماڵەوە


چوار هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ئێران دەستگیرکرابوون، لە زیندانی ئەوین ئازاد کران و ئێستا لە ماڵەوە دەستبەسەرن.

یەکێک لە پارێزەرەکانی دەستگیرکراوەکان هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت هیوادارن ئەمە هەنگاوێک بێت بەرەو ئازادکردنی یەکجارەکییان و ڕێگەیان پێبدرێت لە ئێران دەربچن.

جێرد جەنسەر پارێزەری بنەماڵەی نەمازی ڕایگەیاند دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە سیامەک نەمازی تەمەن 51 ساڵ و عیماد شەرقی تەمەن 58 ساڵ کارداری ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی، ژینگەپارێز مۆراد تاهبازی تەمەن 67 ساڵ کە هاووڵاتی نامەی بەریتانیشی هەیە لەگەڵ هاووڵاتیەکی تری ئەمەریکایی کە ناوەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی جوداش بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی دیکەش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە زیندانەوە گوازرابووەوە بۆ دەستبەسەری ماڵەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نیویۆرک تایمز بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی" ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا بە ڕێکەوتنێک گەیشتووە بۆ ئازادکردنی 5 ئەمەریکایی لە لایەن ئێرانەوە لە بەرامبەر هەڵگرتنی بڕیاری سڕکردنی نزیکەی 6 ملیار دۆلار کە داهاتی نەوتی ئێران، ئەوەش بە مەرجێک ئەو بڕە پارەیە بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاربهێنرێت.

نیویۆرک تایمز هەروەها دەڵێت بەپێی سەرچاوەکانی لە بابەتەکەوە نزیکن، دەبێت ئەمەریکا چەند ئێرانییەک ئازادبکات کە لەسەر سەرپێچیکردن لە سزاکانی سەر ئێران سزادراون، بەڵام نیویۆرک تایمز دەشڵێت بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن ئامادە نەبووە ئەم زانیارییانە پشتڕاستبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG