Accessibility links

پاش دەستگیرکردنی پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا لە تورکیا، سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا هۆشداری دژی چوونی ڕۆژنامەوانان بۆ تورکیا دەدات


سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا هۆشداریی دایە ڕۆژنامەنووسان کە نە بە هۆی کار و نە بە هۆکاری تایبەت سەردانی تورکیا نەکەن.

سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا (DJV) ئەم لێدوانەی پاش ئەوە بڵاو کردەوە کە دەرکەوت گۆکەی ئەکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیایی لە سەرەتای مانگی هەشتدا بەهۆی پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە تورکیا دەستگیرکراوە.

پڕۆفیسۆر. فرانک ئوبێرال، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا (DJV)
پڕۆفیسۆر. فرانک ئوبێرال، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانیا (DJV)

فرانک ئۆبێرال، سەرۆکی DJV دەڵێت " ڕووداوەکەی ئەم دواییە جارێکی دیکە نیشانی داوە کە خۆسەپێنی ئەردۆغان ڕەخنەگرانی خۆی وەک 'دوژمنی چەکداری دەوڵەت' دەبینێت و هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، گۆشەگیرییان دەکات".

ئوبێرال ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی زانیارییەکانیان، پەرلەمانتار ئەکبولوت دوای فشارێکی زۆر لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ئازادکراوە و ئاماژەشی بە مەترسی بۆ سەر ڕۆژنامەوانان کرد و گوتی " ئەگەر تەنانەت پارێزبەندی پەرلەمانیش کەسێک لە دەستبەسەرکردن لە تورکیا نەپارێزێت، مەترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان زۆر زۆرە."

ئەو هۆشداریشی بە ڕۆژنامەنووسان دا خۆیان لەچوون بۆتورکیا بپارێزن و گوتی "ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک لە هەواڵ و سۆشیال میدیاکانیدا ڕەخنەی لە تورکیا، سەرۆک ئەردۆغان یان پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە گرتبێت، پێویستە لە تورکیا دوور بکەوێتەوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە سەرنجی خستە سەر بەیاننامەی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە گەشتەکەی تورکیا، دوای ئەو پرسیارەی سەبارەت بە ئاستی مەترسی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست بوو.

لەو بەیاننامەی ئەڵمانیادا باس لەوە کراوە کە لە تورکیا گرتن و تۆمەتبارکردن و دادگاییکردن و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات زیاتر بەدی دەکرێت، بەتایبەتی بەرامبەر ڕەخنەگران و خەڵکی عەلەوی و بەڕەچەڵەک کورد.

هەروەها ئەڵمانیا دەڵێت هەندێک جار تەنها لایکێک لە سۆشیال میدیا بەسە بۆ تۆمەتبارکردن و لەوانەیە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بخرێتە پاڵ ئەوە کەسانە.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا دەرکەوت کە پەرلەمانتار گۆکەی ئەکبولوت،لە 3ی مانگی هەشت کاتێک چووە تورکیا و بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەر کرا.

ئەکبولوت کە بەڕەچەڵەک کورد و عەلەوییە، ڕایگەیاند لە سەر چوار پۆستی ساڵی 2019ی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی "پروپاگەندەکردن بۆ ڕێکراوی تیرۆرستی" دەستگیرکراوە.

ئەکبولوت کە لە ساڵی 2017ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، لە سۆشیال میدیا زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت "نترسم".

ئەکبولوت دەڵێت "کێشە نییە ئێوە بە بڕیاری گرتن من ناترسێنن."

گۆکەی ئەکبولوت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کاتێک چووەتە تورکیا بۆ سەردانی کەسوکارەکەی ، لە فڕۆکەخانەی ئەنتالیا دەستبەسەر کراوە.

ڕایشتیگەیاند تەنانەت دوای ئازادکردنیشی هەڕەشەی کوشتنی زۆری لێ کراوە، هەر بۆیە سەردانەکەی کورتکردووەتەوە و بۆ هەمیشە تورکیای بەجێهێشتووە.

بە دەنگی ئەمەریکای ڕایشگەیاند " ئەم دەستبەسەرکردنە ناتوانێت من بێدەنگ بکات."

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی لە مانگی دە بڕیارە لەگەڵ شاندیکی پەرلەمانی سەردانی تورکیا بکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئانکەرە و کۆنسۆڵخانەی ئەنتاڵیاش لە دەمی دەستبەسەرکردنەکەدا لەگەڵیا لەپەیوەندیدا بوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت " حکومەتی فیدراڵی لە ئاستێکی بڵنددا کاری کردووە بۆ ئازادکردنی کبولوت."

وه زاره تی ئه ڵمانیا ده ڵێت: "حکومه تی فیدراڵی به ناوی ئه و له ئاستێکی به ڕز و شه ڕانگێزی و به شێوه یه کی جۆراو جۆر ده ستێوه ڕدانی کرد" بۆ ئازادکردنی ئه کبولوت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەتا ئێستا وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە.

ئوزلەم یاساغ- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG