Accessibility links

هەنگوینی کوردی لە پێشبڕکێیەکی هەنگوینی 40 وڵاتی ئاسیا یەکەم دەبێت


هەنگەوانێکی کود
هەنگەوانێکی کود

هەنگەوانێکی کورد لە کونفرانسێکی نێودەوڵەتیدا کە لە عەرەبستانی سعودیە ڕێکخرابوو لە نێو پێشبڕکێیەکی هەنگەوانانی زیاتر لە 40 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بەهۆی باشی جۆری بەرهەمەکەی.

فەرهەنگ حسێن هەنگەوانێکی دەڤەری خەلیفانە و لە 16هەمین کۆنفراسی نێودەوڵەتی هەنگەوانانی ئاسیا کە لە شاری ئەلباحەی سعودیە بەڕێوەچوو ،بەبەشداری (٤١)وڵات پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە بەرهەمی هەنگوینی شانە .

فەرهەنگ ‌‌حسێنی هەنگەوان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ''شانازی دەکەم بۆ بە دەست هێانی ئەم پلەیە بە ناوی کوردستان و دڵخۆشم کە بەرهەمی سروشتی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستە و لە جیهان ناسراوە."

ئەو گوتیشی، "ئەوەی کە هەنگوینی کوردستان جیا دەکاتەوە لە هەنگوینی وڵاتانی تر گرینگترین خاسیەتەکانی ئە وگوڵ و گوڵزارەیە کە تایبەتن بەهەنگوین و هەمەجۆریانە لەکوردستان، واتا هەنگ بۆشیلە پشت بەیەک گوڵ نابەستێت دەیان جۆری جیاجیای هەیە."

فەرهەنگی هەنگەوان دەڵێت کە پیشەکەی لە باوباپیرانەوە بۆ ماوەتەوە و بەردەوام هەوڵ دەدات تێیدا بەرەو پێش بچێت و ماوەی 15 ساڵە وەک هەنگەوانێک کار دەکات بۆ باشتر کردنی بەرهەمەکەی.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی تەنیا هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی داهات نەبێت و پشت ببەستن بە بەرهەمی خۆماڵی و لە ئیستادا چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناوچە جیاکان هەناردەی دەرەوە دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە لێدوانیکدا سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند، ''کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی کوردستانێکی بەهێز و پێموایە سەرکەوتنی کوردستان لە ئێستادا لە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ دایە.''

سەبارەت بە باشی بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان، عارف شێروانی سەرۆکی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای گوت، ''دڵخۆشین بە بەدەست هێنانی ئەم ئاستە بۆ هەنگوینی کوردستان لە ئاستی هەنگوینی وڵاتانی ئاسیادا و هەنگوینی کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە لە وڵاتانی کەنداو."

سەرۆکی هەنگەوانانی کوردستان ئاماژەیکرد بە گرنگی هەوڵەکان بۆ ناساندنی زیاتری بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی هەنگوین.

عارف شێروانی وتی سەرەڕای هەوڵەکان "بە داخەوە لە ئێستادا بە هۆی وشکە ساڵی و کەمی باران بەرهەمی هەنگوینی کوێستانەکانیش ڕێژەکەی کەم بۆتەوە''.

ویلان سدیق- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG